#ڤایرۆسی کۆرۆنا

"سۆشیال میدیا برەو بە لادانە سێکسییەکان دەدات"هۆشدارى لە پەرەسەندنى "زیناى محارم" دەدرێت

هەواڵی / 20/8/2020 817 جار بینراوە

"سۆشیال میدیا برەو بە لادانە سێکسییەکان دەدات"هۆشدارى لە پەرەسەندنى "زیناى محارم" دەدرێت

 

شه‌ن پرێس : خود
توێژەرێکى کۆمەڵایەتى: ئەوانەی لە پشت دەرگا کڵۆمدراوەکانەوە نهێنیی دەستدرێژیکردنە سەریان دەشارنەوە تووشى خەمۆکى دەبن

 
ئارەزوو نورى حەکیم / هەولێر
"بەمزوانە دەست دەکەین بە پۆستەکانمان"، "چیرۆکەکانتان بنێرن با هەموو سوودى لێ وەربگرین"، "کێ چیرۆکى سێکسى هەیە لەگەڵ خوشکى و پوورى بۆمان بنێرێت وەک خۆى بڵاوی دەکەینەوە"، "من کوڕێکم تەمەنم 30 ساڵە ناوم ئامانجە ئادمینی پەیجی (....) کێ دەبێتە هاوڕێم بۆتێرکردنی حەزی سێکسی"... ئەمانە بەشێکن لەو پۆستانەى لە ژمارەیەک پەیجى تایبەت لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک و ئینستاگرام بڵاوکراونەتەوە.
لەو پەیجانەدا وێنەى نیمچە رووتى وروژێنەرى ئەستێرەکانى پۆڕن، چیرۆک و گێڕانەوەى وروژێنەر و سێکسیانە بڵاوکراونەتەوە. کە زۆربەى چیرۆکەکان ئاماژە بۆ سێکس کردن لەگەڵ (خوشک، دایک، پوور، کچى دراوسێ، دەستەخوشکى خوشک، براژن) دەکەن و بە زمانێکى سادە و داماڵراو قسە لەسەر ئەو لادانە کۆمەڵایەتییە دەکەن، کە بە راى ژمارەیەک لە پارێزەر و شارەزایانى کۆمەڵناسى و چالاکانى بوارى مافەکانى ژن خەریکە دەبێتە دیاردە و حاڵەتەکان لە فۆرمى جیاوازدا لە ناوچە جیاجیاکان دووبارە دەبنەوە. ئەمە ئەو مەترسییە گەورەیەیە کە هەڕەشە لە کیانى خێزان لە کۆمەڵگەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە ناویشیاندا کۆمەڵگەى کوردی دەکات.
لە مانگى ئایارى رابردوودا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى میسر لە دژى هەندێک لەو درامایانە هاتنە دەنگ، کە لە مانگى رەمەزانى ئەمساڵ پەخشکران. دیارترین ئەو درامایانەى رووبەڕووى رەخنە بوونەوە، دراماى "البرنس" لە سیناریۆ و دەرهێنانى "محمد سامى" و دراماى "خیانة عهد" لە نووسینى "ئەحمەد عادل" و "ئەمین جەمال" و و دەرهێنانى "سامح عەبدولعەزیز" و دراماى "وش100" چیرۆک و سیناریۆى "ئەحمەد وائل و عمرو ئەلدالى" و دەرهێننانى "کاملە ئەبو زکرى" بوو. لەو بارەیەوە پەرلەمانتارى میسرى "نبیل بولس" رۆژى 20ى ئایارى رابردوو بە رۆژنامەى "الاخبار"ـى لوبنانى راگەیاند، "ئەو درامایانە هانی توندوتیژى خێزانى و زیناى محارم" دەدەن.
هەندێک پێیان وایە لێکەوتە زیانبارەکانى ئەو جۆرە درامایانە، بوونەتە هۆکارى بڵاوبوونەوەى ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەى عێراقیدا بە گشتى. هەروەها بەردەستبوونى سایتە پۆڕنەکان و نەبوونى سانسۆر لەسەریان هۆکارێکى دیکەى ئەو کێشەیەیە.لەو بارەیەوە، "ئەسعەد عەبدوڵڵا عەبدولعەلى" نووسەرى عێراقى لە وتارێکدا پێى وایە "پڕۆژەیەکى گەورە بۆ برەودان بە زیناى محارم" لە عێراقدا کارى لەسەر دەکرێت. ئەو جگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دراما تورکییەکانیش کە دۆبلاژ کراوون بۆ کوردى و عەرەبى و لە کەناڵە ئاسمانى و ناوخۆییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان پەخش دەکرێن، بە تایبەتى دراماى "خۆشەویستى قەدەغە"ى تورکى، کە تێیدا گەنجێک پەیوەندى سێکسى لەگەڵ مامۆژنى درووست دەکات، بە هۆکارى سەرەکى بڵاوبوونەوەى ئەو دیاردەیە دەزانێت.
