چەند ڕێنماییەک سەبارەت بەو منداڵانەی خۆتەڕکردنی شەوانیان هەیە

هەواڵی / 21/9/2020 251 جار بینراوە

چەند ڕێنماییەک سەبارەت بەو منداڵانەی خۆتەڕکردنی شەوانیان هەیە

۱- بە هیچ شێوەیەک نابێت سەرزەنشتی منداڵەکەت بکەیت و سزای بدەیت! بەڵکو دەبێت واقیعەکە قبوڵ بکەیت و بزانیت کە ئەم حاڵەتەی ئەو خۆویستانە نییە.

۲- با بە دووربێت لە خواردنی کافایین(چوکلێت,قاوە,نەستەلە و چا) و شتی زۆر شیرین لە پاش کاتژمێر ٤ ی ئێوارەوە.

۳- با لە پاش ۷ی ئێوارەوە کەمتر لە ٦۰ میلیلیتر شلەمەنی بخواتەوە( دەکاتە دوو ڕەقەمی بوتڵی شیر).

٤- ئەگەر منداڵەکەت پرخە پرخی زۆرە لە کاتی نووستن ئەوا پێویستە نیشانی پزیشکی قوڕگ و لووت و گوێی بدەیت بۆ وەرگرتنی چارەسەری چونکە ڕەنگە ئەمە هۆکاری خۆتەڕکردنەکەبێت.

۵- زۆر گرنگە کەوا هانی منداڵەکەت بدەیت و گەر پێتکرا خەڵاتی بکەیت بۆ ئەو شەوانەی خۆی تەڕ ناکات! دەتوانیت خشتەیەکی یەک مانگی بۆ درووست بکەیت و هەموو بەیانییەک ئەو ڕۆژانەی بۆ نیشان بکەیت کە تەڕ نەبووە بەڵێنی پێ بدەیت گەر گەشتە ژمارەیەکی دیاری کراو لە شەوی بێ خۆتەڕکردن ئەوا خەڵاتێکی دەکەیت.

٦- دەتوانیت لە خەوی هەستێنیت پاش چەند کاتژمێرێک لە نووستنی بۆ میز کردن, بێگوومان هەرگیز نابێت لە بیری بکات کە پێش چوونە ناو جێگا میز بکات.

۷- ڕەنگە گەر لە ڕۆژدا بۆ ماوەیەکی زیاتر میزەکەی هەڵبگرێت و پاشان بڕوات بیکات ئەمەش بە سوود بێت بەڵام لە ڕووی زانستییەوە وەک خاڵەکانی سەرەتا نییە و بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

۸- ڕێگای گونجاندن و ڕاهێنان, ئەم ڕێگایە زیاتر لەو منداڵانەدا بەسوودە کە تەمەنیان گەورەترە; ئەم ڕێگایە پشت بە ئەلارمێک دەبەستێت کە لە جلی ژێرەوەی منداڵەکە دەبەسترێت و لەگەڵ هەر تەڕبوونێکی کەمدا لەرینەوەیەک درووست دەکات و وا دەکات منداڵەکە لە خەو هەڵ بستێت.


بێگوومان دەرمانیش هەیە بۆ ئەم حاڵەتە و بەڵام بۆ هەموو منداڵێک بەکار نایەت و مەرج و یاسا و ڕێسای خۆی هەیە بۆ بەکارهێنان.

د. زانیار هیوا فەریق
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان