# بزووتنەوەی گۆڕان #ڤایرۆسی کۆرۆنا #هاوپەیمانیی نیشتمانی

میدیای پارتی : به‌به‌ڵگه‌وه‌ چەندان فێڵ و کاری نایاسایی شاسوار عەبدولواحید بزانه‌ .

هەواڵی / 24/2/2020 517 جار بینراوە

میدیای پارتی : به‌به‌ڵگه‌وه‌ چەندان فێڵ و کاری نایاسایی شاسوار عەبدولواحید بزانه‌ .


میدیایه‌كی پارتی ده‌ڵێت : شاسوار عەبدولواحید کە خۆی بە سەرۆکی گرووپێکی بچووکی سیاسی دەزانێت، لە ڕێگەی چەندان فێڵ و کاری نایاساییەوە پەرە بە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی دەدات، هەرچەندە بەهۆی بەشێک لەم کارانەشەوە ژیانی هاووڵاتیان کەوتووەتە مەترسییەوە.

له‌ هه‌واڵێكدا میدیای (باسنیوز)ی سه‌ر به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ پارتیه‌ ئه‌وه‌ی بڵاوكرۆدته‌وه‌ : شاسوار عەبدولواحید زیاتر لە ١٠ ساڵ لەمەوبەر، بڕی ٤٣ ملیار دیناری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەرز کردووە، لەم ماوەیەشدا ئەو قەرزە بڕە فائیدەیەکی زۆری هاتووەتە سەر و ئێستا زۆر زیاتر بووە و گەیشتووەتە ٧٠ ملیار دینار، بەم هۆیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت راستەوخۆ ئەو موڵکەی شاسوار عەبدولواحید وەک بارمتە دایناوە، بفرۆشێت، کەچی ئەو پڕۆژەی گوندی ئەڵمانی وەک بارمتە داناوە کە لە بنەڕەتدا موڵکی خەڵکە. هەرچەندە یاساناسان پێیانوایە کە لەم حاڵەتەدا حکوومەت دەتوانێت موڵکەکانی دیکەی کۆمپانیای (نالیا) بفرۆشێت. باسیش لەوە دەکرێت کە ئەگەر سەرجەم قەرزەکان لە شاسوار عەبدولواحید وەربگیرێتەوە، دوور نییە ”مایەپووچ ببێت“. هەر بۆیە د. مەدحەد سلێمان، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین بە (باسنیوز)ی راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید بۆ ڕزگاربوون لە دانەوەی ئەم قەرزە، داوای خۆپیشاندانی بەرفراوان دەکات.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ئه‌و هه‌واڵه‌یه‌ كه‌ میدیای پارتی به‌ به‌ڵگه‌وه‌ بڵاوی كردۆته‌وه‌ : -
 

چاڤیلاند و مەترسی لەسەر ژیانی گەشتیاران

پڕۆژەی چاڤیلاند لە لایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە لە شوێنێک دروست کراوە کە ژمارەیەک تاوەری گەورەی کارەبای تێدایە، ئەمەش مەترسی زۆری لەسەر ژیانی گەشتیاران دەبێت. (باسنیوز) زانیویەتی کە چەند ساڵێکە ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی داوای لابردنی ئەو تاوەرانە دەکات، بەڵام شاسوار عەبدولواحید و کۆمپانیاکەی خۆیان لەم کارە دەدزنەوە، چونکە تێچووەکەی ٤.٥ ملیۆن دۆلار دەبێت، ئەوان چاوەڕوانن حکوومەت ئەم کارەیان بۆ بکات، هەرچەندە پێشتر خودی کۆمپانیاکە بەڵێننامەی داوە کە ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت.

شارەزایانی بواری یاسا پێیانوایە کە دەبێت ڕێوشوێنی یاسایی بگیرێتە بەر تاوەکوو کۆمپانیاکەی شاسوار عەبدولواحید پابەندبکرێت بە گواستنەوەی تاوەرەکان و دوورخستنەوەی ئەم مەترسییە لەسەر ژیانی ئەو گەشتیارانەی کە ڕوو لە چاڤیلاند دەکەن.

 

جووت سایدێکیان کردووەتە موڵکی شاسوار عەبدولواحید

لە ماوەی ڕابردوودا شاسوار عەبدولواحید بەهۆی ئەم پەیوەندییە ژێر بە ژێرانەی لەگەڵ بەرپرسانی سنوورەکەی هەیبووە، گۆڕانکاری لە شەقامێکی گرنگدا کردووە کە لە بنەڕەتدا جووت سایدێکە و لەبەردەم پڕۆژەی (چاڤیلاند)ە، کەچی شەقامەکە بووە بە موڵکی پوخت (موڵکی صرف) بۆ شاسوار عەبدولواحید، لە کاتێکدا لە ڕووی یاساییەوە ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕێپێدراو نییە، کەچی بێدەنگی لێکراوە.

جگە لەمەش، بەپێی دیزاینی پڕۆژەی (چاڤیلاند)، پێویست بوو شاسوار عەبدولواحید شەقامێکی ٣٠ مەتری لە چوارچێوەی پڕۆژەکەی دروست بکات، کەچی نەیکردووە.

 

هەر لە پڕۆژەی چاڤیلانددا ئەم پێشێلکارییانە هەن:

- پڕۆژەی ئەکوا پارکی نێو (چاڤیلاند) بە زێدەڕۆ دروست کراوە.

- تەلەفریکی (چاڤیلاند) بە زێدەڕۆ بردراوەتە سەر شاخی گۆیژە.

- شاسوار عەبدولواحید بە نیازە کۆمەڵێک خانوو بە ناوی کۆشکی شاهانە لە نێو پرۆژەکەی دروست بکات و بە نرخی خەیاڵی بیان فرۆشێت، لە کاتێکدا لە بنەڕەتدا ئەو زەوییەی بۆ ئەم کارە بە نیازە بەکاری بهێنێت، ڕووبەری سەوزاییە و پێشتر خۆی بەڵێنی داوە بیکات بە سەوزایی نەک خانوو، کەچی ئێستا بە بیانووی ئەوەی خۆی بە خاوەنی تەواوی موڵکەکە دەزانێت، دەیەوێت بیکات بە خانوو.

 

پشکی خاوەن پشکەکان

شاسوار عەبدولواحید لە کاتی دروستکردنی چاڤیلاندەوە تاوەکوو ئێستا، پشکی پڕۆژەکەی بە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس فرۆشتووە، کەچی تەنیا بڕە پارەیەکی یەکجار کەمی وەکوو قازانج بە خاوەن پشکەکان داوە، هەرچەندە پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە داهاتی ساڵانەیان بەرز دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، زیاتر لە ١٣٨ کەس لەسەر پشکەکان سکاڵایان لە دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار کردووە کە سەرجەمی پشکەکانیان ملیۆنەها دۆلارە، بەڵام ناوبراو هەموو ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون و نەگەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف دەگرێتە بەر.

 

بابیلۆن داوای زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار لە نالیا دەکات

بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، کۆمپانیای (نالیا)ی شاسوار عەبدولواحید بۆ ڕیکلامکردن لە هەرسێ کەناڵەکەی، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای (بابلیۆن) هەبووە کە دەبووایە بەپێی گرێبەستەکە، ساڵانە پێنج ملیۆن دۆلار بە بابیلۆن بدات، کەچی ماوەیەک لەمەوبەر کێشە لە نێوان هەردوو کۆمپانیاکە دروست بووە و بەهۆیەوە بابیلۆن سکاڵای لە دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار کردووە و داوای زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار دەکات و کۆمپانیای (نالیا) بە پێشێلکردنی گرێبەستەکەی نێوانیان دەزانێت، بەم هۆیەشەوە شاسوار عەبدولواحید تەنگەتاو بووە و هەوڵدەدات لەم کێشەیە ڕزگاری ببێت.

هەر بە گوێرەی بەدواداچوونەکەی (باسنیوز)، سەرجەمی ئەو قەرزە جۆراوجۆرانەی حکوومەت و خەڵک و کۆمپانیاکان و ئەو پابەندییە داراییانەی کە لە ڕووی یاساییەوە کەوتوونەتە سەر شاسوار عەبدولواحید، ئەگەر لە ڕێگەی یاساوە وەربگیرێنەوە، ئەوا ناوبراو بە تەواوەتی مایەپووچ دەبێت.
ئەلبوومی وێنەکان



زۆرترین بینراو