لە سایتە پۆڕنە بیانى و عەرەبییەکان، رۆژانە گرتەى سێکسى و وروژێنەرى ئەو بەکارهێنەرانە ئەپلۆد دەکرێت، کە لە رێى مۆبایلەوە دزەیان پێدەکرێت، یاخود بەکارهێنەرەکان خۆیان ئەپڵۆدى ئەو سایتانەى دەکەن لە پێناو بڕێک پارەدا، یان بۆ شکاندنى کەسایەتى ئافرەتەکان. هەمان ئەو گرتانە جارێکى دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، لانیکەم بەکارهێنەران یەکتر لە بوونیان ئاگادار دەکەنەوە. هاوکات رۆژانە چەندین چیرۆکى سێکسى لە بارەى "زیناى محارم" بە زمانە جیاجیاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان برەویان پێدەدرێت.
رێکەوت رەشید محەمەد، پارێزەرى یەکێک لەو دۆسیانەى تایبەت بوو بە "زیناى محارم" و قوربانییەکان دۆسییەکەیان لە دادگا بردەوە، لە لێدوانێکدا گوتى: "وەک پارێزەر رۆژانە بەرخوردم لەگەڵ ئەو جۆرە دۆسیانە هەیە، کە تاوانەکەیان زیناى محارمە". ئەو گوتیشى: "بە دڵنیاییەوە ئەو تاوانە لە کۆمەڵگەى کوردیدا لە حاڵەت نەماوەتەوە و رووى لە هەڵکشان کردووە، ئەوەش مەترسییەکەى زیاتر کردووە".
ئاوێزان نورى، چالاکوانى بوارى مافەکانى ژن، لە 2018 پەردەى لەسەر تاوانێکى "زیناى محارم" لە کەرکووک هەڵماڵى. ئەو لە نزیک پەنجەرەیەکى ژوورە دەرگا کڵۆمدراوەکەیان گوێى لە سکاڵاى دوو کچى (16 ساڵ) و (26 ساڵ) گرت، کە باوکیان بەوە تۆمەتبار کرد، بەوەى "ماددەى کهولى و حەپی مەستیی دەخوات و پەلاماریان دەدات و زینایان لەگەڵ دەکات".
رێک وەک ئەوەى لە چیرۆکە سێکسییەکاندا برەوى پێدەدرێت، پاڵەوانى ئەو چیرۆکە هەڵبەستراوانە، وا وێنا دەکرێن، کە چێژ لەو لادانە سێکسییەیان دەبینن و وێناى قوربانییەکان، کە مەحارمى خۆیانن بە "پەرى" دەکەن و لە دواى کۆمەڵێک وەسفى ئەندامانى جەستەى مەحارمەکانیان، باسى چێژى دووبارە دەکەن و گرێى چیرۆکەکە دەخەنە کۆتاییەوە و دەڵێن: "ئیتر چەند جارى تر بەیەکەوە خەوتین.. خۆشیمان بینى.. ئەو منى زۆر بە دڵ بوو.. منیش بەڵێنم دا نهێنییەکەى نەدرکێنم"، رێک وەک گفتوگۆى ئەو دایکەى لە فیلمێکى فەرەنسیدا، زینا لەگەڵ کوڕێکى خۆى دەکات و پێى دەڵێت: "ئیتر من تۆم لە هەمووان زیاتر خۆش دەوێت و نازی زیاترت پێ دەدەم و هەستى تایبەتترم بۆت هەیە و تۆ جیاوازى لە خوشک و براکانت".
ئاوێزان نوورى چالاکوانىى ژن، بەرپرسی سەنتەری پەناو سەرپەرشتى کەیسەکانى سەنتەرى "پەنا" لە شارى کەرکووک دەکات، زیاتر لەو بارەیەوە دوا و ئەو بڕواى وایە، هۆکارەکانى بوونى ئەو کێشانە بۆ کێشەى ئابوورى وەک نەبوونى ژوورى جیا بۆ گەنجانى تازەپێگەیشتوو، لاوازى رۆشنبیرى سێکسى، چەپاندنى سێکسى و خراپ بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە.
