#ڤایرۆسی کۆرۆنا

كابینەی (پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان ) .. لە كوردستانێكی بەهێزەوه‌ بۆ ئابورییەكی داڕماو .

هەواڵی / 11/7/2020 92 جار بینراوە

كابینەی (پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان ) .. لە كوردستانێكی بەهێزەوه‌ بۆ ئابورییەكی داڕماو .

شه‌ن پرێس : دره‌و
كابینەی سێقۆڵی (پارتی+یەكێتی+ گۆڕان) تەمەنی گەیشتە ساڵێك، دروشمی "كوردستانێكی بەهێز" ئابورییەكی داڕماو و سەروەرییەكی پێشێلكراوی بەدیهێناوە، یەكێتی لە حكومەت دەسەڵاتە‌و لە حزب ئۆپزسیۆن، بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەمڕۆ مۆڵەتە یەك ساڵییەكەی بۆ كشانەوە كۆتایی هات‌و پەیمانی بۆ مانەوە لەناو حكومەت نوێ كردەوە‌و پاڵپشتی بۆ تیمەكەی لە حكومەت راگەیاند، دیمەنی حكومەتی هەرێم دوای ساڵێك لە سوێندخواردنی لەم راپۆرتەدا.

ساڵێك دوای سوێندەكە !
ساڵێك بەسەر سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی تێدەپەڕێت.
رۆژی 10ی تەموزی ساڵی رابردوو، كابینەی نۆیەم لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا متمانەی وەرگرت، كابینەكە سێقۆڵییە (پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان) پێكەوە پێكیانهێناوە، ئەم كابینەیە لە یەكەم ساڵی تەمەنیدا روبەڕووی قەیرانێكی گەورەی دارایی بووەتەوە، قەیرانەكە سێ رەهەندی هەیە، دوانیان جیهانی‌و یەكێكیان ناوخۆییە:
•    بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا
•    داڕمانی نرخی نەوت
•    گۆڕینی حكومەت لە عێراق
ئەم سێ گۆڕانكارییە كاریگەری گەورەیان لەسەر داهاتەكانی حكومەت بەجێهێشت، دابەزینی نرخی نەوت لە (50) دۆلارەوە بۆ (20) دۆلار، لەسەرەتای قەیرانەكەوە داهاتی نەوتی هەرێمی لە (295 ملیۆن) دۆلاری مانگانەوە كرد بە (30 ملیۆن) دۆلار (لێرەدا مەبەست لە داهاتی نەوت تەنیا ئەو ئەو داهاتەیە كە دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە)، بەڵام بەمدواییە كە نرخی نەوت بۆ سەرو (40) دۆلار بەرزبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بۆ ئەم مانگانە داهاتی نەوت زیادی كردووە.
بڵاوبونەوەی كۆرۆناو رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكەش، لەسەرەتای قەیرانەكەوە داهاتی ناوخۆی لە (270 ملیار) دیناری مانگانەوە كرد بە (30 ملیار) دینار، بەڵام ئێستا كە كەرەنتینەی تەواوەتی لە هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە، داهاتی ناوخۆ بۆ نزیكەی (100 ملیار) دیناری مانگانە زیادی كردووە.
گۆڕینی كابینەی حكومەت لە عێراق كە پێشتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكرد، ئاڵنگارییەكی تر بوو كە روبەڕووی حكومەتی هەرێم بووەوە، عەبدولمەهدی لە كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا ناردنی بەشە موچەی هەرێمی كوردستانی راگرت كە مانگانە (453 ملیار) دیناربوو، ئەمە هەڕەشەیەكی گەورەی لەسەر داهاتەكانی حكومەت دروستكرد، كابینەی مستەفا كازمی كە دەستبەكاربوو، لەدوای دەستبەكاربونیەوە بۆ یەك مانگ بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ حكومەتی هەرێم ناردووە، ئەمەش بەمەرجی ئەوەی هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكی گشتگیر لەبارەی نەوت‌و بودجەوە لەگەڵ بەغداد ئیمزا بكات، ئەم رێككەوتنەش تائێستا ئیمزا نەكراوە‌و چارەنوسی بەشە بودجەی هەرێم لە عێراق بەنادیاری ماوەتەوە.  

