#شاسوار عەبدولواحید .. جوڵانەوەی نەوەی نوێ # ياساى چاكسازی و موچەی پلە باڵاكان

ئایا ده‌قێكی شه‌رعی هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ دڵنیا بكاته‌وه‌ ، ‌دوای تۆبه‌كردنی خوای گه‌وره‌ ده‌یبه‌خشێت ؟

هەواڵی / 13/1/2020 257 جار بینراوە

ئایا ده‌قێكی شه‌رعی هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ دڵنیا بكاته‌وه‌ ، ‌دوای تۆبه‌كردنی خوای گه‌وره‌ ده‌یبه‌خشێت ؟


پرسيارى هاوڵاتيه‌ك : مامۆستایانی به‌ڕێز سڵاوی خوای گه‌وره‌تان لێ بێت.

من كه‌سێكم له‌ته‌مه‌نی گه‌نجیمدا به‌هۆی هه‌واوهه‌وه‌سی قۆناغی گه‌نجیمه‌وه‌ كه‌وتومه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌وتێكه‌ڵ به‌كاری (زینا)وهه‌وه‌س بازی بوم، به‌لاَم سوپاس بۆخوا پێش ئه‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌رگیری پێك بهێنم به‌ڵێنم به‌خوای خۆم دا كه‌(واز له‌وكاره‌ ناشه‌رعیه‌بهێنم وبه‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌چمه‌وه‌ سه‌ری) ئێستاش كه‌ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ ژنم هێناوه‌ سوپاس بۆخوا به‌هیچ  شێوه‌ی نه‌چوم به‌لای  ئه‌وكاره‌داو هه‌رله‌وكاته‌شه‌وه‌ به‌ڵێنم داوه‌ كه‌نوێژو ڕۆژو بگرم، پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ ئایا ده‌قێكی شه‌رعی هه‌یه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكات ومرۆڤ له‌وه‌ دڵنیا بكاته‌وه‌ كه‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌و تۆبه‌كردنی له‌وكاره‌ ناشه‌رعیانه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌یبه‌خشێت یان نا؟ وه‌لاَم دانه‌وه‌تان ئاسووده‌یی زیاترم پێده‌به‌خشێت دوباره‌ سوباس .

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ و میهره‌بانه‌وه‌
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگاری جیهانیان، وه‌ درود و ڕه‌حمه‌ت بۆ سه‌ر گیانی پاكی پێغه‌مبه‌ر و گشت كه‌س و یاران و شوێنكه‌وتوانی به‌گشتی.

وه‌ڵام: سه‌باره‌ت به‌ پرسیاره‌كه‌ی به‌ڕێزتان:

به‌ڵێ چه‌ندین ده‌قی شه‌رعیمان هه‌یه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خوای‌ گه‌وره‌ به‌ڕه‌حم و به‌زه‌یی‌ خۆی‌ ده‌رگای‌ ته‌وبه‌ی‌ به‌رده‌وام به‌ڕووی‌ به‌نده‌كانیدا كراوه‌یه‌ و هه‌ر كاتێك به‌نده‌كانی‌ ته‌وبه‌ له‌ تاوان و گوناه‌ بكه‌ن و په‌شیمان ببنه‌وه‌ به‌دڵ و به‌كرده‌وه‌ش وازی‌ لی‌ بهێنن و جارێكی‌ تر دوای‌ ئه‌و ته‌وبه‌یه‌ نه‌چنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ و دووباره‌ی‌ نه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ دڵنیا بن له‌وه‌ی كه‌ خوای‌ په‌روه‌ردگار له‌و گوناهانه‌ی‌ پێشوویان هه‌مووی خۆش ده‌بێت، و له‌م باره‌یه‌یشه‌وه‌ خوای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێت: (قُلْ يا عِبَادِي الَّذِینَ أَسْرَفُوا عَلی‌ أَنْفُسِهِمْ لا تَقْنَطوا مِنْ رَحْمَه‌ِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يغْفِرُ الذُنُوبَ جَمِیعاً إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِیمُ). (الزمر:53). واته‌:بڵێ به‌و به‌ندانه‌ی خودا كه‌ زۆر  له‌ تاوان و خراپه‌كاریدا ڕۆچوون، له‌ به‌زه‌یی خوا بێ هیوا مه‌بن، خوا له‌ هه‌موو تاوانه‌كان خۆش ده‌بێت، هه‌رچه‌ند و هه‌رچۆ بێت، چونكه‌ خوا زاتێكی لێبوورده‌ و به‌ به‌زه‌ییه‌.

