# بزووتنەوەی گۆڕان #ڤایرۆسی کۆرۆنا #هاوپەیمانیی نیشتمانی

چ تەمەنێک گونجاوە بۆ دووگیان بوونی خانمان؟

هەواڵی / 12/3/2020 986 جار بینراوە

خانمان تاوەکو تەمەنێک دەتوانن دووگیان بن
چ تەمەنێک گونجاوە بۆ دووگیان بوونی خانمان؟

شه‌ن پرێس:
بەشێکی زۆری خانمان دەپرسن چ تەمەنێک باش و گونجاوە بۆ دووگیانبوون، تەنانەت چەندین توێژینەوەش لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدراون.

د.کریستین دۆنێنەن، پسپۆری خانمان و منداڵبوون لە ماڵپەری (Women’s health) بابەتێکی لەسەر گونجاوترین تەمەن بۆ دووگیانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: تاوەکو ئێستا لەرووی زانستییەوە هیچ تەمەنێک دیارینەکراوە بۆ دووگیانبوون، ئەمەش چونکە جەستەی هەر خانمێک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، بەڵام هەمووان لەسەر ئەوە کۆکین کە خانمان تاوەکو تەمەنێک دەتوانن دووگیان بن، دوای ئەوەی دەگەنە تەمەنی نائومێدی سوڕی مانگانەیان دەوەستێت وناتوانن دووگیان بن.

پسپۆرەکەی خانمان و منداڵبوون دەڵێت: راستییەکە ئەوەیە دووگیانبوون لەهەندێک تەمەندا باشترە بۆ خانمەکە و بۆ منداڵەکەش، خانمان دوای ئەوەی دەگەنە تەمەنی 35 ساڵی توانای منداڵبوونیان لاوازدەبێت و دوای تەمەنی 37 ساڵی بەرێژەیەکی بەرچاو ئەمە بەدیدەکرێت و دووگیانبوون زەحمەتردەبێت.

د. کریستین روونیدەکاتەوە، خانمان پێویستە هەم لە رووی جەستەییەوە، هەمیش لە رووی دەروونییەوە ئامادەبن بۆ دووگیانبوون، زۆربەی توێژینەوەکان هاوڕان کە دووگیانبوون لە بیستەکانی تەمەنەدا بۆ خانمەکە گونجاوە، ئەمەش چونکە کواڵێتی هێلکەی خانمەکە باشترە و جەستەیی بەتەواوی ئامادەیە بۆ هەڵگرتنی کۆرپە و کەمترین گرفتی دەبێت لەماوەی دووگیانیدا.

لە توێژینەوەیەکدا کە لە جۆرناڵی (Human Reproduction) بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە، خانمان لە دوای تەمەنی 35 ساڵی چانسی دووگیانبوونیان %50 کەمترە بەبەراورد بە خانمان لە بیستەکانی تەمەندا، هەروەها دووگیانبوون لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، دەبێتەهۆی دەرکەوتنی چەندین لێکەوتی نەخوازراو لە کاتی دووگیانی، مەترسیی لەبارچوون و منداڵبوونی پێشوەختەش زیاددەکات.

سه‌رچاوه‌:
رۆشنبیری و زانیاری سێكسی

زۆرترین بینراو