ترۆیكای حكومەت
حكومەتی سێقۆڵی (پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان) لە فەرهەنگی سیاسیدا بە "ترۆیكا" ناودەبرێت واتە گالیسكەیەك كە سێ ئەسپ پێكەوە رایبكێشن، دوای ساڵێك لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هێشتا ئەسپەكان بەتەواوەتی لەبارەی راكێشانی گالیسكەكەوە كۆك‌و تەبا نین.


یەكەم: پارتی لە حكومەت
سەرۆكایەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لای پارتییە، لەناو پارتیشدا مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پۆستەكە بەڕێوەدەبات، وەكو حزب پارتی توانای راوەستانی لەبەرامبەر مەسرور بارزانی نەبووە، بەهێزیی مەسرور بارزانی كۆتایی بە رۆڵی مەكتەبی سیاسی پارتی هێنا، ئێستا لایەنە بەشدارەكانی حكومەت (یەكێتی‌و گۆڕان) قسەو ناڕەزایەتییەكانیان لەڕێگەی تیمەكانیانەوە لە حكومەت بە مەسرور بارزانی دەگەیەنن نەك مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتیان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی واژۆ كردووە.
بەهێزیی مەسرور بارزانی لەڕووی دەسەڵاتەوە لەناو پارتی، تەنیا مەكتەب سیاسی حزبی سڕنەكردووە، بەڵكو كۆتایی بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانیش هێناوە كە ئێستا سەرۆكایەتی هەرێمە‌و پێشتریش ماوەی (17 ساڵ) پۆستی سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوە بووە.
كابینەی نۆیەم لە (21) وەزارەت پێكدێت، لەم ژمارەیە (8) وەزارەت بە فەرمی لای پارتییە، ئەمە جگە لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كە تائێستا پارتی پڕنەكردوەتەوە، كەمینە نەتەوەكان لە كابینەكەدا (2) پۆستی وزاریی‌و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش پۆستێكی وزاری وەرگرتووە كە پارتی كاندیدەكانی دیاریكردووە، لەپاڵ ئەمەدا سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران‌و وتەبێژی حكومەتیش هەر لای پارتییە، ئەمە جگە لە پۆستەكانی تری ناو حكومەت‌و وەزارەتەكان.
پارتی بەتایبەتیش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، هەموو توانای خۆیان بۆ سەرخستنی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت خستوەتەگەڕو چارەنوسی حزبەكەیان بەوەوە بەستوەتەوە، جگە لە چەند دەنگێكی كەم كە لەژێر پەردەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن‌و كەسانی نزیكن لە نێچیرڤان بارزانی، هیچ جۆرە ناڕەزایەتییەك لەناو پارتی بەرامبەر بە مەسرور بارزانی بەدی ناكرێت.


