#ڤایرۆسی کۆرۆنا

هێرشكردنەسەر خۆپیشاندەران لە عێراق بەردەوامە؛ ئەمڕۆ 12 خۆپیشاندەر كوژراون

هەواڵی / 26/1/2020 175 جار بینراوە

هێرشكردنەسەر خۆپیشاندەران لە عێراق بەردەوامە؛ ئەمڕۆ 12 خۆپیشاندەر كوژراون


بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەك هێزە ئەمنییەكان بەردەوام بوون لە هێرش‌و پەلاماردانی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان لە بەغدادو پارێزگاكانی دیكەی باشوری عێراق، كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ دەڵێت: تەنها ئەمڕۆ 12 خۆیشاندەر كوژراون.
دوای كشانەوەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی خۆپیشاندەران لە بەرەبەیانی دوێنێوە، خۆپیشاندانەكان ڕوبەڕوی هێرش‌و پەلاماردان بوونەوە‌و لە هەندێك لە خۆپیشاندەران دروشم دژی سەدر دەڵێنەوە بەهۆی ئەوەی پشتی تێكردوون.
هەڵوێستەكەی سەدر كە پشتی كردە خۆپیشاندەران‌و ڕایگەیاند، نە بە باش‌و نە بە خراپ دەستێوەردان لە كارەكانیان ناكات‌و تۆمەتباری كردن بەوەی لە دەرەوەی وڵاتەوە پشتیوانییان دەكرێت، دوای ئەوەبوو خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەكان كە 4 مانگە داوای چاكسازیی دەكەن‌و بەردەوامن لە ناڕەزایی دەربڕین، ڕەتیان كردەوە هەینی ڕابردوو بەشداریی خۆپیشاندانەكەی ڕەوتی سەدر بكەن كە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا بەڕێوەچوو.
لە دوای كشانەوەی سەدرییەكان كە پێشتر لەژێر ناوی كڵاوشینەكان گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانیان دەپاراست لە هێرشی هێزە ئەمنییەكان‌و گروپە نەناسراوەكان، گۆڕەپانی سەرەكیی خۆپیشاندەران لە ناوچە جیاجیاكان كەوتنەبەر پەلاماردان.
هێزە ئەمنییەكان پەنابۆ بەكارهێنانی چەك‌و توندوتیژی دەبەن بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان‌و كۆنتڕۆڵكردنی گۆڕەپانەكان، بەڵام خۆپیشاندەران سوورن لەسەر بەدەوامیی‌و ئەمڕۆش هەزاران خوێندكاری زانكۆ لە بەغدادو پارێزگاكانی دیكە بۆ پشتیوانیی خۆپیشاندەران چوونەسەر شەقامەكان‌و دروشمیان دەگوتەوە.
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغداد 9 خۆپیشاندەرو لە زیقار خۆپیشاندەر كوژراون، هەروەها 230 كەس لە خۆپیشاندەران‌و هێزە ئەمنییەكان بریندار بوون.
سەدر پاشگەز بووەوەو هەڕەشە دەكات
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە بڕیارێكی پاشگەز بووەوە لەبارەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی دیكە دژی ئەمریكا لە ئێوارەی ئەمڕۆدا، هاوكات هەڕەشە لە خۆپیشاندەران دەكات.
سەدر دوای چەند كاتژمێرێك لە بڕیاری ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی ئەمریكا‌و ئەوانەی "قسە بە سەدر دەڵێن"، لە پەیامێكی نوێدا ڕایگەیاند، پاشگەزبوونەوەكەی، بۆئەوەیە "فیتنەی ناوخۆیی بەلاوە بنێن".
پەیامەكەی سەدر لەژێر ناوی ساڵح محەمەد عێراقی بڵاوكراوەتەوە(هەندێكجار لەژێر ئەو ناوەدا پەیامەكانی بڵاودەكاتەوە)، تێیدا ڕووەو خۆپیشاندەران هەڕەشەی ئەوە دەكات، ئەگەر شۆڕشەكەیان نەگەڕێننەوەسەر ڕێچكە ڕاستەقینەكەی، ئەوا پشتیوانی هێزە ئەمنییەكان دەكات.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر، پشتگیریكردنی هێزە ئەمنییەكان بە پێویستیی چەسپاندنی ئەمنییەت ناودەبات، "نەك بۆ بەرگریكردن لە گەندەڵكاران، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی گەل و عێراق و سەلامەتییان".
سەدر تەئكید لەوەش دەكاتەوە، ڕێگە بە گەندەڵكاران نادەن سواری شەپۆلی خۆپیشاندانەكان بن بەتایبەت ئەو بەرپرسانەی واقسەیان كردووە كە سەدر لە خۆپیشاندەران دووركەوتووەتەوە، دەشڵێت "دوورناكەوینەوە، بەڵكو نامانەوێت زیان بە شكۆی خۆمان بگەیەنین".


زۆرترین بینراو