#ڤایرۆسی کۆرۆنا

ئه‌و ژنه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رده‌بارانیكرد!

هەواڵی / 19/6/2020 1569 جار بینراوە

چیرۆكێكی كاریگه‌ر
ئه‌و ژنه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رده‌بارانیكرد!

شه‌ن پرێس، گۆڤاری خود
من به‌ خۆم ناڵێم داوێن پیس، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رده‌بارانی كردم ناچاربووم بچمه‌ ناو قاڵبی داوێن پیسیه‌وه‌.چاوه‌كانم ئه‌ڵێی مه‌قه‌ڵین، هه‌ر فرمێسكێكم پشكۆیه‌كه‌ بۆخۆی گلێنه‌و بیلبیله‌ی چاوه‌كانم ئه‌سوتێن نازانم چی بكه‌م؟رێگاكان ونیان كردووم‌و خۆشم خۆم وێڵا سه‌رگه‌ردان كردووه‌، له‌ قوڵایی بیرێكدام نازانم چۆن لێی ده‌رچم خنكاوم.له‌وانه‌یه‌ پرسیارم لێبكه‌ن‌و ئێوه‌ش به‌رده‌بارانم كه‌ن بڵیم چی؟ من ژنی پیاوێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندم حه‌زم له‌ كوڕه‌ دراوسێكه‌م ده‌كرد، به‌ڵام دایك‌و باوك‌و براو ئامۆزاو خاڵۆزاكانم فرۆشتیانم.
یه‌كه‌م شه‌و كه‌ چوومه‌ ماڵه‌كه‌م لێم بوو به‌ زیندان، به‌ دۆزه‌خ، مێرده‌كه‌م دوای هه‌فته‌یه‌ك هاوسه‌رگیریمان ناوه‌ناوه‌ ژنی ئه‌هێنایه‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌یبرده‌ ژووری نوستنه‌كه‌مان، سه‌عاتێ‌ دوان به‌ ده‌م خواردنه‌وه‌و كاری خۆی ده‌كرد.
له‌ رووم نه‌ده‌هات به‌ كه‌س بڵێم. كچی ماڵیش بووم خوێنه‌واریم نه‌بوو، نه‌مزانی چی بكه‌م یاخی بم؟! ئاخر بڕۆم بۆ كوێ‌، تۆ بڵیی خۆر گیرابێ‌و دونیا هه‌مووی تاریكستان بێ تۆ بڵێی گه‌ڵای پایزبم ‌و فرێ‌ بدرێمه‌ ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌وه‌، تۆ بڵێی یه‌خسیربم‌و شه‌و و رۆژ كه‌له‌بچه‌ به‌ ده‌ست‌و قاچمه‌وه‌ بێ....
پیاوه‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ دڵپیس بوو رێگه‌ی نه‌ئه‌دا پێشوازی له‌ میوانه‌كان بكه‌م، یان هه‌فته‌ی جارێك، مانگی جارێك، سه‌ردانی دایكم بكه‌م، كچه‌ هاورێشم نه‌بوو، دنیا له‌به‌رچاوم كه‌وت، مێرده‌كه‌م ته‌نانه‌ت نه‌یده‌هێشت نوێژ بكه‌م رێی خواپه‌رستی لێگرتم، ئه‌گه‌ر به‌ توڕه‌یی وه‌ڵامم بدایه‌وه‌ تفی لێده‌كردم‌و ئه‌یوت: تۆ سه‌گی ئه‌وه‌ڕیت، تا بووم به‌ به‌رد، هه‌موو ساتێ‌ شه‌قم ئه‌بردو ئه‌بوومه‌وه‌ به‌ خۆم، ورده‌ ورده‌ تووشی نه‌خۆشی خه‌مۆكی بووم، سه‌رم قورس بوو، شانه‌كانم ده‌ئێشان، شه‌و و رۆژ ده‌گریام گڕێك له‌ ناخمدا بوو ده‌توت: ئاگری دۆزه‌خه‌.
نه‌ده‌متوانی مۆبایل به‌كاربهێنم یا ده‌رگاكه‌ بكه‌مه‌وه‌ له‌ عاره‌بانه‌ی به‌رده‌رگا یه‌ك كیلۆ ته‌ماته‌ بكڕم.
كه‌س نه‌یزانی چیمه‌، چونكه‌ كه‌سم نه‌ده‌بینی ته‌نانه‌ت نه‌مده‌توانی به‌ ئاره‌زووی دڵی خۆم گوێ‌ له‌ رادیۆ بگرم، یان سه‌یری ته‌له‌فزیۆن بكه‌م، كه‌ كچ بووم گوێم له‌ ئازادی ئافره‌ت ‌و یاخی بوونی فیمینستی‌و ئه‌و شته‌ سواوانه‌ دووباره‌ و هه‌زار باره‌ كرانه‌وه‌.

