د.بەشیر حەداد بۆ یەکێتی ئەوروپا: رێگە بە هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەز بازی نادەین لە عێراق

هەواڵی / 17/5/2020 201 جار بینراوە

“کارێکی نابەرپرسانە و نافەرمییە”
داواش دەکات بەزوترین کات ئەو ئاڵایە بهێنرێتە خوارەوە و داوای لێبوردنیش لەو کارە بکرێت
د.بەشیر حەداد بۆ یەکێتی ئەوروپا: رێگە بە هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەز بازی نادەین لە عێراق

شه‌ن پرێس:
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی ئیدانەی هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەز بازی لەسەر باڵەخانەی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا دەکات و رایدەگەیەنێت ئەوان دژی کارێکی لەو شێوەیەن و رێگەی پێنادەن.

دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کارەی نوێنەرایەتی يەكێتى ئەوروپا کە رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٥/١٧ لە بەغدا ئەنجامی داوە بە هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزبازی لەسەر باڵەخانەکەیان، کارێکی نابەرپرسانە و نافەرمییە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە نوێنەرایەتی يەكێتى ئەوروپا لە بەغدا رێز لە سەروەری عێراق بگرێت، چونکە ئەوە بەزاندنی سنوورەکانە و لەلایەن بەها دینی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی عێراقییەوە رەتدەکرێتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند؛”ئێمە رێگە بە هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەزبازی لە وڵاتەکەمان نادەین، داوا لە وەزارەتی دەرەوە و لایەنەپەیوەندیدارەکان دەکەین بەدواداچوون بۆ ئەو کارە بکەن و هەریەک لە لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەوقاف و لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران رادەسپێرین کە هەستن بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرامبەر بەو کارە.”

حەداد ئاماژەش بەوە دەکات هەڵکردنی ئاڵای هاوڕەگەز بازی لە بەغدا بریندارکردنى هەستی کۆمەڵگەی عێراقییە و داواش دەکات بەزوترین کات ئەو ئاڵایە بهێنرێتە خوارەوە و داوای لێبوردنیش لەو کارە بکرێت و جارێکی دیکەش کارێکی لەوشێوەیە دووبارە نەکرێتەوە.

زۆرترین بینراو