هۆکارەکانی زیادکردنەوەی کێش دوای ڕێجیم كردن بزانه‌

هەواڵی / 28/7/2020 389 جار بینراوە

گرنگترین هۆکارەکانی زیادکردنەوەی کێش دوای ڕێجیم كردن بزانه‌
د.کامەران ڕسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک

-- گرنگترین هۆکارەکانی :

-- زیاد کردنەوەی کێش دوای وازهێنان لە ڕێجیم دیاردەیەکی بڵاوە و زۆرن ئەو بەڕێزانەی دوای ماوەیەک دووبارە قەڵەو دەبنەوە ، کەسانێک هەن دوای ماوەیەکی زۆر کورت بە خێرایی کێشان زیاد دەکاتەوە ، بە ڕادەیەک کۆمەڵێکی بەرچاو دەڵێن ئەو چەند کێلۆیەی بە ماوەی چەند مانگێک لە ڕێجیم کردن دامبەزاندووە بە چەند هەفتەیەک زۆرتر کێشم زیادی کردۆتەوە ، دیارە ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە کە گرنگترینیان ئەمانەن :
١ -- پەیڕەو نەکرنی سیستمی خۆراکی ناتەندروست ڕۆژانە : بەشێک وا دەزانن دوای ڕێجیم ئیتر بۆیان هەیە هەموو جۆرە خواردنێک کە حەزیان لێیە و چەندیان بوێت بیخۆن وەک شیرینی ، ساردەمەنی ، چەوری و خواردنەوە گازیەکان و چپس و ڤاست ڤوود ، دروست ئەوەیە ئەو خواردنانە دوای ڕێجیمیش نەخورێن یان بڕێکی کەمیان لێ بخورێت دوو هەفتە یان هەفتەی یەک جار .
٢ -- وەرزش نەکردن : وازهێنان لە وەرزش هۆکارێکی گرنگە ، پێویستە لانی کەم ڕۆژانە نیو سەعات یان زیاتر وەرزش‌بکرێت یان هەفتەی پێنج ڕۆژ ، مەرج نیە وەرزشی زۆر قورس بکرێت ، ڕویشتن بە پێ ، ڕاکردن ، تەمرینی سویدی ، پێویستیش بە جیم و هۆڵی وەرزش ناکات ، لە ماڵەوە وەرزش بکە ، لە کاتی ڕێجیم وەرزش زۆر گرنگە بۆ دابەزاندنی کێش بە خێرایی و توندکردنەوەی پێست و ڕێگە گرتن لە دروست بوونی شۆڕ بوونەوەی پێست و چرچ و لۆچی پێست .
٣ --- فشار و سترێسی زۆری دەروونی و جەستەیی و قەلەقی بەردەوام .
٤ -- دابەزاندنی کێش لە ڕێگای ڕێجیمی ناتەندروست و قورس‌ بۆ ماوەیەکی زۆر وەک ڕێجیمی گێراوە و شەربەتی میوە و سەوزە و ڕێجیمی کیمیاوی بۆ ماوەیەکی زۆر ، زۆرینەی ئەم ڕێجیمانە دەبنە هۆی لە دەستدانی ئاو و شلەمەنی ، واتە چەوری ناتوێتەوە ، دوای وازهێنان لێیان ، بە خێرایی کێش زیاد دەکاتەوە جگە لە زیانە تەندروستیەکانیان وەک کەمی ڤیتامین و کانزاکان و کەمخوێنی و وەرینی قژ .
٥ --- شەونخوونی و کەم خەوی بە ردەوام .
٦ -- نەخواردنی ژەمی بەیانی لە کاتی خۆی دا و ناڕێکی لە کاتی خواردنی ژەمەکانی تر دا .
٧ -- دووبارە گەڕانەوە بۆ هۆکارەکانی زیاد بوونی کێش پێش ڕێجیم وەک نەخواردنی بڕی پێویست له پڕۆتین وەک پاقلەمەنیەکان ، نەخواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو ، نەخواردنی سەوزە و میوە ڕۆژانە دوو سێ جار لە نێوان ژەمەکان ، دانیشتن بە دیار شاشەی تیڤی و لاپتۆب و مۆبایڵ بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ، .. هتد .
٨ --- بوونی هۆکاری تری قەڵەوی و چارەسەر نەکردنی وەک سستی و تەمەڵی غوودەی دەرەقی ، کۆنیشانەی کیسی هێلکەدان ، بە کارهێنانی هەندێک دەرمان ، هتد .
٩ -- واز هێنان لە چاودێری کێش و خۆ نەکێشان ، پێویستە لانی کەم هەفتەی دوو جار یان جارێک خۆت بکێشێت .

ھاونیشتمانی تووشبوو به‌كۆڕۆنا كه‌ لە ماڵەوە چاسەر وەردەگرن

د.زانا دزەیی،پسپۆڕی ھەناو

ئێش و ئازاری زۆری ماسولکەکان، نیشانەیەکی باو و بێزارکەری نەخۆشیی کۆڤیدە، بەجۆرێکە کە حەوسەڵەی نەخۆش ناھێڵێت، ھەندێ لە ئامۆژگاریی بۆ ئەو کەسانە:

-تا پێت دەکرێت پشووی تەواو بدە و ڕۆژانە تەنھا ١٥ بۆ ٣٠ خولەک لە ژوورەکەی خۆت ڕێکردنت ھەبێت تا ئێشەکە بەرەو کەم بوونەوە دەچێت.

-تا پێت دەکرێت ئاو و شلەمەنیی زۆر بخۆوە، زۆر خواردنی میوە بەتایبەت مۆز و خەیار و شووتیی و کاڵەک.

-زۆر خواردنی چەرەسات بە تایبەت باوی و گوێز.

-خۆشوشتن تا دەکرێت بە ئاوی شلەتێن بێت.

-ژوورەکەت ئەگەر کرا پلەی گەرماکەی لە نێوان ٢٤ بۆ ٢٨ پلەی گەرمیی بێت.

-دەرمانی پاڕاسیتۆل ١٠٠٠ملغ لەکاتی ژان بەکاربھێنە، ئەگەر کاریگەریی نەبوو دەتوانیت دەرمانەکانی تری گروپی NSAID وەک پڕۆفین بە نموونە، دوای پرس بە پزیشک، بەکاربھێنیت.

-بەکارھێنانی حەبی ڤایتەمین D (٢٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠) ڕۆژانە یەک جار، حەبی مەگنیسیۆم کە من خۆم بۆ بەشێک لە نەخۆشەکانم بەکارھێناوە، سوودی زۆریان لێبینیوە، حەبەکە ٥٠٠ملگم ڕۆژانە یەک حەب بخوات.

ھیوام سەلامەتیی ھەمووتانە.

زۆرترین بینراو