#شاسوار عەبدولواحید .. جوڵانەوەی نەوەی نوێ # ياساى چاكسازی و موچەی پلە باڵاكان

ئەو شتانە چین کە ئافرەت قەدەغەیە لەکاتى سوڕى مانگانە و زەیستانیدا بیکات؟

هەواڵی / 2/12/2019 713 جار بینراوە

-سوڕى مانگانە چییە و ماوەکەى چەند ڕۆژە؟
-ئەو شتانە چین کە ئافرەت قەدەغەیە لەکاتى سوڕى مانگانە و زەیستانیدا بیکات؟
-ئافرەت لەکاتى سوڕى مانگانەدا دەتوانێت لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بخەوێت؟
-ئایا دروستە لەکاتى سوڕى مانگانەدا ئافرەت قورئان بخوێنێت یا بە لەبەر بیڵێت یان دەستى لێبدات؟

 

د. احمد الشافعي
وەڵام:
+سوڕى مانگانە یان (بێ نوێژى) یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەى کە لە ژیان و مانگانەى ئافرەتاندا بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، دەیان پرسیار دەوروژێنێ لە دەرونیاندا، بۆیە پێم باش بوو ئەوەندەى بەلامەوە پیویست و زەروور بێت ئاماژەى پێ بدەین و روونکردنەوەى لەسەر بدەین .
ئەو خوێنەى لە زێى ئافرەتانەوە دێتەدەرەوە سێ جۆری جیاوازن:
1- خوێنى سوڕى مانگانە.
2-خوێنى زەیستانى.
3-خوێنى چرکە (الاستحاضة).
یەکەمیان: خوێنى سوڕی مانگانە، ئەو خوێنەیە لە منداڵدانەوە دێتە دەرەوە لە کاتێکى تایبەتیدا لەو کاتەى تەندروستى ئافرەتەکە باشە، بەهۆی منداڵ بوون و نە خۆشیەوە نیە، واتە ئەمە حاڵەتێکى سروشتییە.
ڕەنگى: رەنگى خوێنى حەیز ڕەشە و گەرمە، ئەم خوێنە سوریشى هەیە کاڵیشى هەیە، هەندێ جار لەکاتى هاتنیدا ئازار بە ئافرەتەکە دەگات .
کاتى پەیدابوونى: کەمترین تەمەن کەبگونجێ ئافرەت بۆ یەکەم جار بکەوێتە سوڕی مانگانەوەو حەیز ببینێ نۆ ساڵە.. واتە ئەگەر کچێک تەمەنى نۆ ساڵى بەو لاوە خوێنى حەیزى بینی. ئەوە باڵغ بووە هەموو ئەرکێکى ئاینى لەسەر واجب دەبێت، ئەگەر پێش نۆ ساڵ بوو ئەوا ئیعتباری پێناکرێت و بە خوێنی نەخۆشی دادەنرێت.


ماوەى سوڕى مانگانە: زانایانى فقهى ئیسلامى جیاوازیان هەیە لەمەڕ ماوەى سوڕى مانگانە و پاکى نێوان دوو سوڕی مانگانە.
شافیعیەکان و حەنبەلیەکان ڕایان وایە: کەمترین مانەوەى ئافرەت لەخوێنى حەیزدا شەو ڕۆژێکە، واتە (24) کاتژمێر، نابێت لەوە کەمتر بێت، بەڵام بە زۆری ئافرەتان شەش تا حەوت ڕۆژ دەمێننەوە لەو سوڕەدا لاى سەرەوەیش پانزە شەو و ڕۆژەو لەوە زیاتر نابێت.
مەرج نیە خوێنەکە بەردەەوام بێت، ئەگونجێ رۆژێک هەبێت و دووان نەبێت، بەڵام هەمووى هەر بەبێ نوێژى دادەنرێت.
تێبینی: ئەگەر ئافرەتێک خوێنەکەى لە شەو رۆژێک کەمتر بوو، یا لەپانزە شەوو ڕۆژ زیاتر بوو ئەوە بە خوێنى حەیز دانانرێت.
پاکى: کەمترین ماوە کە ئافرەتى تیا دەمێنێتەوە بە پاکى لە نێوان دوو حەیزدا پانزە ڕۆژە نابێت لەوە کەمتر بێت، هیچ سنورێک دیارى نەکراوە بۆ لاى سەرەوەکەى، ئەگونجێ ئافرەتى وا هەبێت ساڵى جارێک بکەوێتە سوڕى مانگانە ئەوى ترى هەمووى پاک بێت، یان دەگونجێ لە تەمەنیا یەک جار ئەو خوێنە ببینێ .
هەروەها تەمەن و ژیان و جۆرى خواردن، خۆشى و خەمبارى و خورپە و دڵە راوکێ و هەواڵى ناخۆش و دانانى لەولەب هەریەکێک لەوانە کار دەکاتە سەر پێشکەوتن و دواکەوتنى سوڕی مانگانە .


