فراكسیۆنی گۆڕان نامەیەك ئاراستەی مستەفا كازمی دەكات .. بزانه‌ داوای چی كردووه‌؟

هەواڵی / 17/5/2020 462 جار بینراوە

لە پەرلەمانی عێراق
فراكسیۆنی گۆڕان نامەیەك ئاراستەی مستەفا كازمی دەكات .. بزانه‌ داوای چی كردووه‌؟

شه‌ن پرێس:
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، نامەیەك ئاراستەی مستەفا كازمی دەكات و داوای دروستكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی حكومی ماده‌ی 140 و به‌رده‌وامبونی ڕێكاره‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌م ماده‌ ده‌ستورییه دەكات.

لەو نامەیەدا كە بەزمانی عەرەبی پێشكەشی كازمی كراوە فراكسیۆنی گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، به‌تایبه‌ت دۆخی ئه‌منی و خۆڕێكخستنه‌وه‌ و جموجوڵی گروپی تیرۆریستیی داعش، كێشه‌ی جوتیارانی كورد و سوتاندنی  به‌روبومه‌كانیان، به‌رده‌وامبونی سیاسه‌تی ته‌عریب، چەند داواكارییەكی پێشكەشكردوە.

لە نامەكەدا فراكسیۆنی گۆڕان داوایكردوە،"پلانی تۆكمه‌ دابنرێ بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گروپی تیرۆریستیی داعش و پاراستنی هاونیشتیمانیان و دروستكردنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و كۆی مه‌نزومه‌ی چه‌كداری و ئه‌منیی ئیتیحادی نه‌ك سه‌نگه‌ر له‌یه‌كگرتنیان له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ كه‌ هیچ كێشه‌ی ئه‌منیی تیا نییه‌."

لەبەشێكی دیكەی نامەكەدا داوای دروستكردنی خانه‌ی قه‌یران له‌ هه‌مو قه‌زاكانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بۆ پاراستنی به‌روبومی جوتیاران و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوه‌كان و به‌سزاگه‌یاندنی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێی سوتاندنی گه‌نمی جوتیاران هه‌وڵی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی ئیتنی و تایه‌فی ئه‌ده‌ن.

ئاماژە بەوەشكراوە،"ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئیداریی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ئیداره‌دانی ئه‌م ناوچانه‌ به‌ شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان و هێنانه‌كایه‌ی هاوسه‌نگی له‌ دامه‌زراندن سه‌رباری ڕه‌چاوكردنی پێوه‌ری لێهاتویی."

لە كۆتا داواكاریدا فراكسیۆنی گۆڕان داوای وه‌ستاندنی سیاسه‌تی ته‌عریب و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی ڕژێمی پێشو سه‌باره‌ت به‌ ته‌عریب، به‌تایبه‌ت كوژاندنه‌وه‌ی زه‌ویی كشتوكاڵیی جوتیارانی كورد و توركمان یان گواستنه‌وه‌ی موڵكدارێتیی بۆ خه‌ڵكی پێكهاته‌كانی تر كه‌ له‌ ناوچه‌كانی تری عێراقه‌وه‌ هێنراون.

زۆرترین بینراو