#ڤایرۆسی کۆرۆنا

پژاک ناو و ناسنامەی قوربانیه‌كه‌ی کونەماسی ئاشكراکرد

هەواڵی / 29/6/2020 195 جار بینراوە

 پژاک ناو و ناسنامەی قوربانیه‌كه‌ی کونەماسی ئاشكراکرد

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ناسنامەی ئەو گەریلایەی ئاشکرا کرد کە لە بۆردومانەکەی سەر کونەماسی لەشاری سلێمانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بووه‌ قوربانی ، ڕاشیگەیاند، ئەو هێرشە دەرئەنجامی هەوڵ و تەقەلای خەتی خیانەت و بەکرێگیراوی بوو و بە هاوکاری کەسانی خۆفڕۆش روویدا.  

ئەمڕۆ (دووشەممە، 29ی حوزەیرانی 2020)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لەڕاگەیەندراوێکدا ناو و ناسنامەی ئەو گەریلایەی ئاشکرا کرد کە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە لە هێرشێکی فڕۆکەکانی تورکیا لە سەیرانگای کونەماسی سەربە پارێزگای سلێمانی، شەهید بوو.  

هاوکات پژاک ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو هێرشە کە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدرا، دەرئەنجامی هەوڵ و تەقەلای خەتی خیانەت و بەکرێگیراوی بوو و بە هاوکاری کەسانی خۆفڕۆش روویدا".  

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پژاک ناسنامەی ئەو قوربانیه‌ بەم شێوەیەیە:  

ناو و پاشناو: رێبوار قولی‌زادە.  
ناوی رێکخستنی: ئاریوان شۆڕشگێڕ.  
لەدایکبووی: شاری بۆکان.  
شەهادەت: 25ی حوزەیرانی 2020، شارباژێر - باشوری کوردستان.  



لەسەر کەسایەتی ئەو گەریلایە لە پەیامەکەی پژاکدا هاتووە: "هەڤاڵ ئاریوان لاوێکی خوێنگەرم و خاوەن هەستی بەرزی وڵاتپارێزی و خەڵک دۆست بوو کە بە تێگەیشتن لە داگیرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و دۆخی نالەباری کۆمەڵگا و خوێندنەوەیەکی ڕاست لە پرسی کورد، رێگەی چیا سەرکەشەکانی کوردستانی بە ئامانجی درێژەدان بە خەبات لەسەر رێچکەی شەهیدانی پێشەنگ وەک عاکیف مامۆ زاگرۆس، دلێر بۆکان و دڵگەش و ئاراس گرتەبەر، بڕیارداری هەڤاڵ ئاریوان لە خەباتدا بوو بە هۆی گەشەکردن و پێشکەوتنی لە ماوەیەکی کورتدا و بەردی بنەمای کادربوون و پێشەنگایەتی شۆڕشگێرانەی بە پتەوی دانا، دڵسۆزانە و خۆنەویست شانیدا بەر خەبات و بە نەزم و رێک‌وپێکی لە کاردا دەناسرا، بە دڵنزمی و لێهاتوویی لە ناو هەڤاڵاندا خۆشەویست بوو، یادی بەرز بێت و رێگای پر رێبوار".  

ڕۆژی 25ی حوزەیرانی 2020، لە سەیرانگای کونەماسی لە پارێزگای سلێمانی، لە بۆردومانێکی فرۆکەجەنگییەکانی تورکیادا، گەریلایەک شەهید کرا و سێ گەریلا و ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنیش برینداربوون. 



زۆرترین بینراو