# بزووتنەوەی گۆڕان #ڤایرۆسی کۆرۆنا #هاوپەیمانیی نیشتمانی

لەسه‌ر دانانى سەرپەرشتیار و بەرپرسى هێزەکانى حەفتا ناکۆکییە ناوخۆییەکانى یەکێتى سەرهەڵدەدەنەوە

هەواڵی / 27/2/2020 515 جار بینراوە

کۆنگرەش تواناى چارەسەرى كێشه‌كانی نه‌بوو
لەسه‌ر دانانى سەرپەرشتیار و بەرپرسى هێزەکانى حەفتا ناکۆکییە ناوخۆییەکانى یەکێتى سەرهەڵدەدەنەوە

شه‌ن پرێس،ئێن ئاڕتی:
نوێترین پەرەسەندنى ناکۆکییە ناوخۆییەکانى نێو یەکێتی، لە دانانى سەرپەرشتیارو بەرپرسى هێزەکانى حەفتاى ئەو حزبەدا جارێکیتر سەرهەڵدەدەنەوە، کاتێک بە فەرمانى کۆسرەت رەسوڵ، جەعفەر شێخ مستەفا کرایە سەرپەرشتیارى ئەو هێزانە.

بەشێکى زۆرى لایەنگر و هەوادارانى یەکێتى ئومێدیان لەسەر ئەوە هەڵچنى بوو کە کۆنگرەى چوارەمى حزبەکەیان کێشەى باڵباڵێن و ناکۆکیە ناوخۆییەکانى حزبەکەیان چارەسەر بکات، بەڵام پێناچێت کۆنگرەش تواناى چارەسەرى ئەو کێشە درێژخایەنەى ئەو حزبەى هەبێت.

نوێترین پەرەسەندنى ناکۆکییە ناوخۆییەکانى نێو یەکێتی، لە دانانى سەرپەرشتیار و بەرپرسى فەرماندەیى هێزەکانى حەفتاى ئەو حزبەدا دەرکەوت، کاتێک بە فەرمانى کۆسرەت رەسوڵ، جەعفەر مستەفا کە هاوکات جێگرى سەرۆکى هەرێمیشە، کرایە سەرپەرشتیارى هێزەکانى حەفتا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتییەو بەپێى پەیڕەوى ناوخۆى ئەو حزبە، دەسەڵاتەکانى دیاریکراوە و تواناى دانانى سەرپەرشتیارى ئەو هێزانەى نییە، بەڵکو تەواوى دەسەڵاتەکانى دانانى بەرپرس و سەرپەرشتیارى یەکەکان، لە دەستى هەردوو هاوسەرۆکەکەى یەکێتیدایە.

لە بەرامبەر ئەمەشدا هاوسەرۆکانى یەکێتى مەحمود سەنگاویان بە سەرپەرشتیارى ئەو هێزانە دەستنیشان کردووە، کە سەنگاوى پێشتر بە یەکێک لەو ئەندامانەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى ناسرابوو کە نزیکى بەرهەم ساڵحە.

لەلایەکى ترەوە لە لێدوانێکى رۆژنامەنووسیدا،مستەفا چاوڕەش ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى رایگەیاندبوو، کە ئەو بەرپرسى هێزەکانى حەفتایە و مەحمود سەنگاوییش سەرپەرشتیارى هێزەکانە.

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى ئێن ئاڕ تى لە سەرچاوەیەکى باوەڕپێکراوەوە دەستى کەوتوون، لە پاش هەڵبژاردنى هاوسەرۆکانى یەکێتییەوە،پەیوەندییەکانى کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح کە پێشتر لە زۆربەى زۆرى هەڵوێستەکانیاندا پێکەوە بوون، بەرەو خراپبوون رۆشتووە لە ئێستادا.

دانانى سەرپەرشتیارى هێزەکانى حەفتاش، قوڵبوونەوەى ئەو ناکۆکیانە و لێدانە لە پەیوەندییەکانى بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ، چونکە کۆسرەت رەسوڵ بە نووسراوى فەرمى جەعفەر شێخ مستەفاى بە سەرپەرشتیارى هێزەکانى حەفتا داناوە، لە بەرامبەردا هاوسەرۆکانى یەکێتیش لاى خۆیانەوە مەحمود سەنگاویان بۆ هەمان پۆست داناوە، لە کاتێکدا مەحمود سەنگاوى پێشتر نزیکتربوو لە بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵەوە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى سەرچاوەکە، کۆسرەت رەسوڵ هەست بەوە دەکات کە دەسەڵاتەکانى لەناو حزب لە بەرامبەر لاهور جەنگى و بافڵ تاڵەبانى لەدەستداوە، بۆیە دەیەوێت لە ڕێگەى دانانى جەعفەر شێخ مستەفاوە دەسەڵاتى لەناو هێزە چەکدارەکانى ئەو حزبەدا لەدەست نەدات.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا پاش چەندین رۆژ لە هەڵبژاردنیان و تەنانەت پاش بەشداریکردنى بافڵ تاڵەبانى لە کۆبوونەوەى سەرۆکایەتى هەرێم لەگەڵ شاندى حزبەکان لەبەغدا کە تیایدا جەعفەر شێخ مستەفاش ئامادەبوو، بەڵام دوو رۆژ دواى ئەوە جەعفەر شێخ مستەفا بە یاوەرى چەند کەسێکى ترى سەرکردایەتى یەکێتى سەردانى بافڵ تاڵەبانى کردووە و هەواڵەکەش لە میدیاکاندا وا بڵاوکرایەوە کە بۆ پیرۆزبایى بووە، بەڵام بە وتەى ئەو سەرچاوەیە ئەو سەردانەش بەمەبەستى رەواندنەوەى بەشێک لەو گرژى و ناکۆکیانە بووە کە لەسەر سەرپەرشتیارێتى یەکەکانى حەفتا لەنێوان جەعفەر شێخ مستەفا و مەحمود سەنگاویدا سەریهەڵداوە.

لە ئێستادا و لە روی یاسایی و پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییەوە، هاوسەرۆکەکانی یەکێتی دەسەڵاتی رەهایان هەیە لە ناو یەکێتیدا و مەسەلەی سەپاندنی ئەم واقیعە تەنها کاتی دەوێت، بە تایبەت دوای ئەوەی پارتیش لە رێی سەرۆکی هەرێمەوە پیرۆزبایی لە هاوسەرۆکەکانی یەکێتی کرد، لە کاتێکدا پێشتر نەیاندەویست دان بەو واقیعە نوێیەدا بنێن. هەروەها خودی مەسعود بارزانیش رۆژێک پێش کۆبونەوەی لایەنەکان لەگەل سێ سەرۆکایەتییەکە، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بافل تاڵەبانی ئەنجام داوە.

زۆرترین بینراو