#ڤایرۆسی کۆرۆنا

ئایا دایكە حەوا هۆكاری دابەزاندنی مرۆڤایەتی بووە لە بەهەشت؟

هەواڵی / 4/7/2020 331 جار بینراوە

ئایا دایكە حەوا هۆكاری دابەزاندنی مرۆڤایەتی بووە لە بەهەشت؟

مامۆستا شوكریه‌ شێخانی/بانگخواز
بەڕێزان! هەندێ ڕاستی هەیە خوای پەروەردگار زۆر بەڕوون ‌و ڕاشكاوی لە قوڕئاندا باسی كردووە، بەڵام كەسانێك هەن قوڕئان دەخوێننەوە پاشان پێچەوانەی قوڕئان دەڵێن ‌و ئەنجام دەدەن، تانەو تەشەری ئەوتۆ لە قوڕئان دەدەن گوایە قوڕئان هیچ ڕێز و پێزێكی بۆ ئافرەت دانەناوە، وە ئافرەت شووم ‌و بێخێرە.
گوایە: دایكمان حەوا سەلامی خوای لێبێ هۆكاری خواردنی ئەو درەختە بووە كە دواتر بۆتە هۆی ئەوەی مرۆڤایەتی لەبەهەشت دەربكرێ.
یەكێ لەو مەسەلانەی لەو بارەوە كراوەتە بەڵگە ئەوەیە گوایە دایكە حەوا سەلامی خوای لێبێ بووەتە هۆكاری ئەوەی مرۆڤایەتی لە بەهەشتدا دەركرێ ‌و بخرێتە سەر زەوی، گوایە ئەو هانی ئادەمی سەلامی خوای لێبێ داوە كە لەو درەختە بخوات كە خوای پەروەردگار لێی قەدەغە كردبوون.
بۆ گفتوگۆ كردنێكی ژیرانە لەسەر ئەو مەسەلەیە با بگەڕێینەوە سەر قوڕئان ‌و ڕاستی ئەو مەسەلەیەمان بۆ دەركەوێ بزانین ئاخۆ حەوا سەلامی خوای لێبێ بەرپرس بووە لەم كارە یان باوكە ئادەم(سەلامی خوای لەسەر بێت)؟ خوای پەروەردگار دەفەرمووێ: ئێمە بە فریشتەكانمان فەرموو: كڕنوشی ڕێز بۆ ئادەم ببەن، ئەوانیش كڕنوشی ڕێزیان بۆ برد، تەنها ئیبلیس نەبێ پشتی هەڵكردو نكوڵی كرد، گوتمان: ئەی ئادەم! بەدڵنیاییەوە ئەم ئیبلیسە دوژمنی تۆیە، وە دوژمنی خێزانەكەشتە، با دەرتان نەكات لە بەهەشت ‌و تووشی بەدبەختیتان نەكات.
سەیر بكەن بەڕێزان فەرمانەكە بۆ كێیە؟ گوتمان: ئەی ئادەم، بەڕوون ‌و ڕاشكاوی دیارە خوای پەروەردگار سەرەتا فەرمانی بە ئادەم كردووە وە ئاگادار كردۆتەوە كە ئیبلیس لە خشتەیان نەبات.
پاشان دیسان دەفەرمووێ: شەیتان وەسوەسەی بۆ ئادەم كرد، گوتی: ئەی ئادەم ئایا هەواڵ و زانیاریت پێ بدەم لەسەر دەرەختێك ئەگەر لێی بخۆی بەنەمری دەمێنیتەوە و موڵك ‌و سامانیشت هەرگیز كەم ناكات ‌و لەنێو ناچێ؟
بەڕێزان بەوردی سەیر بكەن خوای پەروەردگار دەفەرمووێ: شەیتان وەسوەسەی بۆ ئادەم كرد، نافەرمووێ: بۆ حەوای كرد، بەڵكو دەفەرمووێ: بۆ ئادەمی كرد!! ڕاناوی (هـ)ائی بۆ ئادەم دەگەڕێتەوە، ئەگەر بیفەرمووبایە: (إلیهــا) ئەو كات دەمانگوت: ئەمە بۆ حەوا دەگەڕێتەوە، واتە: شەیتان وەسوەسەی بۆ حەوا كرد.