دووەم: یەكێتی لە حكومەت
یەكێتی وەكو لایەنێكی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت ناڕازییە لەئەدای حكومەت، كێشەی سەرەكی یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا ئەوكاتە دەستیپێكرد كە پارتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە بەرژەوەندی یەكێتی جێبەجێ نەكرد.
بەڵام بەشێكی ناڕەزایەتییەكەی یەكێتی پەیوەندی بە ئاڵۆزی پەیوەندییەكانیەوە هەیە لەگەڵ پارتیدا، سەرۆكی پارتی تائێستا بەفەرمی دانی بە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەناوە، دوای چەندین هەوڵ هێشتا مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب نەیانتوانیوە پێكەوە كۆببنەوە، یەكێتی وەكو حزب ناڕازییە لە ئەدای كاری حكومەت، بەڵام تیمی یەكێتی لەناو حكومەت كێشەیان نییە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كە سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لەناو حكومەت، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەوە ناڕەزایەتی هەبوو لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ناڕەزایەتییەكانی چارەسەركرد، ئێستا قوباد تاڵەبانی ئەركی سەرۆكایەتی تیمی حكومەتی هەرێمی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد پێ سپێردراوە.
بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن پرسی كشانەوەیان لە حكومەت خستوەتە سەر مێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانیان، بەمدواییە كە حكومەت دەستكاری موچەی موچەخۆرانی كرد، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد نەگاتە رێككەوتن، شەفافیەت نەبێ لە خەرجی‌و داهات، یەكێتی ناچێتە ژێر باری موچەبڕین، هەڵپەساردنی بەشداری لە پەرلەمان‌و حكومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێك دەبێت لەبژاردەكان".
تائێستا حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتنی ئیمزا نەكردووە، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن بۆ مانگەكانی داهاتوو حكومەت رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە 21%وە بۆ نزیكەی 34% زیاد بكات، ئۆفەرێكی تر تاوتوێ دەكرێت لەبارەی ئەوەی حكومەت رێژەی بڕینی موچە لە 21% زیاتر نەكات، بەڵام دابەشكردنی موچە لە 30 رۆژەوە بۆ 60 وەكو خۆی بمێنێتەوە، بەم دۆخەوە ئایا یەكێتی لە حكومەت دەكشێتەوە ؟
كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت ئەگەرێكی لاوازە، وا دەردەكەوێت یەكێتی كارتی كشانەوە تەنیا بۆ فشار لەسەر پارتی بەكاردەهێنێت، بەتایبەتیش كە بەمدواییە یەكێتی چەند پۆستێكی خۆی لە حكومەت پڕكردەوە لەوانە پۆستی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ.
تیمی یەكێتی لە حكومەت بەشداربوو لە بڕیاری كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران، بۆ مانگەكانی داهاتوو كە حكومەت بەناچاری پەنا بۆ كەمكردنەوەی زیاتری موچە دەبات یاخود دابەشكردنی موچە دوادەخات، یەكێتی جارێكی تر دەكەوێتەوە بەردەم هەمان پرسیار، رەنگە كۆبونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی كۆتایی بهێنێت بە ناكۆكی‌و ناڕەزایەتییەكانی یەكێتی لە ئەدای كاری حكومەت.
كێشەی یەكێتی لەوەدا چڕبوەتەوە ئەو تیمەی كە نوێنەرایەتی حزبەكە دەكات لەناو حكومەت بەتەواوەتی دڵخوازی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەم نییە، تیمی یەكێتی بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیان لەناو حكومەت دەستبەكاربوون.
هەر لەو ماوەیەدا كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی ئاڵۆزی تێكەتووە، یەكێتی پرسی لامەركەزیەتی ئیداری‌و دارایی بۆ پارێزگای سلێمانی هێناوەتە پێشەوە، چارەنوسی ئەم پرسەش پەیوەندیدارە بە رێككەوتنی نێوان هەردوو حزبەكەوە.
لە كابینەی نۆیەمدا كە لە (21) وەزارەت پێكدێت، یەكێتی (6) وەزارەتی هەیە، سەرباری ئەمە ژمارەیەك پۆستی تری بەركەوتووە كە تائێستا ئەو پۆستانەی پڕنەكردوەتەوە لەوانە پۆستەكانی (سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، سەرۆكی دەستەی كاروباری مین).

سێیەم: گۆڕان لە حكومەت
بزوتنەوەی گۆڕان هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان وەكو یەكەم لایەن كارتی بەشداریكردنی لە حكومەتی مەسرور بارزانی مسۆگەر كرد.
بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی مەسرور بارزانی دوای ئەو روداوانەی بەسەر بزوتنەوەكەدا هات لە كابینەی هەشتەمدا (دەركردنی وەزیرەكانی لە حكومەت‌و دورخستنەوەی سەرۆكی پەرلەمان)، لەناو بنكەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان هەندێك ناڕەزایەتی دروستكرد، ئەوكات بۆ هێوركردنەوەی ناڕەزایەتییەكان سەركردەكانی گۆڕان رایانگەیاند، بەمەرجی چاكسازیی بەشداری حكومەتیان كردووە‌و لەماوەی ساڵێكی تەمەنی حكومەتدا بڕیاری كۆتایی دەدەن لەبارەی مانەوەیان لە حكومەت یاخود كشانەوە.
ئەمڕۆ مۆڵەتە یەكساڵییەكەی گۆڕان كۆتایی هات، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حزبدا، بڕیاریدا بە مانەوە لە حكومەت‌و پاڵپشتی خۆی بۆ تیمەكەی لە حكومەت راگەیاند.

