کۆرۆنا دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی کۆسرەت ڕەسول دوادەخات..”هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین“

هەواڵی / 3/4/2020 214 جار بینراوە

”پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستین“
ڤایرۆسی کۆرۆنا دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی کۆسرەت ڕەسول له‌ناو یه‌كێتی دوادەخات .. ”هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین“


شه‌ن پرێس:
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکرای کرد،بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، دەستنیشانکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی حزبەکەی دواکەوتووە.

هەرچەندە کۆنگرەی یەکێتی لە ٢١ی ١٢ی ٢٠١٩ ئەنجام دراوە، بەڵام هێشتا دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و کۆسرەت ڕەسووڵ کە سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیە دیاری نەکراوە.

لەمبارەیەوە بێستون سابورایی، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتی بە (باسنیوز)ی سه‌ر به‌پارتی ڕاگەیاند، بەھۆی پەتای کۆرۆناوە ماوەی چەند ھەفتەیەکە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتی راگیراوە و ”ئێمەش پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەبین، تا ئەوکاتەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین“.

ڕوونیشی کردەوە، حزبەکەی پەیکەری خۆی تازە کردووەتەوە، بەڵام ”بەڵام کۆبوونەوەیەکمان ماوە بۆ ھەڵبژاردنی بۆردی مەکتەبەکان، ھەر کاتێک ئەندامانی بۆردەکانمان ھەڵبژارد، مانای ئەوەیە یەکێتی وەک حزبێکی سیاسی لە ھەموو بوارە جاوازەکاندا کەوتووەتەوە کار“.

لەبارەی دەسەڵاتەکانی کۆسرەت ڕەسووڵ، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی گوتی: ”جارێ گفتوگۆکان لەسەر ئەو پرسانە ماونەتەوە،چاوەڕێی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەکەین“.

دەسەڵاتەکانی کۆسرەت ڕەسووڵ و ئەنجوومەنەکەی، بەشێکن لە ناکۆکییەکانی ئێستای نێوخۆی یەکێتی. لە کاتێکدا لە دوای کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەوە دەیان سەرکردەی پێشوو و کادیری پێشکەوتووی یەکێتی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە لە نێویاندا (بەرزان ئەحمەد کوردە، هەڵۆ پێنجوێنی، عوسمان بانیمارانی، سامان گەرمیانی، قادر رەزگەیی، سالار عوسمان و چەندانی دیکە) هەن کە بەشێکی زۆریان دان بە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیاندا نانێن و بەشێکیشیان دەڵێن لە کۆنگرە بۆ سەرکردایەتی دەرچوون کەچی دەرنەچوێندراون.

زۆرترین بینراو