یەک قەڕەوێڵە بۆ هەر 700 هاووڵاتى .. کێ بەرپرسە ؟

هەواڵی / 1/4/2020 107 جار بینراوە

یەک قەڕەوێڵە بۆ هەر 700 هاووڵاتییەکى عێراقى.. کێ بەرپرسە لەدۆخى نەخۆشخانەکانى عێراق؟

 

داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن ڕۆژانێکی سەخت لە چاوەڕوانی عێراقدایە بەتایبەتی پاش ئەوەی ڕۆژ بە دوای ڕۆژ ژمارەی توشبوان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵکشانێکی بەردەوامدایە بە جۆرێک زیاترلە 600 کەس لە عێراقدا گیرۆدەی ڤایرۆسەکە بوون 50 کەسی دیکەش بەهۆی توشبونیان بە ڤایرۆسکە مردوون.

ئەگەرچی بەرپرسانی تەندروستی ئەو وڵاتە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دۆخەکە لەژێرکۆنتڕۆڵدایە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەکەن کە قەیرانێکی سەخت پێدەچێت دووچاری کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتە بێتەوە ئەوەش بەهۆی کەمی ئەو کەلوپەلە پزیشکییانەی کە پێویستن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد، ژوری چاودێری ورد، دەمامک و دەستەوانە بەشێکن لەو کەلوپەلانە کە لە ئێستاداعێراق بەدەستی کەمییەوە دەناڵێنێت.

کێشەی تەختی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی عێراق

عەدنان نەوار، پسپۆڕى پەتاکان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕایگەیاند :”ژمارەی دانیشتوانی عێراق 40 ملیۆن کەسە لە ئێستاشدا بۆهەر10 هەزارکەسێک 14 تەخت بەردەستە، بەواتای ئەوەی هەر 700 کەسێک یەک تەختیان بەردەکەوێت”.

نەوار، ئاماژەی بەوە کردوە، پێنج هەزارو 500 تەخت لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکانی عێراقدا ئامادەکراون بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە درمییەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە، لە 200 نەخۆشخانەشدا لە هەموو ناوچەکانی عێراق 10 تەختی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا ئامادەکراوە.

ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد

ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد لە ئێستادا یەکێکە لەهەرە ئەو ئامێرە گرنگانەی کە بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆربەی وڵاتانی جیهانیش بەدەست کەمی ئەو جۆرە ئامێرانەوە دەناڵێنن لەو بارەیەوە، حازم جومەیلی، بریکارى وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت :”ئەو تەختانەی کە تەرخانکراون بۆ چارەسەری توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئامێری هەناسەدانی دەستکردیان لەگەڵدا نییە، ژمارەی ئامێرەکانی دەستکرد لە هەموو عێراقدا تەنها هەزار و200 دانەیە”.

دەمامکی پزیشکی جۆری N95

هاوشان لەگەڵ کەمی ژمارەی ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد، دەمامکی پزیشکی جۆری N95 لە نەخۆشخانەکانی عێراقدا زۆر کەمە و ئەگەری هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا تێمە پزیشکییەکان کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەڵ توشبوانی پەتاکەدا هەیە دووچاری نەبونی ئەو دەمامکە ببنەوە، ئەمە لەکاتێکدا کە بەرپرسانی تەندروستیی عێڕاق بەڕاشکاوای ڕایانگەیاندوە کە ناتوانن بە شێوەیەکی باش دەستەوانەو دەمامک بۆ هاوڵاتیانی عێراق تەرخان بکەن.
.
کەمی و سنورداریی تواناکان

ئەوەشخراوەتە ڕوو، هەرچەندە شەڕە لە دوای یەکەکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە وێرانکردنی کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتە، بەڵام لە هەندێ کاتیشدا کە هێمنی باڵی بەسەر ئەو وڵاتەدا کێشاوە حکومەتەکان بەپێی پێویست بایەخیان بەو کەرتە نەداوە  فەرامۆشیان کردووە.

ئەوە خراوەتە ڕوو، ساڵی 2019 بەراورد بە ساڵانی پێشووتر بە ساڵێکی هێمن هەژمار دەکرێت بۆ عێراق، بەڵام حکومەت لە بودجەی گشتیی وڵات کە لەو ساڵەدا زیاتر لە 100 ملیار دۆلار بووە، تەنها 2.5% بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخان کردووە، ئەوەش بەراورد بە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە بودجەیەکی زۆر کەم هەژمار دەکرێت، لە بەرامبەریشدا عێراق بۆ هێزە ئەمنییەکان 18% تەرخانکردووە و 13%دا بۆ کەرتی نەوت تەرخانکردووە، ئەوەش بۆ خۆی بە شکستێکی گەورە لە قەڵەم دەدرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، عێراق لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا کەمترین بودجەی بۆ کەرتی تەندروستی تەرخانکردووە، بەجۆرێک پشکی تاکی عێراقی لە کۆی پارەی تەرخانکراودا بۆ ئەو کەرتە 161 دۆلاربووە، بەراورد بە چەند وڵاتێکی هەژار وەک ئەردەن کە تێیدا پشکی تاک 304 دۆلار بووە و لە وڵاتی لوبنانیش و649 دۆلاربووە.

جەختیش لەوە کراوەتەوە، کە نەخۆشخانەکانی عێراق لەئێستادا دووچاری چەندین گرفتی گەورەبوونەتەوە بەجۆرێک لە ئێستادا باڵەخانەی نەخۆشخانەکان توانای گلدانەوەی نەخۆشیان نەماوە، هەموو ژورەکانیان لە ئاستی خۆیان زیاتر نەخۆشی تێدایە و ژمارەی قەرەوێڵەکانی لە چاو وڵاتانی ناوچەکەدا زۆر کەمە کە 1.2% دایە بۆ هەر هەزار کەسێک.


زۆرترین بینراو