#ڤایرۆسی کۆرۆنا

رابەر بەنیاز بوو 9 رۆژی تر ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجامبدات بەڵام ده‌سگیرانه‌كه‌ی كوشتی .

هەواڵی / 31/5/2020 580 جار بینراوە

رابەر بەنیاز بوو 9 رۆژی تر ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجامبدات بەڵام ده‌سگیرانه‌كه‌ی كوشتی .


(رابەر) ماوەی نزکەی سێ مانگ بوو ئاهەنگی مارەبڕینی لەگەڵ کچێک تەمەن 18 ساڵ بەناوی (ڕ ، ئـ) ئەنجامدابوو، خانوو و ماڵەکەشی ئامادەبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستگیرانەکەی دەستبکەن بەژیانێکی نوێ، بەڵام مەرگ رێگەی نەدا (رابەر) پێبخاتە ناو تەمەنی هاوژینی و پێش ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ هەمیشە چاوەکانی لێک نا و بەگوێرەی ووتەی کەسوکاری (رابەر)یش، یەکێک لە بکوژانی (رابەر) خودی دەسگیرانەکەی بووە.

رۆژی سێشەممە 19ی ئایاری 2020، (رابەر محەمەد ئەمین) دانیشتووی قەڵادزێ کە تەمەنی 27 ساڵە، لەگەڵ دەستگیرانە تەمەن 18 ساڵەکەی، دوای تەواوکردنی مامەڵەی هاوسەرگیری لە دادگای قەڵادزێ، ئیتر لە دوا نیوەڕۆی ئەو رۆژە (رابەر) بێسەروشوێن دەبێت و تا رۆژی دووەمی جەژنی رەمەزان 25 ی ئایار واتا دوای نزیکەی هەفتەیەک تەرمی (رابەر) لەناو چەمێکی ئاودا لە گوندێکی سنوری قەڵادزێ دەدۆزرێتەوە .

” دەستگیرانەکەی دەستی لە کوشتنی(رابەر) دا هەبووە”
کەسێکی نزیک لە (رابەر) کە ئاگاداری وردەکاری رووداوەکەیە لە باسی چیرۆکی ئەو رووداوە بۆ تۆڕی سلێمانی ووتی ” ماوەی سێ مانگ بوو رابەر و دەستگیرانەکەی ئاهەنگی مارە بڕینیان ئەنجامداو‌بوو، مارە بڕینەکەش لەسەر خواستی هەردووکیان بووە و هیچ گیرو گرفتێکش لە ئاردا نەبووە و هەم رابەر و هەمیش دەستگیرانەکەی بە خواست و ئارەزووی خۆیان ئەو بڕیارەیان داوە بە بێ ئەوەی زۆری لە هیچ کامێکیان کرابێت، بەڵام بە هۆی کەرەنتینە کردن و داخستنی فەرمانگەکان کاروباری یاسای دەرهێنانی مامەڵەی هاوسەرگیری دواکەوت تا هەفتەی رابردوو، ئەمە جگەلەوەی کە (رابەر) خانویەکی لە نزیک ماڵی باوکی دەستگیرانەکەی بەکرێگرتبوو ناو ماڵەکەشیان تەواو ئامادەکردبوو ”

ئەو کەسە نزیکەی (رابەر) باسی لەوەشکرد، رۆژی سێشەممەی رابردوو 19 ی ئایار ، ( رابەر ) و دەستگیرانەکەی بە ئۆتۆمبێلەکەی (رابەر) سەردانی دادگای قەڵادزێ دەکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەی هاوسەرگیری، بۆ نیوەڕۆی ئەو رۆژە دەستگیرانەکەی بە تەنیا دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی، بەڵام ( رابەر ) دیار نامێنێت و مۆبایلەکەشی دادەخرێت، دواتر دەستگیرانەکەشی پێی راگەیاندبوون کە ئۆتۆمبێلکەی رابەر لە رێگا پەکی کەوتووە، بۆیە ئەوی بە تەکسیەک ناردۆتەوە ماڵی باوکی و خۆشی چۆتە ناوچەی پیشەسازی قەڵادزێ تا وەستا بهێنێت ئۆتۆمبێلەکەی چاک بکاتەوە.