هەر لە ئایەتەكەدا دەبینین ئەوجارە زۆر بەڕاشكاوی دیارە كە شەیتان قسە لەگەڵ ئادەم دەكات: گوتی: ئەی ئادەم ئایا ئاگادارت بكەمەوە لە خواردنی درەختێك كە نەمریی ‌و موڵكی لەناو نەچووت پێ ببەخشێ؟ واتە:گفتوگۆی شەیتان لەگەڵ حەوا نیە، بەڵكو لەگەڵ ئادەمە، وەك لە ئایەتەكەدا هاتووە.
پاشان دەفەرمووێ: هەردووكیان لە دەرەختەكەیان خوارد، هەردووكیان بەژدار بوونە لە سەرپێچی كردنەكە، زۆر بەڕوون ‌و ڕاشكاوتر خوای پەروەردگار دەفەرمووێ: ئادەم سەرپێچی پەروەردگاری كرد، توشی لێ تێكچوون بوو، فریوی خوارد، لێرەدا دووبارە ناوی ئادەم هاتووە نەك حەوا، سەرەتا فەرمووی: شەیتان ئادەمی دواند و هەڵیخەڵەتاند، لێرە دووبارە دەفەرمووێ: ئادەم سەرپێچی خوای پەروەردگاری كرد و فریوی خوارد.
یەكێك لەو فەرموودانەی كە جێگەی باسی ئەم بەشەی كتێبەكەمانە ئەم فەرموودەیەیە كە پێغەمبەری خوا  فەرموویەتی: ئەگەر نەوەی ئیسڕائیل نەبووان گۆشت بۆگەن نەدەبوو، وە ئەگەر حەوواش خیانەتی لە باوكە ئادەم نەكردبا ئەوا هەرگیز هیچ مێیەك خیانەتی لە هاوسەرەكەی نەدەكرد بەدرێژایی زەمان.
بەر لە هەر شتێك دەبێ بزانین ئەمە بەشێكی قسەكانی پێغەمبەری خوایە  هەمووی نیە، بەڵكو بەشێكە، لێرە مەبەست ئەوە نیە حەووا خیانەتی كردبێ حاشا لەحەووا، بەڵكو مەبەست ئەو ئارەزووەیە كە بووە هۆی هەڵخەڵەتاندنیان، شەیتان سوێندی بۆ خواردن كە دەیەوێ سوودیان پێ بگەیەنێ‌و تەنها نیەتی ئامۆژگاری‌و دڵسۆزییە، وەك خوای پەروەردگار دەفەرمووێ: سوێندی بۆ خواردن كەمن بۆئێوە دڵسۆزم!
دەبێ بزانین قوڕئان دەلالەت‌و بەڵگەكانی یەكلاكەرەوەن، گومان هەڵناگرن، بەڵام فەرموودە بەم شێوەیە نییە، بەڵگەو دەلالەتەكانی وەك قوڕئان یەكلاكەرەوە نین، هەڵەكە لەوە ڕوویداوە كە ئارەزوو بەسەریاندا زاڵ بووە، شەیتان كارەكەی بۆ ڕازاندنەوە، تا لەدارەكە بخۆن، ئەوانیش ئەو بەڵێنەی نێوان خۆیان‌و خوای پەروەردگاریان لەیاد چوو.
حافڤ دەڵێ: {لەو فەرموودەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەگەر ئافرەت هەڵەیەكی كردو هەڵخەڵەتا بەهۆی زاڵ بوونی نەفس‌و ئارەزوو ئەوا نابێ پیاو ئەوەندە دابەزێتە سەر ئافرەت‌و كارەكەی لەسەر قوڕس بكات، لەبەر ئەوەی دیارە كە ئافرەتیش ئینسانەو شایەنی ئەوەیە هەڵە بكات}.
هەروەها دەڵێ: {لەم فەرموودەیە درێژەی باسەكە باس نەكراوە، تەنها ئاماژەیەكە، بۆ ئەوەی لە درێژەی بەسەرهاتەكە بگەین، ئەوا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ قوڕئان بۆ ئەوەی توشی هەڵە نەبین بەرچاو ڕۆشن بین}.

