حوکمی ئه‌نجامدانی نوێژی جەژن لە حاڵه‌تی بوونی پەتای کۆرۆنا

هەواڵی / 21/5/2020 176 جار بینراوە

حوکمی ئه‌نجامدانی نوێژی جەژن لە حاڵه‌تی بوونی پەتای کۆرۆنا

ئاماده‌كردنی : پرۆفیسۆر دكتۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی



بسم الله الرحمن الرحيم

پرسیار لە سەر چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژی جەژن زۆر ده‌كرێت،به‌تایبه‌ت دوای ئەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و ئەنجام نه‌دانی نوێژی جەژن له‌مزگه‌وته‌كان درا.

وەڵام:

یەکەم: نوێژی هەردوو جەژن لای زۆربەی فەقیهەکان سونەتێکی موئەکەدە، لەوانەش مالکی و شافعی، تەنانەت حەنەفیەکان بە واجبی دادەنێن ـ کە پلەکه‌ی بەرزترە لە سونەت و نزمترە لە فەرز ـ و حەنبەلی وای دەبینن کە فەرزی کیفایەیە، ئەگەر هەندێک ئەنجامیان دا لەسەر هەمووان لاده‌چێت. (١)

نوێژی هەردوو جەژن لە شەعائیرە هەرە گەورەکانە لە ئیسلام، هەموو تێیدا بەشداردەبن، لە پیاو و ژن تەنانەت ئەوانەی لە عادەدان...(٢)

کاتەکەشی؛ دوای خۆرهەڵاتی رۆژی جەژن و بەرزبوونەوەی خۆر بەقەدەر ڕومێک، کە دەبێتە دوای 15 دەقیقە لە خۆرهەڵاتن، و پێش نوێژی نیوەرۆ بە 20 دەقیقە کۆتایی دێت، ئەگەر نوێژه‌كه‌ت لێچوو، دەتوانی بە تاک یان کۆمەڵ بیکەیتەوە.

شوێنەکەی- هەر شوێنێکی پاک مزگەوتبێت یان شوێنێکی تر.

چونیەتی ئەنجامدانی:

نوێژی جەژن لای حەنەفیەکان و حەنبەلیەکان واجبە ب کۆمەڵ ئەنجام بدرێت، لای ئەوانەی تریش بە تاک، کە روکاعەتی یەکەم بە حەفت تەکبیر (یان که‌متر) دەستپێدەکات و روکاعەتی دووەم بە پێنج یان کەمتر.

ئەنجامدانی نوێژی جەژن لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، کە لە مزگەوته‌كان قەدەغەکراوە:

لە ژێر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دروستە نوێژی جەژن له‌ ماڵەوە ئەنجام بدرێت و باشترە بە کومەڵبێت،

کە ئەو کەسەی لە ماڵه‌كه‌ دا جوانتر قورئان دەخوێنێت و پێشنوێژیان بۆ دەکات، لە رکاتی یەکەم دوای تەکبیری ئیحرام شەش جار تەکبیر دەدات، دواتر سورەتی فاتیحە و سورەتێکی تر دەخوێنێت، لە رکاتی دووەم، بە پێنج تەکبیر دەستپێدەکات دواتر فاتیحە و سورەتێکی تر، دوای نوێژ ووتارێکی کورت ده‌خوێنێت.

لە (مختصر الٲم المدني) دا لە شافعیەوە هاتووە: (ئەوەی تەنها لە ماڵەوە، و موسافر، و ئافرەت، نوێژی جەژن ئەنجام دەدەن...) هەروەها فوقەهای تریش مالکی و حەنەلی لەگەڵ ئەوەن، ئەگەر کەسێک نوێژی جەژنی له‌ده‌ستا، با بەتەنیا یان بەکۆمەڵ ئەنجامی بدات، ئیبن قودامە لە المغني دەڵێت: (ئەو دەتوانێت بە تەنها، یان بە کۆمەڵ ئەنجامی بدات)

بۆیە سوپاس بۆ خوا، بابەتەکە ئاسانکاری باشی تێدایە، ئێوەش لەسەر خۆتان توندی مەکەن، بۆیە باشترە نوێژی جەژن بە کۆمەڵ لە ماڵەوە ئەنجام بدرێت، لە ژێر داخستنی مزگەوتەکان، و لە خوا دەپارێینەوە کۆتایی بەم پەتایە بێنێت، ئامین.

وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم

(١) سەیربکە: بدائع الصنائع (١/ ٢٧٤ - ٢٧٥) والهداية (٦٠/١) والمجموع النووي (أ/ ٥٠٣) والمغنى لابن قدامه (٣٠٤/٢) والإنصاف (٣١٦/٣)، والموسوعة الفقهية الكويتية (٢٤٠/٢٧).


زۆرترین بینراو