#ڤایرۆسی کۆرۆنا

د.زانا حەمید: دۆخەكە بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت و له‌م مانگەدا كۆرۆنا كەم ده‌ببێتەوەو دیار نامێنێت

هەواڵی / 14/7/2020 243 جار بینراوە

ئەگەر خۆپارێزی بكرێت
د.زانا حەمید: دۆخەكە بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت و له‌م مانگەدا كۆرۆنا كەم ده‌ببێتەوەو دیار نامێنێت

شه‌ن پرێس:
پسپۆڕێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی دەڵێت دۆخەكە بەرەو ئارام بوونەوە دەچێت‌و ئەگەر خۆپارێزی بكرێت لە كۆتایی ئەم مانگەدا كۆرۆنا كەم ده‌ببێتەوەو دیار نامێنێت .
د. زانا حەمید پسپۆڕی بواری كۆرۆناو سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەیی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بە (درەو)ی راگەیاند:
* دۆخی ئێستا لەچاو دوو هەفتەی رابردوو زۆر جیاوازە.
* ئەگەر هاوڵاتیان خۆپارێزی بكەن دۆخەكە بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت.
* لە هەفتەی رابردوودا تێستەكانمان زۆرینەی پۆزەتیڤ بوون، بەڵام لەم هەفتەیەدا پڕ دابەزی بۆ نیوە.
* بۆ نمونە یەك (RUN)ی پشكنین كە (94) سەمپڵ لەخۆدەگرێت، بە تێكڕا لە هەفتەی رابردوو (60 بۆ 80) پۆزەتیڤ هەبووە، بەڵام ئێستا لە كۆی (94) پشكنین بە تێكڕا (15 بۆ 35) پۆزەتیڤ هەیە، واتا توشبون بەرێژەی (50%) دابەزیوە.
* بەشێكی زۆر لەو ماوەیە توش بوون‌و بەشێك لەوانەش كە لە نەخۆشخانە بوون، چاكبونەتەوە، ماوەتەوە توشبوی تازە، ئەوانەش ئەگەر خۆپارێزیەكە بەردەوام بێت، رەنگە لە كۆتایی ئەم مانگەو سەرەتای مانگی ئابدا بەتەواوی كۆرۆنا دیارنەمێنێت، بەمەرجێك نەچنەوە سەر ئەو دۆخەی كە پێش جەژن خەڵكی تێدابوو.
* جاری یەكەم هەڵكشانێكی زۆر سادەو ساكارو بێزیان بوو، لە هەڵكشانی دووەمدا فشارێكی زۆر بەهێزو زیان زۆر بوو، جیاوازی نێوان ئەم دوو هەڵكشانە یەك شتە، بابەتی پابەندبوونی هاوڵاتیان و دڵنیابوونەوەیە لەو پشكنینانەی كە دەكرێن.
* ئەگەر خۆپارێزی نەكرێت ئەوەی تۆشیش نەبووە توش دەبێت، ئەگەر خۆپارێزی بكرێت ڤایرەسەكە قەتیس دەكرێت لەوانەی كە توشبوون دواتر چاكبوونەوە، ڤایرەسەكە لەناویاندا نامێنێت.
* یەكەمجار خەڵكی پابەندبوو بەرێژەیەكی زۆرو كەرەنتین هەبوو، بۆیە لەو قۆناغەدا ئەمانتوانی رووماڵی خەڵك بكەین بەبەكارهێنانی گروپكردنی سەمپڵەكان  (Sample Pooling).
* لەبەر ئەوەی چەند كەسێك بەبێ زانیاری بەبێ باگراوندی زانستی لە زانستی روماڵكردنی پەتاكان قسەیانكرد، گروپكردنی سامپڵەكان تەنیا لەیەك حاڵەتدا بەكاردێت تۆ لە دۆخی بەرگریكردندا بیت وەكو جاری یەكەمی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، ئێمە سەرچاوەی ڤایرۆسەكەمان نەدەزانی لە دۆخی بەرگریكردندا بوون دەمانویست پۆزەتیڤەكان بدۆزینەوە، شێوازی وەرگرتنی سەمپڵەكان بۆ روماڵكردن، بریتی بوو لە (پێنج، پێنج) ئەگەر ئەو پێنج سەمپڵە نەگەتیڤ بوایە ئەوا وازمان لێدەهێنا چونكە دەمانزانی زۆرینەیان نەگەتیڤە، بەڵام ئەگەر پۆزەتیڤ بوایە دووبارە هەر پێنجیانمان دانە بەدانە تێست دەكردەوە.
* ئەو شێوازی گروپینە بۆ ئەو دۆخە زۆر كاریگەری پۆزەتیڤی هەبوو، بۆیە بەشی زۆری ئەوانەی كە توش بوون دەگەڕێتەوە بۆ گوێ پێنەدانی خەڵكی و ئەوانەی كە زانیارییان نەبوو لەسەر ڤایرەسەكەو بەراست و چەپدا قسەیان دەكرد بینیمان لە مانگی شەشدا دۆخەكە چی لێهات.
* قۆناغی دووەم لە 15/5ەوە دەست پێدەكات لە ئێستادا دۆخی تاڕادەیەك هێوربوونەوەیە توشبوو ماوە، ژمارەی توشبوو و ژمارەی مردن كەمیكردووە.
* ئەمجارەش لە كۆتایی ئەم مانگەدا ئەو دۆخەش كۆنترۆڵ دەكرێتەوەو دەیكەینە دۆخی ژمارە سفر.

زۆرترین بینراو