# بزووتنەوەی گۆڕان #ڤایرۆسی کۆرۆنا #هاوپەیمانیی نیشتمانی

نهێنی هەڵپەی خەڵک بۆ کڕینی کلێنسی تەوالێت لە جیهاندا چییە؟

هەواڵی / 17/3/2020 899 جار بینراوە

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا
نهێنی هەڵپەی خەڵک بۆ کڕینی کلێنسی تەوالێت لە جیهاندا چییە؟

شه‌ن پرێس:
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهاندا و پەیڕەوکردنی ڕێکارە خۆپارێزییەکان لە قەدەغەکردنی هاتوچۆ و کەرەنەتینەکردنی هاوڵاتیان لە ماڵەکانی خۆیاندا، وێنەی قەرباڵغی ڕیزگرتنی خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا بۆ کڕینی پێداویستی ڕۆژانەیان بە بەردەوامی لە میدیاکاندا بڵاودەبێتەوە.

ئەوەی تێبینی کراوە و بووەتە جێگای سەرسامکردنی چاودێران، هەڵپەکردنی خەڵکە لەسەر کڕینی کلێنسی تەوالێت کە زۆرجار ئەوەندە خەڵک تامەزرۆی کڕینی ئەو کاڵایە بوون ئەوەندە تامەزرۆی کاڵاکانی دیکە نەبوون کە بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەیان بەکاردێت، هەندێ جاریش وەک بەردە گرانبەهاکانی لێهاتووە.

زۆرجاریش کەمیی و نەمانی ئەو کاڵایە لە مارکێت و بازاڕەکاندا بووەتە هۆکاری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان کڕیارەکاندا و لە زۆربەی توڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتە ڤیدیۆ و وێنەی لەو شێوەیە بڵاوبووتەوە.

دەبێت چیرۆکی هەڵپەکردن لە سەرکڕینی دەسماڵی تەوالێت لەم کاتدا لەلایەن خەڵکەوە چی بێت؟، ستیڤ تایلەر، مامۆستا و پسپۆڕی دەروونزانی لە زانکۆی کۆڵۆمبیای ئەمریکی  لەو باریەوە بە ئاژانسی فرانس پریسی وتووە: ” لەئێستادا کلێنسی تەوالێت  لە ناو ناخ و دەرونی خەڵکدا وەک ئامرازێکی خۆپاراستنە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

تایلەر کە هاوکات دانەری پەرتوکی “سایکۆلۆژیای پەتاکان”ە  دەشڵێت: “تاکەکان پێیانوایە لە ئێستادا دەبێت هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان، بۆیە پەنایان بردووە بۆ دەست شۆرین و کەرنتینەکردنی خۆیان لە ماڵەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تاکەکان قێز لە هەموو شتێکی پیس و قێزەون دەکەنەوە، بۆیە پێیانەوایە کلێنسی تەوالێت یەکێکە لەو ئامرازانەی کە بەدووریاندەگرێت لەو هەموو شتە پیسیانەی کە تووشی نەخۆشییان دەکات”.

ئەو پسۆری دەرونزانییە پێی وایە ڕەفتارەکانی مرۆڤ لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکاندا لە هەموو کات و ساتێکدا  لێکچوونێکی زۆریان هەیە و دەڵێت: “لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئینفلەوەنزای ئیسپانی لە ساڵی 1918 کە بووەهۆی گیانلەدەستدانی زیاتر 700 هەزار ئەمریکی، خەڵکی هاندا بە ترس و لەرزێکی زۆر و شێتانەوە ڕووبکەنە بازارکردن و عەمبارکردنی کاڵاکان و بابەت خۆراکییەکان”.

دەشڵێت: “چۆن لە ئێستادا تاکەکان باس لەوە دەکەن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا چەکێکی بایەلۆژی چینە یاخود ئەمریکایە و بەشێکە لە پیلانگێری، ئەو کاتەش خەڵک پێیانوابووە فایرۆسی ئینفلەوەنزای ئیسپانی چەکێکی ئەڵمانییە و ئەڵمانییەکان بە مەبەست بڵاویانکردوەتەوە، بەڵام ئەوەی ئەم دوو پەتایە و ئەم دوو مێژووە لەیەک جیادەکاتەوە ئەوکاتە توڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونیان نەبووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەیە شتە ئەرێنییەکان و نەرێنییەکان بڵاوبکرێتەوە”.

هاوکات شارەزایانی ئابوری پێیانوایە هەڵپەکردنی تاکەکان لە سەرکڕینی کلێنسی تەوالێت بۆ ئەوەیە چونکە زۆربەیان توانای ئەوەی هەیە لەڕێگەی خەرجکردنی پارەیەکی کەمەوە خۆیان بپارێزن لە نەخۆشی، لە بری ئەوەی پارەیەکی زۆر خەرج بکەن کە دوای ئەوەی توشی نەخۆشییەکەبن، ئەوەش پێیدەڵێن خۆبەدورگرتن دژ بە مەترسییەکان.

لەو بارەیەوە، فراسات بوخاری، شارەزای ئابوری تەندروستی لە زانکۆی “ئیست ئنگلیا”ی بەریتانی دەڵێت: “پێموایە هەموومان دەمانەوێت بە بودجەیەکی کەم دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، بۆیە کەلوپەلی هەرزانبەها دەکڕین و عەمبار دەکەین، چونکە بەهەرحاڵ پێویستیمان پێ دەبێت و بەکاردەهێنین”.

دەشڵێت: “بەڵام کەڵوپەلە خۆراکییە گرانبەهاکان سەرباری ئەوەی دەتوانین عەمباربکەین کە هەندێکیشان مڕۆڤ حەزی لێناکات، ئەگەری هەیە لە کاتی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە چارەنووسیان تەنکەی خۆڵ و خاشاکەکان بێت و فڕێبدرێن”.
ناس کورد-

زۆرترین بینراو