رۆژی دوو شەممە جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، لەو كۆبونەوەیەدا عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە وتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا باسی لەوەكرد، روسیاو توركیا‌و ئێران پلانیان داناوە ئەزمونی هەرێمی كوردستان "كەوڵ" بكەن، هەندێك لەوانەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان خوازیاری ئەوەبوون گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، قسەكەی رێكخەریان والێكدایەوە دەیەوێت رێگری لە هەر هەوڵ‌و بڕیارێك بكات بۆ كشانەوە لە حكومەت.
بڕیاری مانەوەی گۆڕان لە حكومەت لەكاتێكدایە ئێستا كابینەكە كێشەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەیە‌و روبەڕووی ناڕەزایەتی شەقام بوەتەوە‌و چاكسازییەكانیش هێشتا لەئاستی خواستەكانی خەڵكدا نین، بەتایبەتی پرسی شەفافیەت لە دۆسیەی نەوت وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی حكومەت.
لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەوە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی گۆڕان لەگەڵ مەسرور بارزانی پڕكردنەوەی ئەو پۆستانە بوو كە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و گۆڕان لەناو حكومەت بەر گۆڕان كەوتبوون، بەمدواییە مەسرور بارزانی چوار پۆستی بریكاری وەزیری بزوتنەوەی گۆڕانی پڕكردەوە‌و ئەمە هەندێك دڵنەوایی بە سەركردەكانی گۆڕان بەخشی.
لە كابینەی نۆیەمدا كە لە (21) وەزارەت پێكدێت، بزوتنەوەی گۆڕان (4) پۆستی وزاری وەرگرتووە، لەناویاندا پۆستی وەزیری دارایی.
هێشتا ژمارەیەك پۆست هەن كە پشكی گۆڕانن لە حكومەت‌و پڕنەكراونەتەوە، لەوانە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە پۆستێكە پێویستی بەوەیە لەناو پەرلەمانەوە یاسای تایبەتی بۆ دەربكرێت، سەرباری ئەمە هێشتا زیاتر لە (40) پۆستی تر هەن كە بزوتنەوەی گۆڕان داوایان دەكات.

