لەشی ئێمە چۆن شەڕی ڤایرۆس دەکات؟

هەواڵی / 29/3/2020 311 جار بینراوە

د.دانا مەجید،پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مناڵان
لەشی ئێمە چۆن شەڕی ڤایرۆس دەکات؟

ئەگەر پێتوایە کاتێک ڤایرۆسێک هاتە لەشمانەوە ئەوا ڤایرۆسەکە دەستکراوەیە لەوەی چی بکات و لەشی خۆشمان دەستەوسان لە ئاستیدا، ئەوە هەڵە تێگەشتوی.

ڕۆژانە دەبیستین کە خەڵک توشی فڵان ڤایرۆس بووە و خۆیشی بە بێ چارەسەر باش بووەتەوە، ئەمە بەهۆی سەرکەوتنی جەستەمانەوەیە لەشەڕی دژی ڤایرۆسەکە، بەڵێ بەردەوام لەشمان ئامادەیە بۆ ئەوەی شەڕی ڤایرۆس و میکرۆبەکانی دیکە بکات، ئەویش بەهۆی سیستمی بەرگری لەشەوەیە(Immune system).

سیستمی بەرگری لەچەند هێڵێکەوە دەمانپارێزێت لە ڤایرۆس لەوانە:-
١- پێست /
ئەگەر برینێک لە ڕوی پێستماندا نەبێت ئەوا وەک دەرعی گولەنەبڕ وایە و ناهێڵێ ڤایرۆس بێتە ناو لەشمانەوە، بۆیە ڤایرۆسەکان هەوڵدەدەن لەڕێگەی لوت و دەموچاوەوە زەفەرمان پێبەرن.

٢-پژمــە/
ڕەنگە زۆربەمان بێزاربین لە پژمە ،بەڵام پژمە وەڵامدانەوەی لەشمانە بۆ ئەوەی ئەو ڤایرۆسانەی لە لوتماندایە فڕەی بداتە دەرەوە.

٣- کۆکــــە/
بە لاتەوە سەیرە کە کۆکە بمانپارێزێ؟ نەکەی ئێستا دەرمانی دژی کۆکە بەکاربهێنی، چونکە ئەو ڤایرۆسانەی خۆیان ئامادەکردوە کە لە قوڕگمانەوە تێپەڕن و بگەنە سییەکانمان ئەوا کۆکە هەوڵدەدات فڕێی بداتە دەرەوە.

٤/ بەڵغـــــەم/
تۆ بڵێی بەڵغەمیش ئیشی پێسپێردرابێت؟ بەڵێ بەهۆی خەستی و لینجیەکەیەوە وەک تەڵە وایە کە میکرۆبەکە هەڵدەگرێت و بەهۆی خانەی تایبەت هەمیشە بەبێ قاچ بەڵغەمەکە بۆ دەرەوە پاڵ دەنێت، بۆیە زۆربەی کات فەحسی بەڵغەم بە ئاسانی دەتوانێت میکرۆبرکە پیشان بدات.
٥- خڕۆکە سپیەکان ( شەڕکەری ڕاستەقیـــنە).

هەڵبــــەتە ڤایرۆس پێکهاتەکەی ئەوەندە سادەیە زاناکان بە زیندەوەری دانانێن(مردووش نیە)، لەدەرەوەی لەش زیادناکات، بەڵام کاتێک دێتە لەشەوە دەڕواتە ناو خانەوە، ئیدی دەستدەگرێ بەسەر کارگەی ناوخانەکان و بۆ بەرژەوەندی زیادبوونی خۆی بەکاریدەهێنێ،ژمارەیان دەگاتە هەزاران لەناو یەک خانەدا، دواتر خانەکە دەتەقێنێ و بڵاودەبێتەوە بۆ شوێنی دیکە. بەڵام خڕۆکە شەڕکەرەکان لێناگەڕێن بە ئاسانی تەراتێن بکات.

شەڕەکە بەم شێوەیەیە

• خانەی ژەهراویT (cytotoxic T cell).
ئەم خانانە دەسوڕێنەوە بۆ ئەوەی بزانن چی خانەیەک ڤایرۆسەکەی تێدایە، هەر کە دۆزیانەوە ئەوا مادەیەک دەڕژێنێت و خانەکەو ڤایرۆسە داگیرکەرەکەی ناویشی دەکوژێت.

• خانەی بکوژی سروشتی (Natural killer cells).
ئەمانیش دەگەڕێن بەدوای ئەو خانانەدا کە دەربازیان بووە لە دەست خانەی سایتۆتۆکسیکانەوە، هەرچیان دۆزیەوە لەناوی دەبەن.

• دژە تەنەکان (Antibody )
بەلاتەوە سەیر نەبێ ئەگەر بڵێم ژیانی کەسمان نەدەگەیشتە ئەم تەمەنە ئەگەر دژەتەنەکان نەبوونایە، ئەگەر دژە تەنەکان نەبونایە ڤاکسین دروست نەدەکراو یەک ڤایرۆس دەیتوانی چەندین جار توشی نەخۆشیمان بکات، ئەگەر یەک جار تووشی دڕکەومێکوتە ببیت ئەوا دژەتەن دروستدەبێت و بۆ هەمیشەیی دەمانپارێزێت لە دڕکەو میکووتە، سوپاس بۆ ئەو خوایەی کە دژەتەنەکانی بۆ دروستکردوین بۆ ئەوەی بمانپارێزن.

دژە تەنەکان لە ڤایرۆس بچوکترن، ٥ جۆری جیاوازیان هەیە، لە خڕۆکە سپیەکانەوە دروستدەبن، زیاد لە دە ملیار جۆری جیاواز دژەتەن لە لەشماندا هەیە، کە بەم شێوە شەڕ دژی ڤایرۆس دەکەن:

*ڤایرۆسەکان ناچالاک دەکەن بەمەش کەمتر دەتوانن خانەکان داگیر بکەن
*دەنوسێن بە ڤایرۆسەکەوە ئەمەش وەها دەکات خڕۆکەی سپی قەپگر بە ئاسانی ڤایرۆسەکە بناسنەوەو ڤایرۆسەکە قوتدەدات
*هەندێک لە دژە تەنەکان پێکەوە کاردەکەن و وادەکەن ڤایرۆسەکان بەیەکەوە بنوسێن و کۆمەڵە دروسبکەن(agglutination ) بەمەش بە ئاسانتر لەلایەن خڕۆکە شەڕکەرەکانەوە لەناو دەبرێن
* دژەتەنی کەسێک کە پێشتر توشی ڤایرۆسەکە بوەو ئێستا باش بووبێتەوە وەردەگیرێت و دەتوانرێت بدرێت لەکەسی توشبوو بۆ ئەوەی شەڕی ڤایرۆسەکەی بۆ بکات، چونکە ئەم پێشتر شەڕی ئەو ڤایرۆسەی کردووە، بە خۆشحاڵـــیــیەوە ئێستا لە سلێمانی لە هەوڵدان بۆ ئەوەی سوود لەمە وەربگیرێت.
* تەنانەت شەڕ دژی ژەهر (Toxin) یش دەکات و هەوڵدەدات بیکاتە دەرەوەی لەش.

ئەمە تەنها بەشێکە لەو شەڕەی سیستمی بەرگری لەشمان دەیکات دژی ڤایرۆس، ئێمە وەک پزیشکی منداڵان ئەوە دەزانین کە هەندێک منداڵ ساڵانە ڕەنگە دە جار شەڕی سەختی ڤایرۆس بکەن، بە خۆشحاڵییەوە هەمووکات شەڕەکە دەبەنەوە.

گرفتی گەورە ئەوەیە نزیکەی لەسەدا دە ی کۆمەڵگا ڕەنگە لە شەڕی دژی ڤایرۆسدا بدۆڕێت، بۆ نمونە لە ساڵێ ١٩١٨ کاتێک ئەنفلۆنزای ئیسپانی بڵاودەبێتەوە تەنها لەسەدا ١٠ ی خەڵکــــی شەڕەکەیان دۆڕاند کە نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەسی کوشت، وە خەمی ناوەندە تەندروستییەکان لە توشبونی ڤایرۆسی کۆرۆنــــا ئەو خەڵکانەیە کە سیستمی بەرگری لەشیان باش ئی ناکات، ئەگەر لە هەریمی کوردستان لەسەدا دەی خەڵکی لە مەترسی دۆڕاندنی جەنگەکەدا بن لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوا نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لە مەترسیدا دەبن.
...
د.دانا مەجید
پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مناڵان

زۆرترین بینراو