#ڤایرۆسی کۆرۆنا

چارەسەری تا

هەواڵی / 2/8/2020 434 جار بینراوە

چارەسەری تا

د.ئازاد مەنتک
لە ھەر وەختێک ئەگەر پەتا و دەرد ھەبێت؛ وە یان لە کاتی ئاساییدا کاتێک کەسێک نیشانەیەکی دەبێت؛ ئەوا: گرنگترین ھەنگاو ئەوەیە کە ھۆکاری ئەم نیشانەیە بزانرێت و ئەگەر نەخۆشی بێت، ئەوا: تەشخیس بکرێت. لۆ زانینی ھەمووان ھیچ دەرمانێک نییە؛ کە: بێ زەرەر و زیان بێت و دەبێت ھەموو دەرمانێک بە ژەھر حسێب بکرێت و ھەتا پێویست نەبێت پەنای لۆ نەبردرێت.
  لە ئێستادا؛ کە: پەتا و دەردی کۆرۆنا ھەیە و لە پێشتریش ئەگەر کەسێک تای ھات بێ؛ وە ئەگەر نیشانەی تایەکە زۆری لۆ بھێنا بووایە، ئەوا: دەبوا پێش ھەموو چارەسەرییەک پزیشک لە خۆی بپرسیبا: ئەرێ لۆ ئەم نەخۆشە تای ھەیە؟ ئەگەر تای ھەیە بە ھۆی چ نەخۆشییەکە؟ وە دوای تەشخیسی نەخۆشییەکە و پێدانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکە پزیشک دەگەلییدا دەرمانی (تا دابەزاندن)؛ وەکو: (پاراسیتۆڵ)ی لۆ دەنووسی ھەتا لەو ماوەیەی دەرمانی نەخۆشییەکە نەخۆشەکە چەپارە دەکات؛ ئەوا: تایەکەی نەمێنێت چونکە تا مرۆڤ ھیلاک و ماندوو دەکات.
   لە ھەموو حالەتەکاندا؛ ئەگەر تات زۆر بوو! وە نەتوانرا پزیشک ببینی!؟ ئەوا: دەکرێت نەخۆش بەس لۆ لابردنی تایەکەی دەرمانی تا دابەزاندنی وەکو (پاڕاسیتۆڵ) لۆ ماوەی دوو تا سێ ڕۆژ بخوات... چونکە ھەر تایەک لە سێ ڕۆژی زیاتر خایاند؛ ئەوا: دەبێت ھۆپێک بکرێت و ھۆکارەکەی بدۆزرێتەوە ئەوجا چارەسەر و دەرمانی تا دابەزاندن بەکار بێت. لە ھەنووکەدا؛ کە: دەردی کۆرۆنا دەناو کۆمەڵگا بڵاوەی لێکردووە ھەر کاتێک کەسێک بەس تای ھەبێت؛ ئەوا: دەبێت گومانی کۆرۆنای لێ بکرێت. ئەگەر تای ھەبوو؛ ئەوا: ھەوڵ بدرێت بە ڕێگای سروشتی (ئاو خواردنەوە؛ کەمادات، دەست نوێژ شووشتن؛ جلی فێنک دەبەر کردن...ھتد) تا داببەزێنرێت! وە ئەگەر بەوانە مفای نەبوو ئەوجا پەنا لۆ دەرمانی تا دابەزاندن (وەک؛ پاراسیتۆڵ) ببردرێت ئەوجا ئەگەر لۆ سێ ڕۆژان ئەم دەرمانەت وەرگرت و ھێشتا تات ھەر ما و لێرە دەبێت ھەڵوەستەک بکرێت و سەبەبی تایەکە تەشخیس بکرێت و نابێت چیدیتر لەخۆوە ئەم دەرمانە بەکار بێت.

