#ڤایرۆسی کۆرۆنا

ئۆکسجین

هەواڵی / 2/8/2020 268 جار بینراوە

ئۆکسجین

د.ئازاد مەنتک/پسپۆڕی ھەناو و دڵ  

بە ھۆی خراپی ڕاگەیاندنی کوردی و نەزانین و گەمژەیی حزبە کوردییەکان؛ کە: وەک ھەوێ بەرامبەری یەکتری وەستاون، ھەروەھا کەم شارەزایی لە بەڕێوەبردنی ووڵات و ھاتنی دەرد و نەخۆشی کۆرۆنا لە ھەنووکەدا زۆر لە خەڵکی ترسییان لێ غارب بووە! ڕۆژ نییە پرسیاری ئەوەم لێ نەکرێت، بەوەی: ئەرێ کاک دکتۆر، بوتڵێک ئۆکسجین وەک دڵنیایی لۆ خۆم لۆ ماڵێ بکڕم باشتر نییە!؟ بێگومان وەرامی بەندە، ئەوەیە: نەخێر! نەکەیت نابێت ئۆکسجین بەبێ ڕاوێژی پزیشک بدرێت بە ھیچ کەس. ئۆکسجین حسێبی دەرمانی لۆ دەکرێت، وە ھەموو کاتیش دەرمان ژەھرە و نابێت وا ئاسان بدرێت.
  ئۆکسجین، ماددەیەکی کیمیاییە و نابێت ھیچ کەسێک بەبێ ڕاوێژی پزیشک بەکاری بھێنێت! ئۆکسجین ئەگەر لە ژێر چاودێری پزیشک نەدرێت؛ ئەوا: لۆی ھەیە کەسەکە پێیەوە ژەھراوی ببێت و نیشانەی وەکو سەرئێشان و دڵە کووتە و پێش چاو تاریبوون و ماسولکە ئێشان و  گەشکە و ھەناسە بڕکێ و دەوبەشکە و کۆخە و بەین تەنگی و دەگەل کۆخەی ھەوک ئێشان دروست دەکات. ئەگەر ژەھراوی بوون بە ئۆکسجین زوو نەدۆزراوە؛ ئەوا: لۆی ھەیە پشێوی بخاتە ھەناسەدان و مردنی لێ فامێتەوە.
  ھەموو دەم ئێمەی پزیشکان کاتێک ھەناسەدانی کەسێک تەواو نابێت و لۆ ماوەیەک پێویستی بەوە ھەیە؛ کە: ئۆکسجینی بدرێتێ، ئەوا: بەگوێرەی (PaO2) واتا؛ بڕی فشاری ئۆکسجین دەناو موولوولە خوێنەکاندا ئۆکسجین دەدەین. بەو مانایەی ئەم ڕێژەیە بڕی ئەو ئۆکسجینە دیاری دەکات؛ کە: ھەتا چەند لە سییەکانەوە لۆ ناو خوێن دەچێت.

* گروپە مەترسیدارەکان:
ا. پیر و پەککەوتە و بەناو ساڵ داکەوتووەکان..
ب. نەخۆشییە درێژخایەنەکانی؛ وەک: ڕەشبوونی سییەکان (ئیلتھابی قەسەباتی موزمین)؛ ڕەبۆ، پەککەوتنی دڵ.
ج. پەککەوتنی ھەناسەدان. .

* پێدانی ئۆکسجین: ئۆکسجین لە کرداری ھەناسەدان وەردەگیرێت و دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەدرێتەوە! ئەوجا ئەو ئۆکسجینە (ھەوا) لە سەر خڕ خانەکانی لەش دابەش دەکرێت ھەتا زیندەکارلێکەکان ڕوو بدات.
  کاتێک کەسێک ھەناسەدانی پەکی دەکەوێت و تووشی پەککەوتنی ھەناسەدان دەبێت، ئەوا: نابێت یەکسەر بەبێ حسێب و کتێب ئۆکسجینی لۆ بکەییەوە بەڵکو دەبێت چاوێکت لە سەر ئەو ھاوسەنگی نێوان ئۆکسجین و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن ھەبێت بەوەی کە فشاری ئۆکسجین دەناو موولوولە خوێنەکاندا لە (٥٢ ملم جیوە) زیاتر بێت.

* پووختە: ئۆکسجین وەک دەرمان حسێب دەکرێت، وە لە خۆی زیاتر بێت ژەھراوی بوون دروست دەکات؛ لۆیە: نابێت بێ پرسی پزیشک یان لەخۆوە بەکار بێت.

زۆرترین بینراو