هەندێک لایەن بەجدی هەوڵی گەڕاندنەوەی عەبدولمەهدی دەدەن بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق

هەواڵی / 7/3/2020 627 جار بینراوە

“هەندێک لایەن بەجدی هەوڵی گەڕاندنەوەی عەبدولمەهدی دەدەن بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و خۆپیشاندەرانیش ڕەتیدەکەنەوە”

 

دواى بڵاوبونەوەى دەنگۆى ئەوەى هەندێک لایەنی سیاسى هەوڵى گەڕانەوەى عادل عەبدولمەهدى دەدەن بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی عێراق، خۆپیشاندەرانى شارى بەغدا لەڕێگەى پۆستەرەکانیانەوە عەبدولمەهدیان ڕەتکردەوەو لەیەکێک لە پۆستەرەکاندا نوسیویانە “گەڕانەوەت رەتدەکەینەوە ئەى شکستخواردوو”.

بەپێى بەدواداچونەکانى ناس، ئەمڕۆ شەممە 7ی ئاداری 2020، خۆپیاشندەران چەندین لافیتەیان لە گۆڕەپانى تەحریر و پردى کۆمارى لە شارى بەغدا داناوەو عادل عەبدولمەهدیان بە “شکستخواردوو” وەسف کردوە.

بەپێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان چەند هەوڵێک هەیە بۆ گەڕاندنەوەى عادل عەبدولمەهدى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران و دەرکەوتنەکانى ئەو چەند ڕۆژەى دواییشى وەک خۆنیشاندان و هاتنەوە پێشەوە ئەنجام دەدات، بەڵام حەیدەر مولا، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عیراق دەڵێت “هیچ رێگەیەكی یاسایی نییە بۆئەوەی عادل عەبدولمەهدی دوبارە بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران، چونكە ناوبراو دەستی لەكاركێشاوەتەوە”.

هەر سەبارەت بەو بابەتە ڕۆژنامەى عەرەبیە لەزارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە ئاماژەى بەوەداوە، هەندێک هێزى سیاسى شیعى، سونى و کوردى بە جدى هەوڵى ئەوەیان دەستپێکردوە عادل عەبدولمەهدى بگەڕێننەوە پۆستى سەرۆکوەزیران، بەڵام هەڵوێستى مەرجەعى ئایینى ڕێگرە لەبەردەم هەوڵەکەیان.

لەلایەکى ترەوە ڕۆژنامەى “شرق الاوسط“ ئەوەى بڵاوکردوەتەوە، جوڵە سیاسیەکانى ئەم دوایە کە چەند کۆبونەوەیەکن لەنێوان بەرهەم ساڵحی سەرۆککۆمار و ژمارەیەک سەرکردەى شیعە لەسەر بابەتى پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو تائێستا هیچ ئەنجامێکى بەدواوە نەبوە، یەکێکیش لە بژاردەکان ئەوەیە کە هیچ لایەنێک پاڵێوراوى داهاتوو دیارى نەکات، بەڵکو لەڕێگەى پەرلەمانەوە بێت ئەویش بە کۆکردنەوەى واژوو، ئەوەش لەپێناو ئەوەى ئەو کەسەى بەو شێوە ڕادەستپێردرێت و حکومەت پێکدەهێنێت بتوانێت لەسەر پێى خۆى بوەستێت لەڕێگەى پشتگیرى ئەو لایەنانەی پەرلەمان کە دیارى دەکەن.

بەپێى وتەى سەرچاوەکە، ئەم ڕێگەیەیان لەڕێگەى دیاریکردنى محەمەد تۆفیق عەلاوى جیاوازەو ئەمجارە بە دەستپێشخەرى تاک نابێت و بە ڕێککەوتنى پێشوەخت دەبێت.

سەبارەت بەدەنگۆکانى گەڕانەوەى عادل عەبدولمەهدى بۆ پۆستەکەى رونیکردوەتەوە، هەوڵى جدى هەیەو هێزى سیاسى کاریگەریش پشتگیرى ئەو هەوڵانە دەکات، بەڵام هەموان هەڵوێستەکانى مەرجەعى ئایینى لەو بارەیەوە بەهەند وەردەگرن کە داواى دانانى سەرۆکوەزیرانیکى نوێ دەکات.

هەر سەبارەت بەو بابەتە حەسەن عەلەوى، بیرمەند و کەسایەتی سیاسى دیارى عێڕاقى و پەرلەمانتارى پێشوو بە هەمان ڕۆژنامەى وتوە، بەبێ ڕێککەوتنى ئێرانى – ئەمریکى سەختە سەرۆکوەزیرانێکى نوێ تێپەڕێنرێت ئەوەش بەهۆى جیاوازى بارودۆخەکە و سروشتى کێشمەکێشەکانى نێوان ئەو دوو لایەنە، محەمەد تۆفیق عەلاویش لەبەرەى ئێران بوو، بەڵام نەیتوانى تەنانەت هەندێک هێزى نزیک لە ئێرانیش ڕازى بکات.

عەلەوى پێشى وایە، دواى ڕوداوەکانى نێوان ئێران و ئەمریکا بەتایبەتى کوشتنى قاسم سولەیمانى ئێران کاریگەرى گەورەى بەسەر عێراقەوە نەماوەو کاریگەریەکەى پاشەکشەى کردوە، کوشتنى سولەیمانى زۆر هاوکێشەى لە عێراق و ناوچەکەدا گۆڕى، بۆیە شتەکان ئاڵۆزترن بەتایبەتى بابەتى تێپەڕاندنى سەرۆکوەزیران کە تەنها پەیوەست نییە بە هۆکارە ناوخۆییەکانەوە، بەڵکو پەیوەستە بە هۆکارە دەرەکیەکانیشەوە.

سەبارەت بەئەگەرى دانانەوەى عادل عەبدولمەهدى سەو بیرمەندە عێراقیە دەڵێت، عادل عەبدولمەهدى سەرکردە نییە، بەڵکو سەربازێکە و سەربە هێزێکە و کار بە فەرمانى ئەو هێزە دەکات، بەڵام شەڕەنگێز و تۆڵەکەرەوە نییە هەروەها ئازا نییە لەبڕیارداندا، بەڵام عێراق پێویستى بەپیاوێکى ئازا هەیە لەبڕیارداندا.


زۆرترین بینراو