#ڤایرۆسی کۆرۆنا

حكومه‌تی هه‌رێم داواکارییەکەی کامیل هەڵەبجەیی جێبەجێ دەکات .. بزانه‌ دواكارییه‌كه‌ی چی بووه‌!

هەواڵی / 12/1/2020 621 جار بینراوە

خه‌رجی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌دات
حكومه‌تی هه‌رێم داواکارییەکەی کامیل هەڵەبجەیی جێبەجێ دەکات .. بزانه‌ دواكارییه‌كه‌ی چی بووه‌!
شه‌ن پرێس:
دوای ئەوەی کامیل هەڵەبجەیی نامەیەک ئاڕاسته‌ی مەسروور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌به‌شێكی ده‌ڵێت، بۆ سەرکەوتنی ئەم نەشتەرگەریە پێویستیم بە پشتگیری جەنابتان هەیە کە بە هانامەوەبێن، پێویستیم بە خزمەتی تایبەت هەیە پێش نەشتەرگەریەکەو پاش نەشتەرگەریەکە، تەنها خێزان و منداڵەکانیشم ئەوەیان پێ دەکرێت کە لە ئێستادا دەستیان بەمن ناگات،دواتر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەو بڕە پارەیەی کە لە نامەکە داوایکردووە بۆی خەرجبکرێت.


ده‌قی هه‌ردوو نامه‌كه‌ی مامۆستا كامیل:

نامه‌ی یه‌كه‌م:

بۆ / بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کاک مسرور بارزانی
‌ ‌ ‌ ‌ پاش سڵاوێکی گەرم

بابەت/ بەهاناهاتنەوە

بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان من ناوم ( کامل عبدالقادر ویس محمد ) ە، لەساڵی 1973 لە هەڵەبجەی شەهید لەدایک بووم، لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەم( ۹ کەس کە لەو کاتەدا پێکەوەبووین ) شەهیدبوون، باوک و دایک و پێنج خوشک و برایەکم و خوشکەزایەکم بەگازی کیمیایی پێکەوە شەهیدبوون، لەنێویاندا تەنها من لەلێواری مەرگ گەڕاومەتەوە، دوو مانگ لە نەخۆشخانەی (شهید مدرس) لە تاران لەژێر چاودێری ووردا بووم ، هەفتەیەک بێ هۆش بووم زیاتر لە سێ هەفتەش کوێربووم.
ماوەی نزیکەی ۳۲ ساڵە بەدەست کاریگەری گازی خەردەلەوە دەناڵێنم، بەردەوام عیلاج بەکار دەهێنم، هەمیشە بەدەم نەخۆشخانەو عەیادەوەم، چاوێکم بینایی لەدەستداوەو چاوەکەی دیکەشم لەژێر چاودێری پزیشکیدایە، لەهەمووی سەختتر دوای وەرگرتنی ۳۲ ساڵ چارەسەر سییەکانم لەکار کەوتوون و بەپێی ڕاپۆرە پزیشکیەکانی ئەڵمانیا و ئێران و کوردستان مەترسی تەواو لەسەر ژیانم هەیەو پێویستە دەست بەجێ نەشتەرگەری چاندنی سییەکانم بۆ ئەنجام بدرێت .
جەنابی سەرۆکی حکومەت: بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەرو ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی سییەکان نزیکەی دوو ساڵە ڕووم لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە، پزیشکەکان لەم ماوەیەدا هەوڵی زۆریان لەگەڵ داوم ، لە ئێستادا ئامادەیان کردووم بۆ ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەریە سەخت و پڕ مەترسیە.
بۆ سەرکەوتنی ئەم نەشتەرگەریە پێویستیم بە پشتگیری جەنابتان هەیە کە بە هانامەوەبێن، پێویستیم بە خزمەتی تایبەت هەیە پێش نەشتەرگەریەکەو پاش نەشتەرگەریەکە، تەنها خێزان و منداڵەکانیشم ئەوەیان پێ دەکرێت کە لە ئێستادا دەستیان بەمن ناگات! .
بەهەوڵی چەند ڕێکخراوێکی دڵسۆزی بواری جینۆساید لە کوردستان کونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر ڕازی کراوە بەوەی ڤیزەی ساڵێک بدەن بە خێزان و منداڵەکانم بۆ ئەوەی بێن بۆ ئەڵمانیا تا خزمەتم بکەن بەڵام ئەڵمانیا ئامادەنییە هیچ خەرجییەکیان لە ئەستۆ بگرێت، خەرجی مانەوەیان بۆ ساڵێک بە پەنجا هەزار یۆرۆ مەزندە دەکرێت، بۆ کرێ خانوو بیمەی تەندروستی و خەرجی دیکەی ڕۆژانەو پێداویستی دیکە .
لەبەر ئەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەم کە بەهانامانەوە بێن و ئەو خەرجییە لە ئەستۆ بگرن تاوەکو بە ئاسودەییەوەو لەکەناری خێزان و منداڵەکانمدا ئەو نەشتەرگەریە بەسەرکەوتوویی بۆم ئەنجام بدرێت، هەر ئەوەش لە جەنابتان چاوەڕێ دەکەم .
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزو خۆشەویستیمدا .