ئەو کەسە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی(رابەر) یان دۆزیوەتەوە لە نزیک نەخۆشخانەی قەڵادزێ دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلەکە پەکی نەکەوتوە و کاردەکات، بەڵام چارەنوسی ( رابەر ) هەر نادیار بوو، بۆیە ئەوان لە پۆلیسی قەڵادزێ داوای یاسایی خۆیان تۆمار دەکەن.

کە (رابەر) بێ سەروشوێن بووە و بۆیە ئەوان و هێزە ئەمنیەکانیش کەوتنە گەڕان و لێکۆڵینەوە ، دوای گەڕانی وورد و لێکۆڵینەوەی چڕ دەست کەوتنی چەند بەڵگەنامەیەک و وەرگرتنی وتەی چەند کەسێک و دەستگیرانەکەی، دوای 5 رۆژ هێزەکانی پۆلیس گومان لە ووتەکانی دەستگیرانەکەی دەکەن و دەستگیرانەکەی (رابەر) دەستگیردەکەن .

ئەو کەسە نزیکەی (رابەر) لە دێژەی چیرۆکەکە رونیشیکردەوە: دوای دەستگیرکردنی دەستگیرانەکەی، (رابەر) کە کچێکی تەمەن 18 ساڵە وئەویش دانیشتووی قەڵادزێیه، له دانپێدانانی خۆی دەڵێت کە ئەو خۆی رۆژی سێ شەممە 19 ی ئایار، دوای تەواوکردنی مامەڵەی هاوسەرگیری داوای لە( رابەر ) کردووە بچێتە ناوچەی چۆمخڕەکەی نزیک قەڵادزێ بۆ ئەوەی پیاسەیەک بکەن، بەڵام لەوێ لە کاتی بێئاگای (رابەر) ئەو کچە بە ووتەی خۆی بەردێکی بەسەری (رابەر)دا کێشاوە و کوشتویەتی و دواتر لە چۆمێکی نزیک شوێنی رووداوەکە تەرمی ( رابەر ) ی لەناو ئاودا شاردۆتەوە .

ئەو سەرچاوەیە باس لەوەش دەکات ” ئەو کچە باسی لەوەش کردووە کە ئەو چەند جارێک ویستویەتی (رابەر) بکوژێت و نەیویستووە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، بەڵام ئەوان هێشتا دڵنیانین لە شێواز و هۆکاری کوشتنەکەی کە ئاخۆ چەند کەسی تر بەشداری ئەو تاوانەن، بۆیە ئەوان وەک کەس و کاری رابەڕ چاوەڕێی لێکۆڵێنەوەی هێزە ئەمنیەکان دەکەن و و دواتر دادگا بڕیاری خۆی بدات”.

” بە گوێرەی زانیاریەکان، ( رابەر ) بڕیاریدابوو رۆژی 6.6. 2020 ئاهەنگی بووک گواستنەوە لەگەڵ (ڕ، ئـ) ئەنجامبدات و بۆ ئەو مەبەستەش هۆڵی ئاهەنگ گێڕانەکەیان دەست نیشانکردبوو و تەنانەت پارەی کرێی هۆڵ و ئاهەنگەکەشی دابوو”

” بە تۆمەتی کوشتنی ( رابەر ) پۆلیس دوو کەسی دەستگیر کردووە ”

شۆڕش ئیسماعیل ووتی”دوای دەست کەوتنی چەند بەڵگەیەک گەڕان و لێکۆڵینەوەیەکی شەش رۆژە ، دواتر دوو کەسیان بە تۆمەتی کوشتی (رابەر) دەستگیر کردووە کە یەکێک لەوانە دانی ناوە تاوانی کوشتنی ئەو گەنجەدا، پاشان بەهۆی دان پێدانانی ئەو دوو کەسەوە توانراوە تەرمی ( رابەر ) لە نزیک گوندی (شۆڕان) ی قەزای پشدەر بدۆزنەوە کە بەهۆی بەرکەوتنی چەند زەبرێک بەر سەری کوژرابوو ، ئێستاش لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دۆسیەکە رەوانەی دادگا کراوە و لێکۆڵیەوەی زیاتریش لەو رووداوە دەکرێت

زۆرترین بینراو