-ئایا دەگونجێ ئافرەتى سک پر بکەوێتە سوڕى مانگانەوە؟ واتە خوێنى هەبێت؟
شافعیەکان و مالیکیەکان ڕایان وایە: دەگونجێ ئافرەتى سکپر بکەوێتە سوڕى مانگانە و خوێنى هەبێت، بە تایبەتى لە مانگەکانى کۆتاییدا هەرچەندە ئەمانە زۆر کەمن. بەڵام حەنەفیەکان و حەنبەلیەکان ڕاى جیاوازیان هەیە دەفەرموون:
ئافرەتى سکپڕ لەماوەى سکەکەیدا ناکەوێتە سوڕى مانگانەوە، گەر خوێنیشى بینی ئەوە خوێنێکى فاسدەو تایبەتە بە سکەکە و دەبێت بەردەوام نوێژو ڕۆژوو هەموو پەرستشەکانى ئەنجام بدات ولەگەڵ مێردەکەیدا سەر جێگەییان هەبێت.
ئایا خۆشۆردنى دەوێ لەم کاتەدا: خۆشۆردن واجب نیە دەتوانێت خۆی نەشوات، بەڵام باشتر وایە ئافرەتى سکپڕ خوێنى هەبوو پاش تەواو بوونى خوێنەکە خۆی بشوات، تا دەرچێت لە خیلاف و ڕای ئەوانەى بە لایانەوە واجبە.
دووەم: خوێنى زەیستانى، ئەو خوێنە دێتە دەرەوە لە زێى ئافرەتەوە لە پاش چۆڵبوونى مندالانیەوە، جا ئەو مناڵە کە دەبێت تەواو بێت یان پارچە گۆشتیک بێت چ لە شوێنى سروشتیەوە بوبێت یان بە نەشتەرگەرى بێت جیاوازى نیە.
ماوەکەى: کەمترین ماوەى هاتنى خوێن لە دواى مناڵبوون چرکەیەک (چاوتروکانێک) دەگونجێ ئافرەتى واببێت یەکسەر پاک ببێتەوە خوێنى نەبێت، کەوابوو یەکسەر خۆی بشوات و دەست بکاتەوە بە نوێژو پەرستشەکانى .
بەزۆری چل ڕۆژە، لاى سەروەکەیشى شەست ڕۆژە، نابێت لەوە زیاتر بێت، کەوابوو خوێنى زەیستانى لە چرکەیەکەوە تا شەست رۆژ لەوە زیاتر تێناپەرێت، دەگونجێ بەیەک چرکە یا یەک هەفتە یا زیاتر یا کەمتر پاک ببێتەوە، هەرکەزانى پاک بۆتەوە یەکسەر خۆی بشوات.
ئەوەى دەڵێن دەبێت چلەى بچێت، تا ئەو چل ڕۆژە نابێت نوێژ بکات بەو شێوەیە نیە، هەرکە پاکبوویەوە دەبێت خۆی بشوات، ئیتر کەمتر بێت لە چل ڕۆژەکە یا زیاتر .
سێیەم: خوێنە چرکە (الاستحاضة): ئەو خوێنەیە لەبەر نەخۆشى بەردەوام لە زێى ئافرەتەوە دێتە دەرەوە لە غەیری ڕۆژانى حەیزو زەیستانى.
زیاتر ئەم خوێنە خوێنى نەخۆشیە و بە بێ دەست نوێژى بچوک ناو دەبرێت، بەرگرى لە نوێژو ڕۆژو ناکات، دەبێت بۆ هەموو نوێژێک دەست نوێژ بگرێت و یەکسەر نوێژەکان لەکاتى خۆیدا ئەنجام بدات بێوەستان .

