زانایەک ویستى بە داهێنانێکەى مرۆڤ لە کۆرۆنا دوربخاتەوە بەڵام خۆی کەوتە نەخۆشخانە

هەواڵی / 30/3/2020 365 جار بینراوە

زانایەک ویستى بە داهێنانێکەى مرۆڤ لە کۆرۆنا دوربخاتەوە بەڵام خۆی کەوتە نەخۆشخانە


زانایەکی ئوسترالی لە کاتی هەوڵدانی بۆ دروستکردنی ئامێرێک کە بتوانێت مرۆڤ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزێت توشی گرفت دەبێت و یەکێک لە پارچەکانی ئەو ئامێرە دەچێتە ناو لوتییەوە بۆیە ناچاردەبێت لە نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرێت.

 بەگوێرەی هەواڵی کەناڵی بی بی سی بەریتانی، دانێل ڕێردۆن، زانای پسپۆڕ لە فیزیای فەلەکناسی کە بەڕەگەز ئوستراڵییە لە کاتی تاقیکردنەوەی داهێنانێکدا کە بەنیاز بووە لەڕێگەیەوە مرۆڤ بتوانێت خۆی بپارێزێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا توشی گرفتێکی تەکنیکی بووە و پارچە موگناتیسێکی ئەو ئامێرە چووەتە ناو لوتییەوە.

ڕێردۆن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بی بی سی باسی لە داهێنانەکەی و وردەکاری ڕوداوەکە کردوە دەڵێت، “هەوڵمدا ملوانەکەیەک دروستبکەم هەرکات مرۆڤ دەستی برد بۆ دەموچاوی ئەو ملوانکەیە وەک ئاگادارکردنەوەیەک دەنگێک دەربکات”.

دەشڵێت، “بەڵام ئامێرەکە ئەنجامەکەی بە پێچەوانەوە بوو بەردەوام هەر دەنگی دەردەکرد و ڕانەدەوەستا بۆیە هەوڵمدا پارچە موگناتیسێک لە نزیکیەوە دابنێم، بەڵام دەنگەکە هەر بەردەوام بوو ئەوەش وایلێکردم پێکەنیم بە دۆخەکە بێت”.

 ڕێڕدۆن بەردەوام دەبێت لە گێرانەوەی چیرۆکەکەی، “بیرم کردەوە پارچە موگناتیسەکان کە قەبارەیان بچووکە لە نزیک گوێم و هەردوو کونی لوتم دابنێم، بەڵام ئەو دوو موگناتیسەی کە لەنزیک لوتمەوە دامنابوون هەردووکیان هێزی کێشکردنیان پێچەوانەکردەوە و دانەیەکیان لەپڕ چووە ناو لوتمەوە”.

زانا ئوسترالییەکە باس لەوەدەکات، کاتێک دانەیەک لە موگناتیسەکان چوەتە ناو لوتیەوە هەوڵیداوە لەڕێگەی موگناتیسەکەی دیکەوە ڕایبکێشێت بیهێنێتە دەرەوە، “بەڵام ئەوەی ترشیان چووە ناو لوتمەوە ئەم جارەیان زانیم من توشی کێشەیەکی گەورەبووم زیاتر هەستم بە ترس و شڵەژان کرد”. 

“بۆ ئەوەی خۆم لەو کێشەیە ڕزگاربکەم هەوڵمدا موکێشێک بەکاربهێنم بۆ هێنانە دەرەوەی هەردوو پارچە موگناتیسەکە، بەڵام لەبری ئەوەی کارەکە چارەسەر بکەم خراپترم کرد بۆیە ناچاربووم هانا بۆ نەخۆشخانە شاری مێلبۆرن بەرم”.

زانا ئوسترالییەکە پاش وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە بە پێکەنینەوە دەڵێت، “هەموو کارمەندانی نەخۆشخانەکە بە چیرۆکەکەی منیان زانی بۆیە هەر کات بەلامدا تێدەپەڕێن پێدەکەنن بە دۆخەکەم”.

لە وڵامی پرسیارێکدا ئایا بەردەوام دەبێت لەسەر پەرەپێدان بە داهێنانەکەی، ڕیردۆن لەوەڵامدا وتویەتی، “لەئێستادا ئەو داهێنانە دوادەخەم بۆکاتێکی تر، پێدەچێت کەسێکی دیکەى شارەزاتر لەمن بتوانێت ئەو کارە تەواو بکات”.


زۆرترین بینراو