داواکار
کامل عبدالقادر ویس محمد
2020/1/10
[email protected]
00491630039113

تێبینی/ تا ئێستا لەلایەن کۆمەڵێک کەسایەتی و خێرۆمەندەوە بڕی بیست هەزار یۆرۆ گەشتۆتە ئەو ژمارە بانکیەی کە لە بانکێکی ئەڵمانیا کردومانەتەوەو نۆتارێکی ئەڵمانی سەرپەرشتی دەکات.
تەنها پێویستمان بە سی هەزار یۆرۆیە
کامل عبدالقادر

------------------------
نامه‌ی دووه‌م
کاتژمێر ۸ی ئەم بەیانیە بەڕێز کاک گوهدار لە نووسینگەی جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندی پێوە کردم و پێی ڕاگەیاندم کە (جەنابی سەرۆک هەواڵت دەپرسێ و سڵاوی هەیە بۆتان، ئەو بڕی سی هەزار یۆرۆش کەداوات کردووە خەرج کراوە بۆتان) .
سوپاسی جەنابی کاک مەسرور بارزانی دەکەم بۆ وەڵامدانەوەکەم و دەستیان خۆش بێت،  هەروەها سوپاسی هەموو ئەو ئازیزو خۆشەویستانەش دەکەم کەلەسەر من بەدەنگ هاتوون و هەوڵیان داوە بۆم ، هەریەکەو بەشێوازێک، ڕێزو پێزانینم هەیە بۆ هەمووتان.
ئەو بڕەی کە لێمان داواکرابوو کە بەژمارە حسابێک بەناومانەوە لەبانکێکی ئەڵمانیا دایبنێن  بۆ خەرجی خێزان و مناڵەکانم، بۆ کرێی خانو و بیمەی تەندروستی و خەرجی تر، کە بڕی پەنجا هەزار یۆرۆ بوو بەو سی هەزار یۆرۆی ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەواو دەبێت، چونکە پێشتر بەسوپاسەوە لەلایەن بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق و بەڕێز کاک ئاسۆی حاجی محمدی بامۆکی و کۆمەڵێک خێرۆمەندەوە بیست هەزار یۆرۆ نێردرابوو، وێڕای دووپاتی سوپاس و پێزانین و دوعای خێرم بۆ ئەو بەڕێزانەی بەشداربوون لەو هاوکاریەدا.
 تکا دەکەم کەسی ئیتر زەحمەت نەکێشێ و هاوکاری نەنێرێت بۆ ئەو ژمارە حسابیەم چونکە لەو بڕە زیاتربێت بۆمن نابێت و سودی نابێت.

کامل عبدالقادر

 

 

زۆرترین بینراو