ئەوشتانەى کە قەدەغەن لەسوڕی مانگانە یا زەیستانیدا ئافرەت بیکات:
-ئافرەتان لەکاتى سوڕى مانگانە یا زەیستانیدا هەندێ شتیان لێ قەدەغە کراوە، بۆیە جێگەى خۆیەتى بەوردى باس لەو شتە قەدەغە کراوانە بکەین، تاخوشکانى بەڕێز ئاگادارو چاوڕۆشن بن لێی، ئەوانەش:
1-نوێژ کردن: دروست نیە ئافرەت لەکاتى سوڕی مانگانە یا کاتى زەیستانیدا نوێژ بکات، وەک پێغەمبەر (درودى خواى لێبێت) فەرموى بە فاتمەى کچى ئەبی حبش "فاذا اقبلت الحیضة فدعى الصلاة، واذا ادبرت فاغسلی عنک الدم وصلي"
أخرجه البخاري و مسلم
واتە: هەرکاتێک کەوتیتە سوڕی مانگانەوە نوێژ مەکە، کاتێکیش تەواو بوو جوان خۆت بشۆو دەست بە نوێژەکانت بکەرەوە.
تیبینى: ئەو نوێژانەى کە لەکاتى زەیستانى یاسوڕى مانگانەدا گێڕانەوەیان ناوێت، ئەمەش وەک ئەرک سوکیەک لەسەر شانى ئافرەتان.
2- ڕۆژوو گرتن: ئافرەت لەکاتى زەستانى یا سوڕی مانگانەدا نابێت بەڕۆژو بێت، نەڕۆژوى فەرزو نەسوننەت.
بەڵگەى ئەمەش ئەو فەرمودەیەى پێغەمبەرە(درودى خواى لێبێت) کە دەفەرموێت: "اذا حاضت لم تصل ولم تصم" ،أخرجه البخاري
واتە: هەرکاتى ئافرەت کەوتە سوڕى مانگانەوە نەنوێژ دەکات نە رۆژو.