حكومەت دوای ساڵێك
كابینەی مەسرور بارزانی ساڵێكە دەستبەكاربووە، (4) مانگی ئەم ماوەیە لە قەیرانێكی قوڵی دارایدا بووە، لەو چوار مانگەی كە روبەڕووی قەیرانی دارایی بوەتەوە، حكومەت تەنیا دوو موچەی موچەخۆرانی دابەشكردووە، یەكێك لە موچەكانیش بەبڕینی رێژەی 21%ەوە دابەشكراوە.
كابینەی مەسرور بارزانی لەسەرەتای دەستبەكاربونیدا دروشمی "كوردستانێكی بەهێز"ی هەڵگرت، بەڵام ئێستا كوردستان لەڕووی ئابورییەوە لاواز‌و لەڕووی سەروەریشەوە لەبەردەم هێرش‌و لەشكركێشی توركیا‌و ئێراندایە، لەسەر ئاستی ناوخۆش لایەنەكان ناكۆكن بەدیاریكراویش (پارتی‌و یەكێتی) وەكو دوو ناوچەی قەڵەمڕەویی جیاواز.
بەڵێنی ئەنجامدانی چاكسازیش جگە لە یاسایەك بەناوی "چاكسازی لە موچە‌و دەرماڵە‌و خانەنشینی پلەباڵاكان"‌و چوار بڕیاری تایبەتی مەسرور بارزانی بۆ چاكسازی لە دەروازە سنورییەكان‌و باج‌و بەخشینی گومرگی كە تائێستا نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، شتێكی ئەوتۆی لێ سەوز نەبووە.
یاسای چاكسازی لە بنەڕەتەوە بۆ رێكخستنی موچەو خانەنشینی‌و دەرماڵەكان دانراوە، حكومەت لەسەرەتای ئەم مانگەوە خستیە بواری جێبەجێكردن، بۆ ئەو قەیرانە داراییەی كە ئێستا تێیكەوتووە، یاساكە دەرفەتێكی باش بوو بۆ كابینەی مەسرور بارزانی تاوەكو لەڕێگەیەوە دەستكاری موچەی فەرمانبەران بكات، بەڵام یاساكە بۆ چاكسازی لە بوارەكانی تری وەكو كەرتی نەوت‌و داهاتەكانی ناوخۆ هیچ شتێكی تێدا نییە.
یەكێك لە بەڵێنەكانی تری كابینەی نۆیەم "شەفافیەت" بوو، بەڵام دوای ساڵێك لە دەستبەكاربوونی حكومەت، ئەم دروشمەش لەژێر پرسیاری گەورەدایە، پەرلەمان وەكو دامەزراوەی چاودێری ئاگاداری داهات‌و خەرجییەكانی حكومەت نییە، كابینەی سیقۆڵی (پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان) تائێستا یاسای بودجەیان نەناردوەتە پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران دەڵێن ئاگاداری فرۆش‌و داهاتی نەوت نین، میدیاكان زانیارییان لەبارەی داهات‌و خەرجییەكانی حكومەت بەشێوەی فەرمی ناكەوێتە بەردەست.
سەرباری ئەمانە هێشتا مەسرور بارزانی شانازی بەو هەنگاوانەوە دەكات كە حكومەتەكەی هەڵیگرتوون، ئەو لە وتاری (100 رۆژە)ی دەستبەكاربوونیدا لایەنی درەوشاوەی حكومەتەكەی لەم خاڵانەدا خستەڕوو:
•    ئێستا حكومەت چالاكترو ئەكتیڤتر بووە
•    ئێستا حكومەتی هەرێم بەهێزترو سەقامگیرترە
•    بە دڵنیایی ئێستا حكومەت شەفافترە
•    كەمكردنەوەی رێژەیەكی بەرچاوی رۆتین
•    فەرمانبەران باشتر لە جاران دەوام دەكەن
•    چاوپۆشی لە گەندەڵی هیچ كەس و لایەنێك ناكەین
•    چەندین فەرمانبەر لەسەر گەندەڵی دراونەتە دادگا
•    تا كۆتایی ئەمساڵ داهاتی ناوخۆ 50% زیاد دەكەین
•    ئێستا پرۆسەیەكی شەفافمان گرتوەتەبەر بەتایبەت لە بواری داهاتی سامانە سروشتییەكان
•    بە شێوەیەكی بەردەوام داتاو زانیارییەكانمان خستوەتەڕوو
•    ئێستا گشت هاوڵاتیانی هەرێم ئەتوانن بزانن داهاتی نەوت‌و داهاتە ناوخۆییەكان چەندەو لە چی بوارێكدا خەرجدەكرێت
مەسرور بارزانی لە چوار مانگی رابردوودا كە بۆ یەكەمجار وەكو سەرۆكی حكومەت ئەزمونی قەیرانی دارایی كرد، بەرپرسیارێتی هەموو بارودۆخەكانی خستە ئەستۆی كابینەكانی پێشتری حكومەت كە نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای سەرۆكایەتی كردوون، لەسەروو هەموشیانەوە بەرپرسیارێتی خەزێنەی بەتاڵی حكومەت‌و نەبوونی یەدەگی دارایی‌و قەرزاربوونی حكومەت بەبڕی (27 ملیار) دۆلار.

زۆرترین بینراو