قوڕئان لەبارەی ئەو بەسەرهاتەوە دەفەرمووێ: گوتمان: ئەی ئادەم سەرەتا خوای پەروەردگار ئادەمی ئاگادار كردۆتەوە، پێی فەرمووە شەیتان دوژمنی تۆو خێزانەكەتە، ئاگاداربن با دەرتان نەكات لە بەهەشت، ئەگینا بەدبەخت‌و سەرگەردان دەبن، ڕووی فەرمانەكەی ئاڕاستەی ئادەم كردووەن، شەیتان وەسوەسەی بۆ هەردووكیان كردووە نەك بۆ حەووا بەتەنیا، لەبەر ئەویە خوای پەروەردگار سەرپەرشتی‌و قەووامەی داوە بە پیاو بۆیە ئادەمیشی دواندووە نەك حەووا سەلامی خوایان لێبێ، كەواتە: بە پێچەوانەوە بەرپرسیارێتیەكەی زیاتر خستۆتە سەر ئادەم نەك حەووا.
لە ئایەتێكی دیكەدا دەفەرمووێ: ئەی ئادەم خۆت‌و خێزانەكەت لە بەهەشت نیشتەجێ بن، لەهەموو ئەو شتانەی نێو بەهەشت بخۆن‌و بخۆنەوە كە ئارەزووی دەكەن بەڵام نزیكی ئەو درەختە مەكەونەوە كە لێم قەدەغە كردوون، ئەگینا دەچنە ڕیزی ئەوانەی كە ستەمیان لەخۆیان كردووە.
پاشان خوای پەروەردگار دەفەرمووێ: شەیتان هەردووكیانی توشی وەسوەسە كرد، بۆ ئەوەی جل‌و بەرگیان لەبەر دابكەنرێ، شەیتان پێی گوتن: خوای پەروەردگار تەنیا لەبەر ئەوە ئەو درەختەی لێ قەدەغە كردوون ببن بە فریشتە، یاخود بەهەتا هەتایی بمێننەوە.
سەیری ئایەتەكان بكەن بەڕێزان خوای پەروەردگار هەموو خیتابەكەی بە (مپنی) هێناوە، هیچ یەكێكیان هەڵاوێر نەكردووە، دەفەرمووێ: وەسوەسەی بۆ هەردووكیان درووست كرد، سوێندی بۆ هەردووكیان خوارد، هەردووكیان لە دەرختەكەیان خوارد، نەیفەرمووە حەووا هۆكار بووە، یان ئادەم هۆكار بووە، بەڵكو هەردوكیان هۆكار بوونە، بەهیچ شێوەیەك لەقوڕئاندا ئاماژە بۆ ئەوە ناكات دایكە حەووا بەرپرس بێ.
دوای ئەوەش كە سەرپێچی خوای پەروەردگار دەكەن، خوای پەروەردگار پێیان دەفەرمووێ: خوای پەروەردگار بانگی هەردووكیانی كرد، ئایا من ئەم درەختەم لێ قەدەغە نەكردن پێم نەفەرموون: شەیتان دوژمنی دیارو ئاشكرای ئێوەیە؟!
سەیر بكەن بەڕێزان! دیسان خوای پەروەردگار لە ئایەتەكەدا هەردووكیان دەدوێنێ، تاوانەكە ناخاتە ئەستۆی یەكێكیان، لە ئایەتەكەدا دیارە كە خوای پەروەردگار سەرزەنشتی هەردووكیان دەكات‌و ئایەتەكە هەمووی بە سیغەی (مُپنی) هاتووە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەگەر لە هەندێ شوێن بە سیغەی (مُپنی) نەهاتبێ‌و بە سیغەی (مفرد) تاك هاتبێ ئەوا خوای پەروەردگار ئادەمی باس كردووە نەك حەووا، بۆ وێنە كاتێ باسی پاڕانەوەیان دەكات سەرەتا ئادەم پێش دەخات دەفەرمووێ: ئادەم چەند ووشەیەكی لەخوای پەروەردگارەوە وەرگرت‌و بەم وشانە لەخوای پەروەردگار پاڕایەوەو داوای لێخۆشبوونی كرد.
