#شاسوار عەبدولواحید .. جوڵانەوەی نەوەی نوێ # ياساى چاكسازی و موچەی پلە باڵاكان

له‌شه‌قام و رێگه‌وبانه‌كان چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر ده‌كه‌یت؟

هەواڵی / 1/1/2020 149 جار بینراوە

له‌شه‌قام و رێگه‌وبانه‌كان چۆن و به‌شێوازێكی ته‌ندروست هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر ده‌كه‌یت؟

شه‌ن پرێس :
شۆفێری كردنێكی سەلامەت لە وەرزی سەرما و تەڕی و باراندا ئاڵنگارییەكی سەختە، لەو وەرزەدا شەقامەكان خلیسكن و ئاستی بینین زۆرجار كەمدەبێتەوە، رێژەی ڕووداوەكانی ھاتووچۆش بە شێوەی بەرچاو سەردەكەن، بەشێك لە ڕووداوەكانیش بەھۆی ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەكانەوەیە.

ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرە گەورەكان لە ڕووی شێوە و كێش و قەبارەوە لە ئۆتۆمبێلی ئاسایی زۆر جیاوازن، ئەوەش وایكردووە مامەڵە كردن لەگەڵیان یان نزیكبوونەوە یان تێپەڕاندنیان لە وەرزی باراندا كارێكی ئاسان نەبێت.

پسپۆڕانی بواری ھاتووچۆ چەند ڕێنماییەكان ڕێكخستووە تا بتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەدا بكەین، لە وەرزی باران و سەرمادا:

بەھۆی گەورەیی قەبارەیانەوە، بارھەڵگرەكان گەلێك ناوچەی كوێریان ھەیە، بە تایبەتی لای ڕاستیان بە ئاسانی لە لایەن شۆفێرەكەیەوە نابینرێت، زۆر كات جوڵە بە لای ڕاستدا لە لایەن بارھەڵگرەكانەوە ڕووداوی ھاتووچۆی سەختی لێكەوتۆتەوە، بەوەش تا دەتوانیت ھەوڵی تێپەڕاندنی بارھەڵگرێك مەدە لە لای چەپییەوە، بە تایبەت لە كاتی باراندا.

لە كاتی ھەوڵی تێپەڕاندنیش لە لای چەپەوە، بە وریاییەوە مامەڵە بكرێت و ھەر جوڵەیەكی نائاسایی بە ھەژمار بگیرێت و پێش گەشتنە ئاستیشی بە ڕووناكی بەرز شۆفێری بارھەڵگرەكە ئاگادار بكرێتەوە.

لە كاتی تێپەڕاندنی بارھەڵگرێكی گەورە، پێویستە سوكان بە توندی بە ھەردوو دەست بگیرێت، چونكە بارھەڵگرەكان بەھۆی قەبارە و خێراییانەوە گیرفانی ھەوایی دروستدەكەن و بەوەش ھێزی ھەوا لەسەر ئۆتۆمبێلەكەت دەگۆڕێت و كار لە جێگریی دەكات، بەوەش ئەگەری ڕووداو بەرز دەبێتەوە.

لە كەشی باراندا، ئۆتۆمبێلە گەورەكان تۆزی ئاو بڵاودەكەنەوە و زیخ و چەو فڕێدەدەن كە ئەوانەش كار لە ئاستی بینین و تەركیز دەكات، بۆ باشتر وایە لە خێراترین كاتی گونجاودا تێیپەڕێنیت، بەڵام بە وریایی.

بارھەڵگرەكان كێشیان زۆر قورسە، پێویستیان بە كات و ڕووبەرێكی زیاترە بۆ وەستان، ئەمە ئەگەر ئیستۆپی بارھەڵگرەكە لە كاتی ھەوڵی وەستانی تونددا كێشەی تێنەكەوێت، بەوەش تێپەڕاندن و بەخێرایی ھاتنەوە بەردەمی كارەساتی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە، كاتێك بارھەڵگرێكت تێپەڕاند، دڵنیابە لەوەی لێی دوور كەوتوویتەتەوە، ئەوكات ھێڵ بگۆڕە.

ھەرگیز لە پێچ و لۆفەكاندا ھەوڵی تێپەڕاندنی بارھەڵگرەكان مەدە، چونكە بەھۆی درێژییانەوە ڕووبەرێكی فراوانتریان دەوێت بۆ پێچكردنەوە و ئەگەری ئەوەی بكەویتە ناوچەی كوێر و نەبینرێیت، ئەوەش كارەسات دروستدەكات.

زۆرترین بینراو