#ڤایرۆسی کۆرۆنا #كێشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی نیوان یه‌كێتی و پارتی

سەرکردایەتییەکی یەکێتى داواى کشانەوەی حزبەکەی و هەڵوەشاندنەوەى حکومەت دەکات

هەواڵی / 31/7/2020 899 جار بینراوە

سەرکردایەتییەکی یەکێتى داواى کشانەوەی حزبەکەی و هەڵوەشاندنەوەى حکومەت دەکات

 

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى داواى هەڵوەشاندنەوەى حکومەت دەکات و دەڵێت، سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دادوەرى بوونەتە مایەى شەرمەزارى و ئابڕوچوون بۆ ئەم گەلە.   

ناس کورد-  
ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى داواى هەڵوەشاندنەوەى حکومەت دەکات و دەڵێت، سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دادوەرى بوونەتە مایەى شەرمەزارى و ئابڕوچوون بۆ ئەم گەلە.   

عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: " لە پێکھێنانی کابینەی نوێی (پارتی ، یەکێتی، گۆران) و ھەندێک لایەنی تر، بەداخەوە دوای ساڵێک و 10 مانگ لە دوای ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکومەتیش، داھێنانێک کە لە ھیچ شوێنێکی دونیا وێنەی نییە برینی نیوەی موچە و دواتر برینی لە ٢١% ی مووچەو قووتی خەڵک بوو."  

ئاماژەی بەوەشکردووە: " ھەر چوار سەرۆکایەتیەکەی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دادوەری، ئێوە بەشێکی زۆرتان بێ جیاوازی بونەتە مایەی شەرمەزاری و ئابروچون  بۆ ئەم گەل و نیشتیمانە، کە پێکھاتوون لە  کەسانی  ئاست نزمی قێزەونی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بە ناو پەرلەمانتارو بەرپرس و وەزیر کە جگە لە چەپڵە لێدەر و کەسانی خاڵی لە ھەموو جۆرە زانست عەقڵ و عیلم و مەعریفەیەک دەتانەوێت تاکەی ئاوا بەردەوام بن."  

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو: " لێرەوە داوا لە سەرۆکایەتی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکەم دەکەم کە چۆن لە کۆنگرەی چوار بەڵێنماندا کە یەکێتی و حکومەتەکەشمان بکەینەوە بە خزمەتکارو خزمەتگوزاری خەڵک و وەک ھەمیشە لە بەرەی گەل بین، ئەگەر پابەند نەبین بەو بەڵێن و بریارانەی کە لە کۆنگرەی چوار داومانە دڵنیابن بەر نەفرەتی خەڵک و خوا دەکەوین."  

عەتا سەراوی جەختیکردووەتەوە: " دەسەوەسانی و بێ چارەیی ھەرسێ سەرۆکایەتی ھەرێم لە دوا کۆبونەوەیان نیشانەی ئەوەن کە دەبێ ئێمە بریاری جدیمان ھەبێ بۆ گۆرانکاری، ئەم چوار سەرۆکایەتی ھەرێمە بە ھیچ جۆرێک ئەھلی ئەم ئەرکە قورسەی حوکمرانی و نیشتیمانیە نیین و دەبێ بریارێک بدەین کە وەک ھەمیشە (ی،ن،ک) لە بەرەی گەل بێت، ئەوان کەسانی شکستخواردوی حوکمرانین و من شەرم دەکەم ئەوانە فەرمانرەوام بن، وە جوانترین پیرۆزبایش بۆ ئەم جەژنە لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان  ھەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە.