#ڤایرۆسی کۆرۆنا

وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق: بودجەی 2020 مووچەی هەموو مووچەخۆران دابین دەکات

هەواڵی / 14/9/2020 127 جار بینراوە

حكومه‌ت بودجەی ٢٠٢٠ـی پەسەندکرد
وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق: بودجەی 2020 مووچەی هەموو مووچەخۆران دابین دەکات

شه‌ن پرێس:

وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاند، بودجەی 2020ـی عێراق لەپێناو رێکخستنی دابەشکردنی مووچەدایە بۆ سێ مانگی داهاتوو و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابین دەکات.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کورتهێنان لە بودجەی 2020ـدا زۆر گەورەیە و پرۆژەکە لەپێناو رێکخستنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکیدایە".

هاوکات گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا،  بودجەی 2021 ئامادە دەکرێت و جیاواز دەبێت و دەڵێت، "زۆربەی ئەو کێشانە چارەسەر دەکات کە بە لای هاووڵاتییانەوە گرنگە".

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/09/14 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020ـی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد تاوەکو ئەوانیش پەسندی بکەن.

هەروەها پێشتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتی سەردانیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەڵەبجە لەبارەی کێشەی مووچەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پشت بە خوا کێشەی مووچە چارەسەردەبێت".

هاوکات فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دانوستاندن لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بەردەوامە، هەفتەی رابردووش شاندی هەرێم لە بەغدا بوو، چەندین كۆبوونەوەی باشیان کرد، لە چەند رۆژی داهاتووشدا جارێكی دیكە شاندەكە دەگەڕێتەوە بەغدا و گەڕێكی دیكەی دانوستاندن دەستپێدەكەنەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا بڕیار نەدراوە".

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئاماژەی بەوەش کرد "حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت دانوستاندن بەردەوام بێت و بگەنە رێككەوتن، ئەو رێككەوتنەش كە كراوە حكومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگی داهاتوو مانگانە بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت".

بە گوتەی سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان "لە ساڵی 2019 حكومەتی عێراق بودجەی نەبووە و پشتی بە کارگێڕیی دارایی بەستووە، ئێستاش ئامادەكاری دەكات بۆ پەسندكردنی بودجەی ساڵی 2020".

هەروەها بەنگین رێكانی، وەزیری پێشووی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق رایگەیاند، زۆرجار پەرلەمان دەستكاریی رەشنووسی بودجە دەكات كە لەلایەن حكومەتەوە دەنێردرێت، لە پەرلەمانی عێراقیش بەشێوەیەكی سیاسی مامەڵە لەگەڵ بودجە دەكرێت.

وەزیری پێشووی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پەرلەمان زۆرجار دەستكاریی رەشنووسی بودجە دەكات كە حكومەت دەینێرێت، بۆچوونی پەرلەمانتارانیش لەوبارەیەوە جیاوازە و بەشێوەیەكی سیاسی مامەڵە لەگەڵ بودجە دەكەن نەك تەنیا لەگەڵ بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لەگەڵ پرۆژە بودجەی عێراقیش".

زۆرترین بینراو