#ڤایرۆسی کۆرۆنا #كێشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی نیوان یه‌كێتی و پارتی

م.سەڵاحەدین بەهائەدین: خەڵکى کوردستان سەبرو ئارامییان لێ هەڵگیراوە

هەواڵی / 30/7/2020 133 جار بینراوە

م.سەڵاحەدین بەهائەدین: خەڵکى کوردستان سەبرو ئارامییان لێ هەڵگیراوە

 
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەموو ئەنجامێكی خراپ و نەخوازراو لە فشاری خراپی بژێوییەوە چاوەڕوانكراوە و خەڵکى کوردستان سەبرو ئارامییان لێ هەڵگیراوە، بەهۆى قەیرانى سەختی بێ مووچەیی و بێ بازاڕی.

سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامێکى بە بۆنەى هاتنەوەى جەژنى قوربان بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەداخەوە جەژنەكەمان لەمساڵدا لە كاتێكدایە كە گەلەكەمان لە دۆخێكی ناهەمواری تەندروستی و بژێوی و كۆمەڵایەتی و سیاسیدایە، عێراق و ناوچەكە بەگشتی بە دەست پەتای كۆرۆناو دەرهاویشتەكانیەوە گیرۆدەیە.سەرباری ئەم حاڵەتە نەخوازراوە گشتی یە، ناكۆكیە ناوخۆیەكانی حیزبەكانی دەسەڵاتی هەرێم لە ئاستێكدایە كە هەرجارەو بەشێوەیەك تەنگژەو دڵەڕاوكێ دروست دەكەن و گرفتی لاوەكی بەرپا دەكەن و دامودەزگا حكومی و نیشتیمانیەكان دەخەنە بەر ڕەحمەتی میزاجی چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو، ئەوە لە كاتێكدایە كە خەڵكی كوردستان لە قەیرانێكی سەختی بێ مووچەیی و بێ بازاڕی و نائومێدیدایەو سەبرو ئارامی لێ هەڵگیراوەو دەیانەوێت ئەم كێشەی بێ مووچەیی و بژێوییە خەمی سەرەكی حكومەت و هێزەكانی دەسەڵات بێت.

دەقی پەیامەكە:
بسم اللە الرحمن الرحیم (ذلك ومن يعظم شعائر الله فإنها من تقوى القلوب)
هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز لەگەلی كوردستان و  عێراق و سەرجەم ئومەتی ئیسلام و مرۆڤایەتی پیرۆز دەكەین.
 بەداخەوە جەژنەكەمان لەمساڵدا لە كاتێكدایە كە گەلەكەمان لە دۆخێكی ناهەمواری تەندروستی و بژێوی و كۆمەڵایەتی و سیاسیدایە، عێراق و ناوچەكە بەگشتی بە دەست پەتای كۆرۆناو دەرهاویشتەكانیەوە گیرۆدەیە..
سەرباری ئەم حاڵەتە نەخوازراوە گشتی یە، ناكۆكیە ناوخۆیەكانی حیزبەكانی دەسەڵاتی هەرێم لە ئاستێكدایە كە هەرجارەو بەشێوەیەك تەنگژەو دڵەڕاوكێ دروست دەكەن و گرفتی لاوەكی بەرپا دەكەن و دامودەزگا حكومی و نیشتیمانیەكان دەخەنە بەر ڕەحمەتی میزاجی چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو، ئەوە لە كاتێكدایە كە خەڵكی كوردستان لە قەیرانێكی سەختی بێ مووچەیی و بێ بازاڕی و نائومێدیدایەو سەبرو ئارامی لێ هەڵگیراوەو دەیانەوێت ئەم كێشەی بێ مووچەیی و بژێوییە خەمی سەرەكی حكومەت و هێزەكانی دەسەڵات بێت..
ئێمە لەم بۆنە ڕۆحی و پیرۆزەدا دەخوازین حیزبەكانی دەسەڵات بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قەیرانە بكەن و هەڵمەتێكی گشتی خەمخۆرانە بە دوور لە میزاجی تاكە كەسی و بەرژەوەندی حیزبی بە هاوكاری هەموولایەك چارەسەری خێراو پلانی درێژخایەن بگرنەبەر..
گەلی ئێمەو هاوڵاتیانی ئازیزی ئەم هەرێمە شایەنی ئەم مەینەتی و برسیكردنە نیەو ئەم بێ منەتی و فەرامۆشكردنە لەلایەن بەرپرسانەوە نەشیاوەو تاسەر سەرناگرێت.. مێژوو پێمان دەڵێت هەموو ئەنجامێكی خراپ و نەخوازراو  لە فشاری خراپی بژێوییەوە چاوەڕوانكراوە.
بەهیوای جەژنێكی پیرۆز و هەڵمەتێكی چارەسەر..
 براتان
  صلاح الدین محمد بها‌والدین
  ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان