#ڤایرۆسی کۆرۆنا

سعودیە تەمەن و ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ ئاشكرادەكات

هەواڵی / 23/6/2020 173 جار بینراوە

سعودیە تەمەن و ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ ئاشكرادەكات


دەسەڵاتدرانی سعودیە، سەبارەت بە حەجی ئەمساڵ رێنمایی و مەرجەكانی بڵاوكردەوە و بەگوێرەی زانیارییەكان تەنها 10 هەزار كەس ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجامدەدەن.

تەوفیق رەبیعە، وەزیری تەندروستی سعودیە ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، "ئەنجامدەرانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ پێویستە تەمەنیان خوار 65 ساڵ بێت و هیچ نەخۆشییەكی درێژخایەنیان لەگەڵدا نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش پلانی تایبەت جێبەجێكراوە".

لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزیری حەج و عمرەی وڵاتەكە رەبیعە وتیشی "بڕیارەكانی ئەمساڵی تایبەت بە حەج، لە چوارچێوەی پاراستنی تەندروستی هەمواندایە و لەژێر رێنمایی و چاودێری و رێكاری ورد ئەنجامدەدرێت".

راشیگەیاند، پێش فەریزەی حەج سەرجەم حاجییەكان پشكنینی كۆرۆنایان بۆ ئەنجامدەدرێت و دوای تەواوبونی فەریزەكە دەبێت هەمویان بۆ 14 رۆژ خۆیان لە ماڵەوە كەرەنتین بكەن، ئەوە بۆ كارمەندانی مزگەوتی پیرۆزی مەككەش جێبەجێدەكرێت.

لە كۆنگرەكەدا ئەوەش رونكرایەوە، بۆ حەجی ئەمساڵ ژمارەی حاجیان 10 هەزار كەس تێناپەڕێنێت، بە تەواوی رێكارە تەندروستییەكانیشدا تێپەڕدەبێت.

وەزارەتی حەج لە سعودیە دوێنێ دوشەممە بە راگەیەندراوێك بڵاویكردەوە "بە رەچاوكردنی دۆخی ئێستای جیهان و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زیاتر لە 180 وڵاتدا، كە بەهۆیەوە نزیكەی نیو ملیۆن گیانلەدەستدان و زیاتر لە حەوت ملیۆن توشبو هەیە، رێكارەكانی ئەمساڵ جیاوازدەبن".

راشیگەیاند، بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سەرجەم وڵاتان بەهۆی ئەوەی كۆبونەوەكان هۆكارێكی سەرەكی بڵاوبونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە، حەجی ئەمساڵ 1441ی كۆچی بە شێوەیەكی زۆر سنوردار ئەنجامدەدرێت بۆ سەرجەم چین و توێژ و نەتەوە جیاوازەكان كە لەئێستادا لەناو عەرەبستانی سعودییەدان، هەركەسێك بیەوێت دەتوانێت بەپێی رێنماییەكان بەشداری بكات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەمساڵ هیچ حاجییەك لە دەرەوەی عەرەبستانی سعودییەوە وەرناگیرێت و حەج تەنها لەلایەن ئەو كەسانەوە ئەنجامدەدرێت، كە لەئێستادا لەناو وڵاتەكەدان بێ رەچاوكردنی رەگەزنامە و نەتەوە و جیاوازییەكان.

 

 


زۆرترین بینراو