#ڤایرۆسی کۆرۆنا

شێخ باز ده‌بێته‌ وەزیری سامانە سروشتییەکان ، یەکێتی و گۆڕانیش لارییان نییە

هەواڵی / 14/1/2020 975 جار بینراوە

شێخ باز ده‌بێته‌ وەزیری سامانە سروشتییەکان ، یەکێتی و گۆڕانیش لارییان نییە
كاته‌كه‌ی بزانه‌ .

شه‌ن پرێس : ناس
دوای دەنگۆی کاندیدبوونی شێخ باز بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، ئەو پرسە یەکلایی بووەتەوە و لەم مانگە یاخود مانگی داهاتوو شێخ باز بە فەرمی وەک وەزیری وەزیری سامانە سروشتییەکان دەستبەکاردەبێت.

زیاتر لە چوار مانگ بەسەر پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێپەڕیوە و تا ئێستاش پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان کە پشکی پارتییە و  یەکێکە لە پۆستە سیادییەکانی هەرێم پڕنەکراوەتەوە، هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا دەنگۆی کاندیدبوونی شێخ باز بەرزنجی بڵاوبوویەوە، بەڵام تائێستا دەرگای ژوری وەزیر بە داخراوی ماوەتەوە.

سەرچاوەیەکی  ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “لەماوەیەکی نزیکدا کە ئەگەر هەیە ئەم مانگە یاخود مانگی داهاتو بێت بەشێوەیەکی فەرمی شێخ باز وەکو کاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەکان ناوەکەی ڕادەگەێنرێت و دەبرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی متمانەی پێبدرێت”.

وتیشی، هەرچەندە چەند کەسێکی دیکەش ناویان هەبوو بۆ ئەو پۆستە، بەڵام پۆستەکە بۆ شێخ باز یەکلایی بووەتەوە و سەرجەم ئەو کەسانەی دیکە ڕەتکراونەتەوە.

سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتریش چەندین ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی ناوبراو ببێتە وەزیری سامانە سروشتییەکان، بەتایبەت ئەو کاتەی شاندی هەرێم بۆ بابەتی بودجە و نەوت چونە بەغدا، بەبێ ئەوەی شێخ باز هیچ پۆستێکی هەبێت لە حکومەت برایە نێو شاندەکە بۆ ئەوەی ئاگاداری بابەتەکانی پەیوەست بە نەوت و بودجە و ڕێککەوتنەکان بێت.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەفەرمی هەریەک لە یەکێتی و گۆڕانیش لاری نەبوونی خۆیان لە کاندیدبوونی شێخ باز ڕاگەیاندووە و دەنگی پێدەدەن.

کاندیدبوونی شێخ باز، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای کار لەکاتێکدایە کە ناوبراو کۆمەڵێك “دۆسییەی” هەیە و دۆسییەکانی لە لێکۆڵینەوەدان.

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکانە بە ناس کوردی وت: “شێخ باز تا ئێستاش کۆمەڵیک دۆسیەی لەسەرە و دۆسییەکانمان ناردووەتە بەردەم لێکۆڵینەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار”.

وتیشی: “بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵات بە ئەنقەست دەیەوێت ئەو دۆسیانە ساغ نەبنەوە لێکۆڵینەوەکانی ئێمەیان پشتگوێ خستووە و تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە”.

بە شێخ باز دەدەن بۆ پۆستەکە  هەروەها فراکسیۆنی کۆمەڵ و یەکگرتو و نەوەی نوێش دڵنیاییان لەوە داوە کە بەهیچ شێوەیەک دەنگ بە شێخ باز نادەن بۆ پۆستی سامانە سروشتییەکان.

جگە لەوە، لە پەرلەمانی عێراقیش دۆسییەکانی شێخ باز لە لێکۆڵینەوەدان و لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری غالب محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ناس کورد ئاشکرایکرد: ” ڕاپۆرتێک لەسەر کارەکانی شێخ باز و کۆمپانیای کار دراوەتە دەستەی دەستپاکی عێراق و ئەنجومەنی گەندەڵی”.

شێخ باز كەریم بەرزنجی، لە ناوەڕاستی شەستەكان لە دایك بووە، دەرچووی كۆلێژی تەكنیكییە و پسپۆڕی لە بواری نەوت نییە، یەكێكە لە بازرگانە گەورەكانی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوتدا و لە ئێستادا سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری كۆمپانیای كار گروپە، کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە بەرهەمە نەوتییەکان.

زۆرترین بینراو