#ڤایرۆسی کۆرۆنا

وەزیری تەندروستی: بڕیاری كه‌ره‌نتین كردنی توشبوانی کۆرۆنا له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ركرا

هەواڵی / 14/7/2020 234 جار بینراوە

زیاتر له‌ چوار هه‌زار حاڵه‌ت له‌ ژێر چاره‌سه‌رن
وەزیری تەندروستی: بڕیاری كه‌ره‌نتین كردنی توشبوانی کۆرۆنا له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ركرا

شه‌ن پرێس:
وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی زیادبونی ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا بڕیاردراوە پرۆسەی کەرەنتینەکردنی گەشتیاران و ئەو کەسانەی نیشانەی قورسی پەتاکەیان نییە لە ماڵەوە دەستپێبکرێت، دەشڵێت، "تائێستا وەرگرتنی پارە بۆ پشکنینی کۆرۆنا لە بازگەکان و خاڵە سنورییەکان پێشنیارەو نەبوەتە بڕیار."

د.سامان بەرزنجی،وەزیرى تەندروستى حكومەتی هەرێمى کوردستان شەوی دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەمەودوا ڕێکارى تازەى بەرەنگاربونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێ دەکەن کە لە ئەنجومەنى وەزیرانیش ڕەزامەندى لەسەر دراوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  قیده‌مێكی بەخشیوە بە‌ هه‌مو ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ی له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا كار ده‌كه‌ن.

ئەوەشی خستەڕو: تا ئێستا 350 كه‌س له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون.

ئاشكراشیكرد:خۆشبه‌ختانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری تووشبووان چاكبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زیاتر له‌ چوار هه‌زار حاڵه‌ت له‌ ژێر چاره‌سه‌رن.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لیژنه‌ی باڵای كۆرۆنا بڕیاریدا رێكاره‌كانی خۆپارێزی به‌رده‌وام بن و هه‌ڵمه‌تێكی میدیایی هۆشیاری ته‌ندروستی راده‌گه‌یه‌نین. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و رۆشنبیری و فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

وتیشی: بڕیاری كه‌ره‌نتین كردن له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ركرا. هه‌ندێك كه‌س ده‌توانن له‌ ماڵه‌وه‌ خۆیان كه‌ره‌نتین بكه‌ن. ئه‌وانه‌ی گه‌شتیارن له‌ ده‌ره‌وه‌ دێنه‌وه‌ ده‌بێت له‌ ماڵه‌وه‌ خۆیان كه‌ره‌نتین بكه‌ن.

ئەوەشی وت: ئەو نه‌خۆشانه‌ی هیچ نیشانه‌یه‌كیان نییه‌، وه‌زاره‌ت رێنمایی پێویستیان بۆ ده‌رده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ به‌ نه‌خۆشان نه‌بن و نه‌یه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌. له‌ لایه‌ن پزیشكانی تایبه‌ته‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ چاودێری ده‌كرێن. ره‌نگه‌ هه‌ندێك كه‌س دڵه‌ڕاوكێیان هه‌بێت له‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌، پێویست ناكات ئه‌و نیگه‌رانیه‌یان هه‌بێت و دوای تێست كردن ده‌توانن له‌ ماڵی خۆیان بمێننه‌وه‌ و چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە رێنمایی پێویست بۆ گه‌شتكردن و هاتوچۆ له‌ رێی فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌رده‌كرێت و وتیشی: رێكاری پێویست بۆ كاتی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌رده‌كرێت.

بەپێی قسەی وەزیری تەندروستی له‌ هه‌ڵكشانی دوه‌می كۆرۆنادا دو ئه‌وه‌نده‌ ژماره‌كان زیادی كردوه‌، لەسەدا 58ی حاڵه‌ته‌كان نیشانه‌یان هه‌یه‌و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ر و داخل بون هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش هه‌مان شه‌پۆلی یه‌كه‌مه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌هۆی چڕی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ڵكشاوه‌.

وتیشی: لەسەدا 5.9ی پشكنینه‌كان پۆزه‌تیڤ ده‌رده‌چن، ستانده‌رد كه‌متره‌ له لەسەدا 5 به‌ به‌راورد به‌ لەسەدا 1.6 له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و په‌تایه‌دا.

ئەوەشی خستەڕو: توانای گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ یه‌كێكه‌وه‌ بۆ 1.7ه‌و ئه‌مه‌ش زۆره‌و له‌ ئاستی ستانده‌ردی جیهانی زیاتره‌، به‌پێی پێوه‌ری جیهانی پێویسته‌ 1 بۆ كه‌متر له‌ 1 بێت.
باسی لەوەش كردوە كە حاڵه‌ته‌ نوێیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی توندترن له‌ روی نیشانه‌و زیادبونی رێژه‌ی مردن بە رێژەی لەسەدا 3.4 و كتوپڕی حاڵه‌ته‌كان زیاتر بوه‌.

پێشبینیشی كرد كە تا مانگی شوباتی 2021 له‌ هه‌رێمی كوردستان 119 هه‌زارو 487 حاڵه‌تی توشبون تۆمار بكرێن. وتیشی: ئه‌و كات پێویستمان به‌ 6 هه‌زار و 30 قه‌ره‌وێڵه‌ ده‌بێت له‌ یه‌ك كاتدا. هه‌روه‌ها پێویستمان به‌ 2 هه‌زار و 500 پشكنین ده‌بێت له‌ رۆژێكدا، واته‌ پێویسته‌ 525 هه‌زار و 742 پشكنین ئه‌نجام بدرێن. هه‌روه‌ها پێویستمان به‌ 716 هه‌زار و 920 كه‌لوپه‌لی خۆپارێزی كه‌سی ده‌بێت. له‌ حاڵێكدا ئه‌گه‌ر هه‌مو نه‌خۆشه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

زۆرترین بینراو