حەشدی شەعبی هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر كه‌ناڵی MBC سعودیه‌ له‌ عێراق

هەواڵی / 18/5/2020 151 جار بینراوە

حەشدی شەعبی هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر كه‌ناڵی MBC سعودیه‌ له‌ عێراق

 کۆمەڵێک لایەنگری حەشدی شەعبی لە شاری بەغدا هەڵیانکوتایە سەر کەناڵی MBC عێراق و دایانخست، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش ئەو کارەی سەرکۆنە کرد و هەڕەشەی  گرتنەبەری ڕێکاری تووندی کرد دژبەو کەسانەی کە ئەوکارەیان ئەنجامداوە.   

بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان ئەمڕۆ( دووشەمە) کۆمەڵێک لایەنگری ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، هێرشیان کردوەتە سەر باڵەخانەی کەناڵی MBC عێراق لە گەڕەکی وەزیریەی شاری بەغدای پایتەخت و دایانخستووە.  

ئاماژە بەوەکراوە، دەیان لایەنگر وهەڵسوڕاوی حەشدی شەعبی بەرەبەیانی ئەمڕۆ(دووشمە) بە بەرزکردنەوەی هۆتاف و دروشم دژ بە بنەماڵەی شاهانەی سعودیە گردبوونەوەیەکیان لە بەردەم ئەو کەناڵە ئەنجامداوە لەدوایشدا کەناڵەکەیان داخستوە.  

بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، هۆکاری داخستنی  کەناڵەکە لە شاری بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبیەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گوایە هەفتەی ڕابردوو کەناڵەکە لە یەکێک لە بەرنامەکانیدا ئەبو مەهدی موهەندیس کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە کوژرا تۆمەتبارکردوە بە تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەى عێراق لە لوبنان لە ساڵی 1981 و ناوبراویشی بە "تیرۆرست" وەسفکردوە.  

لای خۆشییەوە گروپی کەناڵەکانی MBC لە بارەی ڕووداوەکەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووە کە تێیدا داوی لە حکومەتی عێراقی کرد بەزووترین کات ڕێکاری یاسایی دژ بەو جۆرە هەڵسوکەوتانە بگرێتە بەر و لێکوڵینەوەی بەپەلە لە ڕووداوەکە بکات و تاوانباران ڕادەستی دادگا بکات.  

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەربارەی ڕووداوەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا جەختیلەوەکردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە هەموو شێوەیەک ئەو جۆرە  دەستدرێژکردنە بۆ سەرموڵکی تایبەت و گشتی ڕەتدەکاتەوە، لە هەمانکاتیشدا دووپاتی دەکاتەوە کە ئەوان لەگەڵ دەربڕینی ڕاو هەڵویستی هاووڵاتیاندان، بەڵام  بەشێوەیەکی ئاشتیانە دوور لە زمانی هەڕەشەوە و کاری تێکدەرانە، بۆیە ئەوان ئەو کارە سەرەکۆنە دەکەن و ڕێکاری توند بەرامبەر ئەنجامدرانی ئەو کارە دەگرنە بەر.  

گروپی کەناڵەکانی  MBC خاوەندارێتی لەلایەن شازادە وەلیدی کوڕی تەلالەوە دەکرێت کە یەکێکە لە شازادەکانی بنەماڵەی شاهانەی وڵاتی سعودیە و بە دەوڵەمەنترین کەسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هەژماردەکرێت، کەناڵی MBC بۆ یەکەمجار لە سەرەتای ئەمساڵدا لە شاری بەغدا دەستی بە پەخش کرد. 

زۆرترین بینراو