#ڤایرۆسی کۆرۆنا

سه‌رۆكی په‌رله‌مان: سكاڵای زۆرمان بۆ هاتووه‌ له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی‌ خۆپیشانده‌ران

هەواڵی / 15/9/2020 84 جار بینراوە

“ئه‌وه‌ مایه‌ی نیگه‌رانیمانه‌”
سه‌رۆكی په‌رله‌مان: سكاڵای زۆرمان بۆ هاتووه‌ له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی‌ خۆپیشانده‌ران

شه‌ن پرێس:
سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق باس له‌ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ خۆپشاندانه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ ده‌ستگیركراون، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ده‌ڵێت، "مایه‌ی نیگه‌رانیمانه‌، سكاڵای زۆرمان بۆ هاتووه‌ له‌سه‌ر گرتنی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی كه ‌هه‌وڵی خۆپیشاندانیان داوه".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، ڕِێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ماتیۆ توله‌ر باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق و ڕۆب واله‌ر كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێرو شاندی یاوه‌ریان كرد.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌و سه‌باره‌ت به‌خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاندووه‌، "ئێمه‌ سكاڵایه‌كی زۆرمان بۆ هاتووه‌ له‌سه‌ر گرتنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌هه‌وڵی خۆپیشاندانیان داوه‌، ئه‌وه‌ مایه‌ی نیگه‌رانیمانه‌، بۆیه‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانمان ڕاسپاردووه‌ بۆ به‌دواداچوون له‌دۆخی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه‌زیندانیكراون و چاوه‌ڕوانی ڕاپۆرتی ئه‌وان ده‌كه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، د.ڕێواز فایه‌ق وتویه‌تی‌، "ئێمه‌ پێمانوایه‌ هیچ بژارده‌یه‌ك له‌ڕیككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕالی باشتر نییه‌، عێراق قووڵایی ستراتیژیی هه‌رێمی كوردستانه‌و، په‌رله‌مانی كوردستان پشتیوانی له‌گفتوگۆو ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌كات".

سه‌باره‌ت به‌پرسی چاكسازیش ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كردووه‌، "پێویسته‌ چاكسازیی له‌خه‌رجییه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی داهات وه‌كو یه‌ك بێت، په‌رله‌مانی كوردستان ڕاپۆرتی باشی سه‌باره‌ت به‌ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بۆ نایه‌ت، بۆیه‌ لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان به‌دواداچوون بۆ دۆخی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان ده‌كات و ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ڕاپۆرتی ئه‌وانین، پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت به‌كردار ناوه‌ڕۆك و بڕگه‌كانی یاسای چاكسازی جێبه‌جێ بكات".

زۆرترین بینراو