جەلال جەوهەر: نە وا ڕێككەوتووین‌و نە ئەوە چاكسازییە كە حكومەت دەیەوێت بیكات

هەواڵی / 5/12/2019 394 جار بینراوە

جەلال جەوهەر: نە وا ڕێككەوتووین‌ و نە ئەوە چاكسازییە كە حكومەت دەیەوێت بیكات

 

جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، حكومەتی هەرێم دەیەوێت چاكسازیی لە مووچەو خانەنشینیدا كورت بكاتەوە، ئەوەش چاكسازیی نییەو ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی بەوجۆرە نەبووە.
ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لەمیانی بەشداریكردنی لە پێنجەمین دیداری مێرگەسور، لەبارەی دۆخی عێراق و ئایندەی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەش كرد، لە هەرێمی كوردستان شتێك نییە بەناوی پڕۆسەی دیموكراسی، ئەوەی هەیە جێبەجێكردنی چەند بنەمایەكی دیموكراسییە وەك هەڵبژاردنەكان‌و فرەیی، "ئەو هەڵبژاردنانەش لە ئاستی ئەوە دانییە پێی بوترێت پڕۆسەی دیموكراسیی، چونكە پڕبوە لە ساختەكاریی".
"سەروەریی یاسا یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی دیموكراسیەت، لە هەرێمی كوردستان تائێستا یاسا سەروەر نییە، وەكخۆی و بۆ هەمومان وەك یەك جێبەجێ ناكرێت" جەلال جەوهەر وای وت.
ئەو بەرپرسە باڵایەی گۆڕان ئاماژەی بە ناعەدالەتیی‌و خراپیی ئەدای پەرلەمانی كوردستان كرد كە لە ئاست خواستی ئەواندا نییە، ئەوەشی خستە ڕوو، گەندەڵیی هەمو جومگەكانی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە، هەمو كاربەدەستانیش لە بچوك بۆ گەورە دانی پێدا دەنێن.
"ئێمە كاتی خۆی ڕێككەوتووین كە یاسایەكی گشتگیر هەبێت بۆ چاكسازیی سیاسی، یاسایی، ئابوری‌و دارایی، كارگێڕی‌و ئەمنیی‌و سەربازیی‌و هەموو دامودەزگاكانی هەرێم، ئێستا زانیارییەكان وەهان كە ئەم حكومەتی هەرێمە دەیەوێت چاكسازیی لە مووچەو خانەنشینیدا كورت بكاتەوە، نە ئێمە وا ڕێككەوتووین‌و نە چاكسازیش وەهایە، چاكسازیی پڕۆسەیەكی كاملەو هەموو جومگەكان دەگرێتەوە" جەلال جەوهەر وای وت.
سەروەختی ڕێككەوتنی گۆڕان لەگەڵ پارتی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت، بەرپرسانی گۆڕان ئەوەیان خستە ڕوو، ڕێككەوتنەكەیان فراوانەو كۆی سێكتەرەكانی گرتووەتەوەو دەبێتە بەرنامەی حوكمڕانیی لە 4 ساڵی داهاتوو، لە قسەی بەرپرسانی پارتی‌و گۆڕان ئەوە دەردەكەوت، خاڵێك كە ئەو دوو هێزە دژ بەیەكەی ساڵانی ڕابردووی كۆكردووەتەوە، ئەنجامدانی چاكسازی‌و گۆڕانكارییە لە بەڕێوەبردنی كوردستان لە 4 ساڵی داهاتوودا.
بەشێك لە وتەكانی ئەمڕۆی جەلال جەوهەر لە پێنجەمین دیداری مێرگەسور


زۆرترین بینراو