فراکسیۆنی گۆڕان: لێشاوێک لە داگیرکردنی زەوی لە سلێمانی دەستیپێکردووە

هەواڵی / 19/9/2020 117 جار بینراوە

فراکسیۆنی گۆڕان: لێشاوێک لە داگیرکردنی زەوی لە سلێمانی دەستیپێکردووە


سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە سلێمانی لێشاوێک لە "زەوی‌ داگیرکردن، ئیفرازكردن، دابه‌شكردن و فرۆشتنى" ده‌ستیپێكردووه. بە گوتەی دابان محەممەد، زه‌وى ته‌رخانكراو بۆ سه‌وزایى گه‌ڕه‌كه‌كان و شوێنى قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانى دیكەش‌ ده‌ستیان بۆ براوە.

لەدوای سووتانی شاخی گۆیژە و بەدواشیدا سووتانی دار سنەوبەرەکانی رێگەی سلێمانی - تاسڵوجە، لەلایەن خەڵک و رێکخراوەکانی ژینگەپارێزییەوە گومان دروستبووە، کە ئەو ئاگرکەوتنەوانە سرووشتی نیین.

دابان محەممەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند "پرسى داگیركاریى زه‌وى له‌ سلێمانى، بۆ ئێمه‌ پرسێكى گه‌وره‌ و قورسە، به‌هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵییه‌، لێشاوێك له‌ داگیركردن، ئیفرازكردن، دابه‌شكردن و فرۆشتنى زه‌وى له‌ سلێمانى ده‌ستىپێكردووه‌، ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى، زه‌وى ته‌رخانكراو بۆ سه‌وزایى گه‌ڕه‌كه‌كان و شوێنى قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانى دیكه‌، ده‌ستى بۆ ببرێت". دەشڵێت "لەدواى خاڵه‌ سنوورییه‌كان، ئه‌م پرسه‌ بووه‌ته‌ كه‌یسێكى قورسى به‌هه‌داردان و گه‌نده‌ڵى و سه‌رچاوه‌ى دارایى و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى چه‌ندین به‌رپرسى ئه‌منى، سه‌ربازى، حیزبى و حكومی، كه‌ ناوى به‌رپرسه‌كان و بازرگان و ته‌نانه‌ت ده‌ڵاڵه‌كانیش لاى ئێمه‌ ئاشكران"‌.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت بەشێک لە سنەوبەرەکانی رێگەی تاسڵوجە - سلێمانی دەسووتێن، عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕانیش دەڵێت، بە مەبەست و بۆ پرۆژەی بازرگانی دەسووتێندرێن. ئەوەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لە سۆشیاڵمیدیا لێکەوتووەتەوە. 

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "لەسەر رێگەی تاسڵوجە 120 دۆنم دارستانی سنەوبەر سووتێنراوە، هەروەها لە خەلیفاواش 100 پارچە زەوی کراوە بە ناوی یەک ئافرەتەوە". گوتیشی "گوشار له‌ خاوه‌ن زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان ده‌كرێت یان رازی بن به‌ پارچه‌ پارچه‌كردن و دابه‌شكردنى زه‌وییه‌كانیان، یان داگیرده‌كرێت". 

شەوی رابردووش حاکم قادر حەمە جان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندبوو، گۆیژە و سنەوبەرەکانی سلێمانی دەسووتێنرێت و کەس قسە ناکات، دەشڵێت "وابڕوات پارکی ئازادی و مەلیک مەحموود دەسووتێنرێت و کاربەدەستەکانیش ناتوانن نقەیەک بکەن". 

چەند رۆژێک لەمەوبەر شاخی گۆیژە سووتێنرا کە درەختەکان تەمەنیان زیاتر لە 60 ساڵە، "من لای خۆمەوە چاوەڕوان بووم لیژنەیەکی پسپۆڕ و بوێر لێی بکۆڵێتەوە و تاوانبارانی بە سزا بگەیێنرێت بەپێی یاسا، کەچی وەک رووداوێکی سادە و ساکار و بێ کاریگەری تێپەڕی".

ئاگری چیای گۆیژە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بووە هۆی سووتانی 20 هەزار داری چیاکە، لەو ژمارەیە نۆ هەزار داریان بە یەکجاری سووتاون و جارێکی دیکە ناژێنەوە. ئاگرەکە چوار بۆ پێنج کاژێر بەردەوام بوو، 11 بنکەی بەرگریی شارستانی لە سلێمانی و دەرەوەی سلێمانییەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون، بەڵام بەهۆی خێرایی باوە کە ئەو شەوە 50 کیلۆمەتر بوو لە کاژێرێکدا، نەتوانرا بە زوویی کۆنترۆڵ بکرێت.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی سووتانی سنەوبەرەکان لە وتارێکیدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بەوە کردووە، "ده‌بینین كه‌ سلێمانی فرۆشان كه‌وتوونه‌ته‌ په‌له‌قاژه‌ و بە رۆژی رووناک و به‌ به‌رچاوی خه‌ڵكی شاره‌وه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ سووتاندنی ئەو دار سنەوبەرانەی كه‌ له ‌به‌شی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی (بای بای سنەوبه‌ره‌كانی شار) نه‌جاتیان بوو بوو!". دەشڵێت، دوای بینینی سنەوبەرە سووتاوەکان، هانای بۆ داواکاری گشتی بردووە. 

پارتی سەوزی کوردستان بەهۆی سووتانی شاخی گۆیژە لە سلێمانی، سکاڵای یاسایی لە داواکاری گشیی سلێمانی تۆمارکرد. سکرتێری پارتەکە پێیوایە سووتانی شاخی گۆیژە دەستی لە پشتە و بەمەبەست ئەو کارە کراوە، کە وەک خۆی دەڵێت "ئامانج لێی کەمبوونەوەی رێژەی سەوزاییە لە سلێمانی".

لەبارەی ئاگرەکە و سووتانی سنەوبەرەکان، نەقیب رێکان جەمال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی دوو مانگی رابردوو چوار کەیسی ئاگرکەوتنەوە لە سنەوبەرەکانی سەر رێگەی تاسڵوجە - سلێمانی هەبوون کە سێ دانەیان لە رۆژدا بوون و لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی "بەزوویی" کۆنترۆڵکراون. 

بە گوتەی رێکان جەمال، دوایین رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو ناوچەیە لە 2-8-2020 بووە. لەبارەی ئەو دەنگۆیەی کە دەڵێت، دوای کاژێر 12:00ـی شەو گڕ لە دارەکان بەردەدرێت، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، "سێ ئاگریان بە رۆژ بوون و ئەو ئاگرەی کە لە شەویشدا بووە لە نزیکی کاژێر 08:00 بووە". 

بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە دار سنەوبەرەکانی تاسڵوجە، دەرمانیان دەکرێتە ژێر بۆ ئەوەی وشک ببن. بڕیارە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی و بەرگریی شارستانی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە بکەن.