#ڤایرۆسی کۆرۆنا

فراكسیۆنی ئاینده‌: بڕیاری ده‌ستگیركردنی سۆران عومه‌ر سزایه‌كی سیاسییه‌ و بێڕێزیشە بە پەڕلەمان

هەواڵی / 13/7/2020 118 جار بینراوە

بڕیارەکەی دادگا سیاسییە
فراكسیۆنی ئاینده‌: بڕیاری ده‌ستگیركردنی سۆران عومه‌ر سزایه‌كی سیاسییه‌ و بێڕێزیشە بە پەڕلەمان

شه‌ن پرێس:
فراكسیۆنی ئاینده‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی بڕیاری دادگای هه‌ولێر بۆ ده‌ستگیر كردنی په‌رله‌مانتار سۆران عومه‌ر ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، بڕیارەکەی دادگا سیاسییە نەك یاسایی!.

له‌ راگه‌یه‌نراوی فراكسیۆنه‌كه‌دا هاتووه‌"لە درێژەی بێڕێزی و شکاندنی شکۆ و سەروەری پەڕلەمانی کوردستان،دادگای لێکۆڵینەوەی ھەولێر، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ پەڕلەمانتار سۆران عومەر دەرکردوە. ئێمە پێمانوایە ئەم بڕیارەی دادگا بە تەواوی کردە و سزایەکی سیاسییە و بێڕێزیە بە پەڕلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاران و ھەمو پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان".

فراكسیۆنی ئاینده‌ رایشی ده‌گه‌یه‌نێت"وێڕای ئیدانەی ئەو بڕیارە سیاسییەی دادگای لێکۆڵینەوەی ھەولێر، داوا لە سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکانی پەڕلەمان دەکەین، ئەو بێڕێزی و ھەنگاوە ترسناکە لە دژی پەڕلەمانی کوردستان و ئازادی پەڕلەمانتاران قەبوڵ نەکەن".

پاش ئه‌وه‌ی به‌داوایه‌كی سه‌رۆكی حكومه‌ت په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ده‌نگی 57 په‌رله‌مانتار و به‌بێ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ڵگیرا.

بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان مشتومڕی له‌نێوان دوو ده‌سته‌ڵاتی سه‌ره‌كی "یاسادانان و دادوه‌ری" هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه.

پێشتر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندییه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، به‌ڵام وه‌زیری داد ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ نایاسایی وه‌سف كرد و ڕایگه‌یاند، "وه‌ك نه‌بوو حسابی بۆ ده‌كرێت".

له‌نوێترین پێشهاتیشدا دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ په‌رله‌مانتار سۆران عومه‌ر ده‌ركرد.

زۆرترین بینراو