جا خوای په‌روه‌ردگار هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ كه‌ ته‌نها له‌ تاوانه‌كانیان خۆش ببێت، به‌ڵكو به‌ڵێنی ئه‌وه‌یشی به‌ تاوانباران داوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ته‌وبه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ هه‌رچی خراپه‌كانیشیان هه‌یه‌ بۆیان ده‌گۆرێت به‌چاكه‌ و كاری خێر، له‌م باره‌یه‌یشه‌وه‌ خوای په‌روه‌ردگار له‌ قورئاندا ده‌فه‌رمووێت: (وَالَّذینَ لا يدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِڵهاً ا‌خَرَ وَلا يقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِی حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلا يزْنُونَ وَمَنْ ێفْعَلْ ذَلِكَ يلْقَ أَثاماً ِلَّا مَنْ تَابَ وَا‌مَنَ وَعَمِل عَمَلاً صَالِحاً فَأُوڵئِكَ یُبَدِّلُ اللَّهُ سَیِّئَاتِهِمْ حَسَنَاتٍ وَكَانَ اللَّهُ غَفُوراً رَحِیماً). (الفرقان:69-70).

واته‌: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ جگه‌ له‌ زاتی تاكی پاكی په‌روه‌ردگار خوایه‌كی تر نا په‌رستن، وه‌ خوێنی خه‌ڵكی به‌ حه‌رامی و به‌ناحه‌ق نا ڕێژن، وه‌كاری داوێن پیسی و زینا ناكه‌ن، وه‌ هه‌ر كه‌س ئه‌م كارانه‌ بكات، ئه‌وه‌ خوای په‌روه‌ردگار ئه‌نجامی كرده‌وه‌كانی دێنێته‌وه‌ پێش چاوی و سزای سه‌ختیان له‌ سه‌ر وه‌رده‌گرێت.

جگه‌ له‌و كه‌سانه‌ نه‌بێت، كه‌ پاشتر ته‌وبه‌یان كردوه‌، و وازیان له‌و كرده‌وه‌ به‌دانه‌یان هێناوه‌ و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ری، و كرده‌وه‌ی چاكه‌یان كردوه‌، ئه‌وانه‌ خوای په‌روه‌ردگار كرده‌وه‌ خراپه‌كانیان بۆ ده‌گۆڕێت به‌ چاكه‌، و خوای په‌روه‌ردگار لێبوورده‌ و به‌ به‌زه‌ییه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ جه‌نابت و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یش كه‌ تووشی ئه‌و جۆره‌ كرده‌وه‌ و هاوشێوه‌كانیان بوون دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ خوای په‌روه‌ردگار له‌ هه‌موو گوناهه‌كان خۆش ده‌بێت به‌ مه‌رجێك مرۆڤ ته‌وبه‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌ بكات و جارێكی تر نه‌ گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و جۆره‌ كارانه‌، و مرۆڤ پێویسته‌ زۆر په‌له‌ بكات له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ لای خودا، چونكه‌ كه‌س نازانێت كه‌ی مردن ده‌سته‌ و یه‌خه‌ی ده‌بێت و ئه‌و كاته‌یش مۆڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ نامێنێت و ده‌رگاری ته‌وبه‌ دا ده‌خرێت، و په‌شیمانی دادی كه‌س نادات، داواكارین له‌ خوای‌ په‌روه‌ردگار  به‌رده‌وامیت له‌سه‌ر ته‌وبه‌ و وازهێنان له‌گوناه‌ زیاترپێ‌ ببه‌خشێ‌ له‌گوناهی‌ هه‌موو لایه‌كمان خۆش ببێت ,,,,امین.

خوای گه‌وره‌ش زاناتره‌.

زۆرترین بینراو