پەڕلەمانتارێك بۆ سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی هه‌رێم: ئەگەر ناتوانن دەستبەرداری كورسیەكانتان ببن

هەواڵی / 30/3/2020 934 جار بینراوە

لەسەر مووچە هۆشداری توند بە حكومەت دەدرێت
پەڕلەمانتارێك بۆ سێ‌ سەرۆكایەتیەكەی هه‌رێم: ئەگەر ناتوانن دەستبەرداری كورسیەكانتان ببن



ئەندامێكی كوردی پەڕلەمانی عیراق هۆشداری بە هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دەدات لە ئەگەری دەستكاری كردنی مووچەی فەرمانبەران و دەڵێت: “زەحمەت نەبێت دەستبەرداری كورسیەكانتان ببن با كەسانی تر لەبری ئێوە ئەو كارە بكەن”.

سەركەوت شەمسەدین، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزە بەشدارەكانی حكومەت هێندە دەستەوسان و بێ ئیرادە و بێ مۆراڵن لەم دۆخە سەختە، كە هاووڵاتیانی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، لەبری كۆششكردن بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەی خێرا بۆ دەربازكردنی خەڵك لەم دۆخە مەترسیدارە، لە بری دەرهێنانی پارەی ژێرزەمینەكان و دەستبردن بۆ داهاتی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی خۆیان، سەرقاڵی هێنانەوەی سیاسەتی نیوە مووچەن دژ بە فەرمانبەران.

دەشڵێت: “كاتی ئەوەیە سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەڕلەمان و جێگرەكانیان لەبری دەستبردین بۆ مووچە هەوڵەكانیان لەگەڵ حكومەتی عیراق بخەنە گەر بۆ دەرباز بون لەم دۆخە، بە پێچە‌وانەوە هەر هەوڵێك بۆ دەستبردن بۆ مووچە شڵەژانی كۆمەڵایەتی و ئەمنی و تەندروسی دروست دەكات و ئێوە‌ش بەرپرسی یەكەمن لە دەرئەنجامەكەی”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێمە ناتوانین لە ژێر هیچ بیانویەك، چ تەندروستی بێت یان ئەمنی، چاوەروان بكەین بەر بەرچاومانەوە منداڵ و كەسانی بەتەمەن و خێزانە هەژارەكان بمرن. لە نێوان مردن بە كۆرۆنا كە كەمتر لە (١%)ە و برسێتی كە (٢٥%)ە،‌ كارێك مەكەن خەڵك یەكەمیان هەڵبژێرێت. ئێمە دەزانین خۆپارێزی گرنگە، بەڵام لەوەش گرنگتر گوزەرانی خەڵكە. ئەگەریش ناتوانین چارەسەر بدۆزنەوە، زەحمەت نەبێت دەستبەرداری كورسیەكانتان ببن با كەسانی تر لەبری ئێوە ئەو كارە بكەن.

لای خۆشیەوە، ڕێبوار كەریم، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی لەفەیسبووك نووسیویەتی، “ئێستا دەركەوت یاسا چاكسازییەكەتان هەر بۆ گیانی مووچەخۆران پەسەندكرابوو، ئەو قسەیە ڕاست نیە كە دەوترێت بەهۆی قەیرانی كۆرۆنا و نرخی نەوتەوە مووچە كێشەی تێدەكەوێت. نەخێر، ئەوەتا حكومەت خۆی زۆر بە ئاشكرا ئەڵێ (مەترسن، شتێك نیە بەناوی پاشەكەوتی مووچەوە، ئەوە تەنها جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە!)”.

دەشڵێت: “كەواتە حكومەت ڕاست دەكات زۆر پێش ئەم بەزمە بڕیاری كەمكردنەوەی مووچەكانتانی داوە لەڕێی بڕینی بەشێك لەدەرماڵەكانتان بەناوی چاكسازییەوە، بۆیە ئەوەی لەمیدیا و هەندێ چالاكوانەوە دەیبیستن، كە هەندێ زانیاری بڵاودەبێتەوە، ئەوە هەر حكومەت خۆی دزەی پێدەكات بۆ ئەوەی وردە وردە لەسەر كەمكردنەوەی مووچە خەڵك ڕابهێنێت”.

جەختیشی كردۆتەوە، نازانم حكومەت پەشیمان دەبێتەوە لەم هەڵوێستەی یاخود نا، بەڵام ئەوە دەزانم كە ئەمجارە بۆی ناچێتەسەر و خەڵك ڕێگەنادات یاری بە قوتی بكرێت، چونكە ئەمە ژیانی هەموو خەڵك و بازاڕی پێوە بەستراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕۆن، ئەگەر ڕاست ئەكەن، چاكسازی لە دۆسیەی نەوت و غاز و تاڵانی زەوی شارەوانیەكان و گومرك و گرێبەستی وەزارەتەكان و زۆر بواری تر بكەن، گەندەڵی لەوێیە نەوەك لە گیرفانی هاووڵاتی.

بۆ بەدواداچوونی پرسی دەستكاری كردنی مووچەی فەرمانبەران (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم و ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێم، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوون.

زۆرترین بینراو