سلێمانی‌ .. گه‌نجێك نزیكه‌ی‌ دوو ده‌فته‌ر دۆلاری‌ له‌ نه‌نكی‌ خۆی‌ دزی‌

هەواڵی / 20/5/2020 265 جار بینراوە

سلێمانی‌ .. گه‌نجێك نزیكه‌ی‌ دوو ده‌فته‌ر دۆلاری‌ له‌ نه‌نكی‌ خۆی‌ دزی‌
 
شه‌ن پرێس:
به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ پۆلیسی پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایگه‌یاند كه‌ مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی‌ تاوان, تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ بڕی‌ (19) هه‌زار دۆلاری‌ له‌ نه‌نكی‌ خۆی‌ دزیبوو.
پۆلیسی پارێزگای‌ سلێمانی‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: دوای‌ ئـه‌وه‌ی‌ هاووڵاتیه‌ك سكاڵای‌ تۆماركردبوو كه‌ بڕێـكی‌ زۆر پاره‌ی‌ لێبراوه‌, بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ر وه‌رگریراوه‌ و تیمه‌كانی‌ به‌شی پۆلیسی به‌ڵگه‌ی‌ تاوان و نه‌هێشتنی‌ تاوان چوونه‌ته‌ ماڵی‌ سكاڵاكاره‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكردووه‌ و به‌پێی‌ مادده‌ی‌ (444)ی‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقیش بڕیاری‌ دۆزینه‌وه‌ و ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ركراوه‌.
پۆلیسی پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ له‌ پاش لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونه‌كان, توانراوه‌ تۆمه‌تبار (ن , أ , خ)ی‌ له‌دایكبووی‌ ساڵی‌ (1995)ی‌ دانیشتوی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیربكرێت, كه‌ كوڕزای‌ سكاڵاكاره‌كه‌یه‌ و له‌لایه‌ن به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و توانراوه‌ ده‌ستیش به‌سه‌ر بڕی (10) هه‌زار دۆلاردا بگیرێت, كه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ شاردبوویه‌وه‌ و باقیی پاره‌كه‌شی سه‌رف كردبوو.
به‌پێی‌ زانیاریه‌كان, تۆمه‌تباره‌كه‌ چه‌ند جارێك به‌ناوی‌ سه‌ردانیكردنه‌وه‌ چووبووه‌ ماڵی‌ نه‌نكی‌ و دوای‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌یشی دانی‌ ناوه‌ به‌ تاوانه‌كه‌یدا, كه‌ بڕی (19) هه‌زار دۆلاری‌ له‌ نه‌نكی‌ دزیوه‌.




زۆرترین بینراو