هەروەها دەفەرمووێ: ئێمە پێشتر پەیمان‌و بەڵێنمان لە ئادەم وەرگرتبوو كە نزیكی درەختەكە نەكەوێ بەڵام ئەم لەبیری چوویەوەو عەزم‌و خۆڕاگریمان لێی نەبینی.
سەیر بكەن بەڕێزان! لێرە خوای پەروەردگار باسی حەووا هەر ناكات، دەی ئەگەر حەووا بەرپرس بوایە لەم سەرپێچییە بۆچی خوای پەروەردگار سەرزەنشتی ئادەم دەكات؟ وەك گوتمان: لەو شوێنانەی بە سیغەی تاك هاتبێ خوای پەروەردگار بەتەنیا باسی ئادەمی سەلامی خوای لێبێ كردووە، لەبەر ئەوە دیارە كە ئەو زیاتر بەرپرسیارە.
خوای پەروەردگار بەرپرسیارێتییەكە دەخاتە ئەستۆی ئادەم، بەپێچەوانەی ئەوانەی باسی ئەوە دەكەن حەوا هۆكار بووە، هەروەها دەفەرمووێ: ئادەم سەرپێچی خوای پەروەردگاری كردو ڕێگە ڕاستەكەی لێ وون بوو، سەری لێشێوا.
ئەوانیش لەبەر ئەوەی كە ئەزموونیان نەبوو، هەروەها شەیتان سوێندی بۆ خواردن، بۆیە لە ئەسەردا هاتووە، هەردووكیان دەڵێن: ئێمە هەرگیز چاوەڕێی ئەوەمان نەدەكرد درووستكراوێكی خوا هەبێ سوێند بەزاتی پاكی خوا بخوا بەدرۆ، بۆیە هەڵخەڵەتان.
خوای پەورەردگار دەفەرمووێ: شەیتان وەسوەسەی بۆ كردن وەك لەسەرەوە ئایەتەكەمان هێنا، لەهیچ شوێنێك باسی ئەوە ناكات دایكە حەووا بە ئادەمی فەرمووبێ درەختەكە بخۆن، كەواتە: هەڵخەڵەتاندنەكە لە ئەستۆی شەیتانە، شەیتان بەكارەكە هەڵساوە، ئەوەی كە دەگوترێ: دایكە حەووا بەرپرس بووەو بووەتە هۆكاری خواردنی دەرەختەكە لەتەوڕات وەرگیراوەو دەقێكی ڕوون‌و ڕاشكراومان نیە لەو بارەوە، ئەوەی ڕوون‌و ئاشكرایە لە قوڕئان هاتووە، ئێمە زۆربەمان هێنا كە بەهیچ شێوەیەك ئەو شتە ڕاست نییە، لەبەشی داهاتوودا دێینە سەر ئەوەی كە چۆن لە تەوڕاتی دەستكاری كراودا ئەمە خراوەتە سەر دایكە حەووا.

ئەوەندە بەڵگەیەی باس كرا بەسە بۆ كەسێك بیەوێ بەشوێن هەق ‌و ڕاستی بكەوێ، لەهیچ شوێنێكی قوڕئان ئاماژە بەوە نەكراوە هۆكاری ئەو سەرپێچییە دایكمان حەوا بووبێ، ئایەتەكان ماناكانیان زۆر ڕوونە، بەهیچ شێوەیەك جێی گفتوگۆی نەهێشتۆتەوە بۆ ئەم مەسەلەیە.

زۆرترین بینراو