#ڤایرۆسی کۆرۆنا #كێشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی نیوان یه‌كێتی و پارتی

ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌ی پارتی كه‌ تانه‌ی له‌ هاوه‌ڵێكی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ـدا؛ داوای لێبوردنی كرد

هەواڵی / 29/7/2020 283 جار بینراوە

له‌ژێر فشارو توڕه‌یی خه‌ڵكدا
ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌ی پارتی كه‌ تانه‌ی له‌ هاوه‌ڵێكی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ـدا؛ داوای لێبوردنی كرد

شه‌ن پرێس:
له‌ژێر فشارو توڕه‌یی خه‌ڵكدا په‌ڕله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی كه‌ دوێنێ له‌ دانیشتنی په‌ڕله‌مانی كوردستاندا تانه‌ی له‌ هاوه‌ڵی پێغه‌مبه‌ری خوا (ص)ـدا، داوای لێبوردنی كردو ووتی (ته‌وبه‌ ده‌كه‌م).

هێڤیدار ئەحمەد، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له ‌فراكسیۆنی‌ پارتی‌ له‌به‌رنامه‌یه‌كی‌ ته‌له‌فیزیۆنی حزبه‌كه‌یدا ووتی " من داوای‌ لێبوردنی‌ لێده‌‌كه‌م له‌ هه‌ركه‌سێك دڵی ئێشابێت، داوای‌ لێبوردن له‌خوداش ده‌كه‌م، داوای لێبوردن له‌ عائیله‌ی خۆم ده‌كه‌م".

وتیشی‌، "خۆم‌و خێزانه‌كه‌م په‌یوه‌ستین به‌ئاینی‌ ئیسلامه‌وه‌، من حه‌دم نییه‌ باسی‌ دینێك بكه‌م كه‌ خوای‌ گه‌وره‌ هه‌ڵیبژاردوه‌، باسی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌م كه‌ دینیان سه‌رخستووه‌".

له‌وه‌ڵامی پرسیاری بێژه‌ره‌كه‌ كه‌ پرسی بۆچی ده‌ڵێی (ئه‌بوبه‌كر، عومه‌ر، عوسمان) به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ده‌ڵێی به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی په‌ڕله‌مان؟ په‌ڕله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی ووتی، ده‌سته‌واژه‌ی رێزگرتنم بۆ ناو هێنانی ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا نه‌هێناوه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌، به‌شێكی ره‌خنه‌كانی خه‌ڵك راسته‌، به‌ڵام مه‌به‌ستم شكاندنیان نه‌بووه‌، بۆیه‌ گه‌ر كه‌سێك پێی وایه‌ من هه‌ڵه‌م كردووه‌، داوای لێبوردن ئه‌كه‌م له‌و كه‌سه‌ی كه‌ دڵی ئێشاوه‌، داوای لێبوردن له‌ خوای خۆم ئه‌كه‌م، له‌ عائیله‌ی خۆم، وه‌ خوای گه‌وره‌ش ته‌وبه‌ی پێ خۆشه‌.