لە بارەى دۆسییەى دوو خووشکەکەى کەرکووکەوە ئەو زانیارى زیاترى خستەڕوو و گوتى: ئەو کچانە دایکیان بە تۆمەتێک لە هەولێر دەستگیرکرابوو، لە چاکسازى گەوران ماوەى حوکمەکەى تەواو دەکرد، باوکیان ئەوەى بە دەرفەت زانیبوو، سەرەتا لەگەڵ کچە (16 ساڵ)ییەکەى زیناى کردبوو، کچەکە هەرچەند بە پوورێکى و خوشکە گەورەکەى وتبوو، بەڵام بڕوایان پێ نەکردبوو. باوکەکە بەوەوە نەوەستابوو، دەستدرێژى سێکسى کردبووە سەر کچە گەورەکەى خۆى، تا رادەى بێهۆشبوون ئەشکەنجەى دابوو. کاتێک پەیوەندیان پێوە کردم، چوومە ماڵیان و بینیم دەرگایان لەسەر کڵۆم دراوە و لە پەنجەرەى ژوورەکەیانەوە قسەیان بۆ کردم.
ئاوێزان نوورى، لایەنە ئەمنییەکان لەو رووداوە ئاگادار دەکاتەوە و دواى دەستبەسەرکردنى، باوکەکە هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و بە توندى دژیان دەوەستێتەوە.
رێکەوت رەشید وەک پارێزەری ئەو دۆسیەیە گوتى: ئەم دوو کەیسە یەکێکن لەو سەدان حاڵەتانەی زینای مەحارم کە خەریکە لەحاڵەتەوە دەبێتە دیاردەو زۆربەیان بەهۆی حەیاو ئابڕوو پەردەپۆش دەکرێن و رێژەیەکی کەم روو لەدادگاکان دەکرێت بۆ چارەسەرکردنیان".
ئەو گوتیشى: "سەرەتا باوکەکە نکوڵى دەکرد، بەڵام قوربانییەکان دیمەنى دەستدرێژییەکانیان بە مۆبایل تۆمار کردبوو، وەک بەڵگەیەکی بەهێز خستیانە بەردەست دادگا و دادوەر بڕیاریدا بەڵگەکان پیشانى تۆمەتبار بدرێن بۆ ئەوەى چیدیکە نکوڵى لە تاوانەکەى نەکات".
ئەو پارێزەرە خۆشحاڵ بوو بەوەى قوربانییەکان بێ باک بوون لە بە تاوانبارناسینى باوکیان و نەیاندەویست چیدیکە لە ئاست ئەو تاوانەدا بێدەنگ بن. سەرەنجام دادگا بە گوێرەى بڕگەى چوارەم لە ماددەى (393) لە یاساى سزادانى عێراق بڕیارى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرد و لە تەمیزیش بڕیارەکە پەسەند کرا. ئەو پرسیارى ئەوەشى وروژاند دەبێت چەند قوربانى دیکەى هاوشێوە لە کۆمەڵگە هەبن و لە ترسى زڕانى ناوبانگ و ئابڕووچوون ناچار بن بێ دەنگى لە ئاست ئەو تاوانانە بکەن کە دەرهەقیان دەکرێت.
ئازاد جەلال، توێژەرى کۆمەڵایەتى و سەرنووسەرى گۆڤارى "خود" کە گۆڤارێکى تایبەت بە رۆشنبیرى سێکسییە، پێى وایە ئەو کەسانەى بە منداڵى دەستدرێژى سێکسیان کراوەتە سەر، کاتێک گەورە دەبن، گرێیەکى دەروونیان بۆ درووست دەبێت و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە خۆیان لەو گرێیە رزگار بکەن. ئەو ئافرەتانەش کە لە لایەن مەحرەمەکانیانەوە دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و دایدەپۆشن، تووشى خەمۆکى دەبن. ئەو پێیشى وایە، ئەو جۆرە تاوانانە پەیوەندیان بە ئاستى هۆشیارى خێزانىى کوردەوە هەیە. ژینگەى خێزانى کوردى لە رابردوودا لەبار نەبووە بۆ بەرهەمهێنانى نەوەیەکى تەندروست لە رووى پەروەردەى سێکسییەوە.
ئەوەى جاران لە ژێر پەردەى ئابڕوو و شەرم دەشاردرایەوە، رەنگە ئێستا رێگەیەکى هەبێت بۆ دەرخستن و بڵاوبوونەوە، ئەوەى بەکارهێنانى تۆڕەکانى پەیوەندى و سۆشیال میدیایە، کە بەکارهێنەر دەتوانێت بە ناوى خوازراو ئەو چیرۆکانەى ناخى و ئەو خەیاڵە سێکسیانەى هەیەتى بیانخاتەڕوو و لەوەوە زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەى زۆرترین کەس لاسایی بکەنەوە و لانیکەم ئەو لادانە سێکسییە بە رووداوێکى ئاسایى و سەرچاوەیەک بۆ خۆخاڵیکردنەوە ببینن و دواى ئەنجامدانیشى هەست بە تاوان نەکەن. وەک ئەوەى ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە ئاماژەى پێکرد.

زۆرترین بینراو