#ڤایرۆسی کۆرۆنا

سێ پەرلەمانتار وازیان لە نەوەی نوێ هێنا .. كێشەیان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید هەبووە

هەواڵی / 20/1/2020 180 جار بینراوە

شاسوار بە خواردنی پارەی خەڵك و حكوومەت تۆمەتبار ده‌كه‌ن
“وەكو پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەمێنینەوە”
سێ پەرلەمانتار وازیان لە نەوەی نوێ هێنا  .. كێشەیان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید هەبووە

شه‌ن پرێس:
ئەمڕۆ دووشەممە سێ پەرلەمانتار بەھۆی كێشە لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی حزبەكەیان، وازیان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ ھێنا.

هەرسێ پەرلەمانتار دیاری ئەنوەر، سیروان بابان و مەم بورهان قانع لە راگەیاندراوێكدا سەرۆكی حزبەكەیان بە خواردنی پارەی خەڵك و حكوومەت تۆمەتبار كردووە و وازهێنانیان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ راگەیاندووە.

بە پێی راگەیاندراوەكە، ئەو سێ پەرلەمانتارە باسیان لە رەتكردنەوەی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانی كردووە، لە كاتێكدا مووچەی خانەنشینی ئەو پەرلەمانتارانە ناگرێتەوە كە خزمەتیان لە پازدە ساڵ كەمتر بێت.


ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

راگەیاندراوێك بۆ خەڵكی كوردستان

وەكو ئەوەی پێشتر بەڵێنمان بە دەنگدەرانمان دابوو، بە هەمو شێوەیەك موچەی خانەنشینیی پەرلەمانیی رەتدەكەینەوە، وەك ئەوەی بۆ پەرلەمانتاران بڕاوەتەوە و تەنانەت ئەگەر پێویست بێت ئامادەین دەستەبەرداری موچەی پارلەمانیی-ش ببین.

چەند مانگێكیشە بەهۆی بەلارێدابردنی فراكسیۆن و جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"وە لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە، هیچ پەیوەندییەكمان بە فراكسیۆن و جوڵانەوەكەوە نەماوە، هەربۆیە لە ئێستایشەوە بە فەرمیی جیابونەوەی خۆمان رادەگەیەنین و وەكو پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەمێنینەوە.

ئێمە خەڵكانێكین، پارەی خەڵكمان نەخواردوە و پارەی حكومەتیشمان لانییە (بەڵكو پارەیشمان لای حكومەتە) و "موزایەدە"یش بەسەر دەنگدەران و هاوپیشە و خەڵكانی غەدرالێكراوی كوردستان-ەوە ناكەین و بەڵێنیش دەدەین  هەمیشە لە سەنگەری بەرگریكردن دا دەبین لە ماف و داخوازیی رەوای دەنگدەران و خەڵكی جوامێری كوردستان.

پەرلەمانتاران:

- دیاری ئەنوەر.
- سیروان بابان.
- مەم بورهان قانع.

زۆرترین بینراو