* دەرمانی پاڕاسیتۆڵ: دەرمانی ئازار شکێن و تا دابەزێنەری پاڕاسیتۆڵ لە خڕ دەرمانەکان بێ زەرەرترە! بەڵام دەگەل ئەوەش نابێت ئەگەر تات ھەبوو لە سێ ڕۆژ زێدەتر لە خۆڕا زیاتر بەکار بێت. ئەم دەرمانە دەکرێت لە ڕۆژێکدا ھەتا شەش سەعات جارێک بەکار بێت و ئەگەر پێویست بوو ئاساییە بکرێتە چار سەعات جارێک!!  ھەتا دەتوانرێت ژنی دووگیان و شیردەریش ئەگەر تای ھەبوو بەکاری بھێنێت. بەس لە ھەموو کاتەکاندا نابێت لە (٢٤) سەعاتدا زێدەتر لە (٤ گم) بەکار بێت..
  گۆتمان؛ کە: ئەم دەرمانە لە خڕ دەرمانەکانیتر زەرەری کەمترە بەڵام قەت نابێت بەبێ ڕاوێژی پزیشک لە سێ ڕۆژ زیاتر بەکار بێت.. لۆیە؛ ئەگەر لە ئێستادا تات ھەیە و تایەکەت سیرایەتی کێشا، وە سێ ڕۆژی تێپەڕاند؛ ئەوا: سەردانی پزیشک بکە لۆ ئەوەی تەشخیسی نەخۆشییەکەت بکات..ئەم دەرمانە ھەموو عالەم گەورە و گچکە دەتوانێت بەکاری بھێنێت بەڵام ھەندێک کەس دەبێت مقەیەت بن لە بەکارھێنانی، ئەوانیش:

١. پێشتر حەساسییەت بە پاراسیتۆڵ یان ھەر دەرمانێکیتر ھەبوو؛ ئەوا: نابێت لە خۆوە بەکاری بھێنیت. وە ئەگەر بەکارت ھێنا و دوای بەکارھێنانی لیرت لێھات و لچ و لێوت ھەردەفا و دڵەکووتەت ھاتێ و ھەوکت دەکڕاوە؛ وە سینگت تووند دەبوو و تەنگەنەفەس دەبووی، ئەوا: یەکسەر پەیوەندی بە پزیشکی خۆتەوە بکە چونکە لۆی ھەیە حەساسییەت پێی ھەبێت ھەرچەندە ئەمە زۆر دەگمەنە بەڵام لە گوینیشە!

٢. پێشتر نەخۆشی گورچیلە یان جەرگت ھەبوو بێت.

٣. مەشروب خۆرەکی باش بووی و لە حەفتەی بەلایەنی کەم  (١٤  یونت) یان ڕۆژێ سێ پێک بەکار دەھێنا.

٤.  ئەگەر نەخۆشی خووداریت بەکار دەھێنا و ویستت دەرمانی پاڕاسیتۆڵ بەکار بھێنیت.

٥. نەخۆشی سیلت ھەبوو؛ وە دەرمانی چارەسەری سیلت بەکار دەھێنا.

٦. دەرمان لۆ خین شلکردنەوە، واتا: دەرمانی (وارفارین)ت بەکار دەھێنا.

٧. پیر و بەتەمەن.

* کاردانەوە لاوەکییەکان: دەرمانی پاراسیتۆل لە چاو ھەموو دەرمانەکانیتر  زار بێ زەرەرە بەڵام ئەوە مانی ئەوە نییە ھەر ھیچ زەرەری نییە. لە کاردانەوە لاوەکییەکانی، وەک:
ا. دروست کردنی حەساسییە و ھەستەوەری بەدەرمانەکە.

ب. ئەگەر بە جورعەی زۆر بەکار بێت؛ ئەوا: ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەی وەک زەرتک (زەردوویی)؛ ھێڵنج و ڕشانەوە و گێژبوون دروست دەکات. خۆ ئەگەر بە جورعەی زۆر وەربگیرت لۆی ھەیە ببێتە ھۆی پەککەوتنی جەرگ و گورچیلە.... دوایێ، وڕێنە و گەشکە و بوورانەوە و مردن..

ج. خوێن: لۆ ماوەی زۆر بەکار ھێنانی لۆی ھەیە ببێتە ھۆی کەمخوێنی (hemolytic anaemia) یان کەمی خەپلەکانی خوێن (thrombocytopenia).

د. پێست: لیر و ئاڵووشی پێست.
* سەرچاوە: دەلیلی دەرمانی کەنەدی.

زۆرترین بینراو