#ڤایرۆسی کۆرۆنا

ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی

هەواڵی / 29/6/2020 87 جار بینراوە

ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی


ئه‌مڕۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر له‌ ئاستی كه‌سی یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌، له‌ دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ش هه‌ردولا ته‌ئكیدیان له‌ ئه‌نجامدانی چاكسازی كرده‌وه‌، وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌ت هه‌رێم تا ئێستا جورئه‌ت ناكات ده‌ست بۆ مه‌له‌فه‌كانی گه‌نده‌ڵی ببات.

له‌ دوای كۆبونه‌وه‌كەی گۆڕان و کۆمەڵ،‌ ده‌رباز محه‌مه‌د، ئه‌ندامی محه‌مه‌د ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "سه‌ردانه‌كه‌مان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و سه‌ردانانه‌یه‌ كه‌ بۆ لای هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌یكه‌ین، كۆبونه‌وه‌كه‌مان زیاتر تایبەت بو به‌ چه‌ند خاڵێك گرنترین خاڵ په‌یوه‌ندی توندوتۆڵ له‌ نێوان بزو‌تنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی هەیە و ئەوە كاریگه‌ری نابێت کە له‌ حكومه‌تین و ئه‌وان له‌ حكومه‌ت نین، دوه‌م ئه‌وه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ركرایه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌ هه‌موكات زیاتر پێویستی به‌ چاكسازیه‌، هه‌ر به‌ چاكسازی كێشه‌ ئابوریه‌كان و نه‌بونی موچه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، سێیه‌م خاڵی كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌تە به‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی كاریگه‌ری كردوەته‌ سه‌ر ئه‌دائی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت كاریگه‌ری كردوەته‌ سه‌ر هه‌مو دام و ده‌زگاكان، پێویسته‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستوری و یاسایی و سیاسیانه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك بێت چاره‌سه‌ر بكرێت.

لای خۆیه‌وه‌ رێبوار حه‌مه‌د، وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستا رایگه‌یاند، "كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاساییمان كرد، كۆمه‌ڵێك گرفت له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، ره‌نگه‌ گرنگترینیان پرسی بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بێت، جگه‌له‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌، ئێمه‌ به‌ گشتی له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ قسه‌مان كرد".

باسی لەوەشکرد، هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵی ئیسلامی رونه‌، "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ برینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هره‌ێمی كوردستان نین، پێمان وایه‌ داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كات موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات".

وتەبێژی کۆمەڵ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌رونی وتومانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌ستور حه‌كه‌م بێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، داهاته‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستور ئه‌وه‌ی سیاسدیه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا، له‌ پرسی نه‌وت شه‌فافیه‌تی زیاتر به‌رجه‌سته‌ بێت، ئه‌ركی حكومه‌تی ناوه‌ندیه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكات، ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمیشه‌ ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا وه‌ریده‌گرێت ئه‌وله‌وبۆ موچه‌ و ژیان و بژێوی هاوڵاتیان بێت".

له‌باره‌ی تۆپباران و له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی وتی، "به‌ رونی وتومانه‌ یه‌كه‌م ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌وه‌ زیاتر ئه‌ركی حكومه‌تی ناوه‌نده‌ سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بپارێزێت، ئێمه‌ ئیدانه‌ی هه‌مو ده‌ستێوه‌ردانێكی سه‌ربازی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، باوه‌ریشمان وایه‌ سیاده‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی سنور به‌زێنی ده‌كه‌ن پارێزراو بێت".

سه‌باره‌ت به‌ پرسی چاكسازی وتەبێژی کۆمەڵ وتی، له‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌نده‌ڵیه‌كی یه‌كجار زۆر قوڵ هه‌یه‌، "حكومه‌ت هه‌رێم تا ئێستا جورئه‌ت ناكات ده‌ست بۆ مه‌له‌فه‌كانی گه‌نده‌ڵی ببات، زۆر به‌ رونی دیاره‌ چاكسازی له‌ موچه‌ ناكرێت، چاكسازی راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ مه‌له‌فی نه‌وت بكرێت، ده‌ست بۆ مه‌له‌فه‌كانی تری گه‌نده‌ڵی ببردرێت، موچه‌ی بندیواره‌كان و چه‌ند موچه‌ی نه‌هێلدرێت و موچه‌ی حه‌قیقی  فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی بدرێت".

زۆرترین بینراو