#ڤایرۆسی کۆرۆنا

ئایا مێخه‌ك و جاتره‌ چاره‌سه‌ری ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كات ؟

هەواڵی / 21/6/2020 690 جار بینراوە

نە مێخەک چارەسەری کۆرۆنایە نە جاترە ،  هیچ کامیان دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا نین .

شه‌ن پرێس :
-- ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا ڕاستە کە گوڵەمێخەک و جاترە چارەسەری ڤایرۆسی کۆڕۆنان یان دەتوانن مرۆڤ بپارێزن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڤید - 19، ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ وەڵامی ئەو بەڕێزانە و تێکڕای هاونیشتمانیانی ئازیزە :
١- هیچ لەو دوو گژوگیایە هیچ تایبەتمەندیەکی دژە ڤایرۆسییان تێدا نیە بە پێی بەڵگە و سەرچاوە زانستیەکان، وا ناتوانن هیچ ڤایرۆسێک بکوژن، تەنانەت لە کۆمەڵەی گژوگیای چینی و بەریتانی و ئەمریکا هیچ ئاماژەیەک بە کاریگەری ئەم دوو گژوگیایە نەکراوە دژی ڤایرۆسە ناسراوەکان، هەرچەند سوودیان بۆ تەندروستی زۆرە و پێشتر باسکراون .
٢- خۆی ڤایرۆسەکە تازەیە و بەردەوام جیناتەکانی دەگۆڕێن، بۆیە تا ئێستا چارەسەری بنەڕەتی نیە لە هەموو جیهان دا، تەنانەت دەرمانی کە زانا ڕوسییەکان پەرەیان پێداوە ڕێژەی سەرکەوتنی ( % 90 ) لەو نەخۆشانەی بۆیان بەکار هێنراوە .
٣ -- گوڵە مێخەک و جاترە وەکو زۆر خواردەمەنی و بەرهەمی دیکە لە سروشتدا یارمەتی بەهێز کردنی کۆئەندامی بەرگری لەش دەدەن، سوود و بە کارهێنیان لە بواری زانستی پزیشکی دا زۆرە بەڵام هیچ ئاماژە بەوە نەکراوە کە ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەری ڤایرۆسی کۆڕۆنا یان هیچ ڤایرۆسێکی دیکە .
٤ - بێگومان نەخۆش ئازادە کە هەر گژوگیایەک بە کاربێنێت بۆ چارەسەری خۆی یان خۆپاراستن، ئەوەیان بابەتێکی دیکەیە .
٥ - بەکارهێنانی بەهارات و گژوگیای سروشتی ڕۆژانە هەموو کاتێک سوودی هەیە بە مەرجێک زیادەڕەوی تێدا نەکرێت چونکە زۆر بەکارهێنانی گوڵەمێخەک یان زەیتەکەی یان جاترە ڕۆژانە هەریەکەیان کاریگەری لاوەکی هەیە و بۆ هەموو کەسێک ناگونجێت .
٦ - گوڵەمێخەک خۆی یان زەیتەکەی یارمەتی کۆندامی هەناسە و دابەزینی تا و پاکردنەوەی سییەکان و کەمکردنەوەی نیشانەکانی پەتا دەدەدات، بەڵام چارەسەر نییە و ناکرێت وەک چارەسەر یان تەنها ڕێگای خۆپاراستن بەکار بێت .
ڕێکارەکانی خود پارێزی تەنها ڕێگایەکە بۆ خۆپاراستن لە پەتای کۆڕۆنا و پێویستە چەند بتوانین پاپەند بین پێیانەوە بە تایبەت لەم چرکەساتەدا تێکڕای نەخۆشخانەی چارەسەری کۆڕۆنا پڕ بوون و ڕۆژانە ژمارەیەکی زیاتر تووش دەبن .
.......
ئامادەکردنی د. کامەران ڕسوڵ ژاژڵەیی
پسپۆڕی زانستی خۆراک

زۆرترین بینراو