ورده‌ ورده‌ بڕوام به‌ هیچ شتێ‌ نه‌ما، له‌ سه‌ره‌تادا وتیشم: خۆم بكوژم، به‌ڵام نه‌موێرا رۆژێ‌ له‌ پڕ مێرده‌كه‌م به‌ په‌له‌په‌ل چووه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌بیری چوو ده‌رگاكه‌ له‌سه‌رم كه‌مین بدات، تروسكاییه‌ك چووه‌ ناو دڵمه‌وه‌، وامده‌زانی كۆترم‌و ئێستا هه‌ڵده‌فڕم‌و ده‌رگای ژیان و باخچه‌كان له‌ خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌.
بۆیه‌ هه‌رنه‌مزانی چۆن دوو ستیان‌و دوو ده‌رپێ‌و دوو ژێركراس بخه‌مه‌ ناو عه‌لاگه‌یه‌كه‌وه‌و وه‌كو شێت خۆم بگۆڕم‌و رابكه‌م بۆ كۆڵانه‌كان.
له‌ بیرم چوو ده‌رگاكه‌ له‌ دوای خۆما داخه‌م كۆڵان به‌ كۆڵانم كرد، نه‌یانگرتمه‌وه‌ به‌بێ ته‌قه‌ ته‌ق چوومه‌ ناو حه‌وشه‌ی مزگه‌وته‌كه‌وه‌، به‌ڵام زانیم ئافره‌ت بۆی نییه‌ له‌ناو مزگه‌وت بخه‌وێ‌، هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر شۆسته‌یه‌ك له‌ شۆسته‌كانی شاره‌كه‌م دانیشتم‌و قاچه‌كانم به‌ دامێنی ته‌نوره‌كه‌م داپۆشی‌و نه‌مزانی چاوه‌روانی چی ده‌كه‌م؟ له‌ پڕ ته‌كسیه‌ك وه‌ستاو پیاوێكی ته‌مه‌ن (60) سالَ ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌و رویتێكردم وتی: خوشكم بۆ كوێ‌ ده‌رۆی ئه‌تبه‌م له‌گه‌ڵا خۆم به‌بێ ئه‌وه‌ی كرێم بده‌یتێ‌.
وامزانی فریشته‌یه‌ك له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆم هاتۆته‌ خواره‌وه‌، ده‌رگای ته‌كسیم كرده‌وه‌و له‌ پشته‌وه‌ دانیشتم، دوای بڕینی دوو فولكه‌ پاكه‌تی جگه‌ره‌كه‌ی كرده‌وه‌و جگه‌ره‌یه‌كی پێشكه‌ش كردم منیش داوای لێبوردنم لێكردو پێم وت: ببوره‌ مامه‌ جگه‌ره‌ ناكێشم، ترسام... پرسیارم لێ كرد مامه‌ ئه‌مبه‌م بۆ كوێ‌؟ له‌ ئاوێنه‌ی پێشه‌وه‌ بیینیم پێكه‌نی‌و لیكاو له‌ ده‌میه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، وتی هه‌رشوێن زۆره‌، ترس كه‌وته‌ دڵمه‌وه‌و گێژبووم ئاگام له‌ خۆم نه‌ما، هه‌رئه‌وه‌نده‌م زانی له‌ شوێنێكی دووری ده‌ره‌وه‌ی شارم‌و مامه‌ی ناموباتره‌ك له‌سه‌یاره‌كه‌ی ده‌رچوو ده‌رگای پشته‌وه‌ی كرده‌وه‌وه‌ له‌ ته‌نیشتم دانیشت‌و (25) هه‌زاری سووری دامێ‌و وتی: دنیا رابواردنه‌و هیچی به‌سه‌روه‌ نییه‌ هه‌موو ئافره‌تان ئه‌م كاره‌ ئه‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ دزیه‌وه‌.
نازانم تۆ كچی یا ژنی، به‌ڵام زۆر جوانیت ئه‌وی راستی بێ ناتوانم خۆم بگرم.
ئه‌مه‌ی وت‌و له‌ پڕ روومه‌تی راستمی ماچ كرد، ئه‌مجا لێوه‌كانی خسته‌ سه‌رلێوه‌كانم‌و تامی جگه‌ره‌ی ده‌می خه‌ریك بوو بمخنكێنێ‌ نه‌متوانی هاوار بكه‌م چونكه‌ هه‌ردوو لێوه‌كانی ده‌توت كه‌له‌بچه‌ن‌و زمانم ته‌ته‌ڵه‌ی كردو تووشی ئیفلیجی بووم، هه‌ستم كرد زمانم نییه‌، په‌لاماری ستیان‌و كراس‌و ته‌نوره‌كه‌می داو ئه‌وه‌ی ویست بكات كردی.
ئێسته‌و ئێسته‌ش رووداوی ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ به‌سه‌رما تێپه‌ڕی بیرم ناچێته‌وه‌. ئیدی بۆمده‌ركه‌وت ژیان ته‌نها بریتیه‌ له‌ناوگه‌ڵا پیاكردن، چونكه‌ براكه‌شم كچی هێنایه‌ ماڵه‌وه‌و باوكیشم دوو ژنی هێنا به‌سه‌ر دایكما، ئیدی نه‌مزانی به‌های مرۆڤایه‌تی لای من ماوه‌، یان نا زوڵمیان لێكردم، یان خۆم زوڵمم له‌ خۆم كرد. نێچیرم یا فرۆشراوم؟

زۆرترین بینراو