هەندى تێبینى:
ا-هەر ئافرەتێک لە(ڕەمەزان)دا کەوتە زەیستانى یا سوڕی مانگانەوە نابێت بە ڕۆژوو بێت، بەڵام دواى رەمەزان ئەو رۆژانە کەبەرۆژوو نەبووە ئەبێت بیانگڕێتەوەو قەزایان بکاتەوە . حیکمەتیشى ئەوەیە کە ڕۆژوو ساڵى جارێکە و زۆر گران نیە گرتنەوەى، بەڵام نوێژ ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوەو قورس و سەختە گێڕانەوەى.
ب- ئافرەت ئەگەر بەرۆژو بوو پێش بانگ بەچەند چرکەیەک کەوتە سوری مانگانەوە ئەبێت رۆژوەکەى بشکینێ و دوایى قەزای بکاتەوە، هەروەها ئافرەتێک لەڕەمەزاندا لەسوڕی مانگانەدا بوو، شەو پاک بویەوە پێش بانگى بەیانى ئەوە واجبە بەڕۆژو بێت با خۆشى نە شتبێت .
3-تەوافی ماڵی خوا: ئافرەت لەکاتى سوڕى مانگانەدا ناتوانێت تەوافی کەعبەى پیرۆز بکات، وەک لە فەرمودەیەکدا بخاري و موسلیم ڕیوایەتیان کردووە پێغەمبەر (درودى خواى لێبێت) فەرمووى بە خاتوو عائیشەى خێزانى: کاتێک کەوتیتە سوڕی مانگانەوە هەموو ئەو شتانە ئەنجام بدە کەحاجی ئەنجامى دەدات بێجگە لەتەوافی کەعبەى پیرۆز، تا پاک دەبیتەوە.
4-چونە مزگەوت و مانەوە تیایدا : زانایان دەربارەى چوونى ئافرەت بۆ ناو مزگەوت و هاتوچۆکردن لەکاتى سوڕی مانگانە و زەیستانیدا ڕای جیاوازیان هەیە .
1-جەماوەرى زانایان ڕایان وایە: قەدەغەیە و حەرامە ئافرەت لەکاتى بێنوێژیدا بچێتە مزگەوت و تیایدا بمینێتەوە، بەڵام تێپەرین و پیاڕۆشتنى دروستە بە مەرجی پیس نەبوونى مزگەوتەکە، وەک پێغەمبەر (درودى خواى لێبێت) فەرمووى : "ان المسجد لایحل لحائض ولا لجنب" أخرجه ابن ماجه
واتە: مزگەوت ڕێگە پێدراو نیە بۆ ئافرەتى بێ نوێژو لەشگران.
2-ئیمامى شەوکانى لەکتیبی ( نیل الاوطار) ب: 1/212، دەفەرموێ: هەندێک لەزانایان وەک داود الظاهری و ئیمام موزەنى، فتوایان داوە کەدروستە بۆ ئافرەت لەکاتى سوڕی مانگانەدا بچێتە مزگەوت وتیایدا بمێنێتەوە، دیارە ئەمانیش بەڵگەى خۆیان هەیە، لێرەدا ناکرێت باسی هەمووى بکەین.
بۆیە ئافرەتان دەتوانن لەکاتى پێویستیدا ئیش بەم فتوایە بکەن بەئەندازەى پێویستیان.
+ ئەنجامدانى کاری سێکسی لەکاتى سوڕی مانگانەو زەیستانى لە نێوان ژن و مێردا، حەرامە لەوکاتانەدا ئافرەت لە سوڕی مانگانەدایە، یا زەیستانە پیاوەکەى بچێتە لاى و کاری سێکسی لەگەڵدا ئەنجام بدات.
خواى گەورە لە قورئانى پیرۆزدا فەرمویەتى: (و يسألونك عن المحيض قل هو أذى فاعتزلوا النساء في المحيض ولا تقربوهن حتى يطهرن)سورة البقرة الایة : (222).
مەبەست لە ئایەتەکە ئەوە نیە کە پیاو ژن پێکەوە نەخەون و یاری و گاڵتە لەگەڵ یەکتر نەکەن، بەڵکو مەبەستى سەرەکى قورئان قەدەغەکردنى کاری ژن و مێردایەتىیە بە شێوەى ڕاستەوخۆ.
دروستە پیاو و ژن چێژ لە یەکتر وەرگرن بەشێوەى ناراستەوخۆ، وەک پێغەمبەر (درودى خواى لێبێت) دەفەرموێت: "اصنعوا کل شىء الا النکاح" أخرجه مسلم
واتە: دەتوانن هەموو چێژێک وەرگرن بێجگە لە کاری سێکسی لە دەرەوەى نێوان ناوکء ئەژنۆ.
-ئەگەر ئافرەتێک کۆتایی بە سوڕی مانگانەى هات ئایا دەتوانێت لەگەڵ مێردەکەیدا کاری ژن و مێردایەتى ئەنجام بدات لەکاتێکدا هێشتا خۆی نەشۆردوە؟


زانایان لەم بارەوە بوون بە دووبەشەوە:
ا-جەماوەرى زانایان ڕێگەیان نەداوە و، قەدەغەیان کردووە دەفەرموون دواى تەواو بوونى سوڕەکە دەبێت خۆی بشوات وەک قورئان فەرموویەتى (حتى یطهرن) کەمەبەست پێی تاپاک دەبنەوە و خۆیان دەشۆن .
ب-ئیمامى ئەوزاعی فەرمویەتى: دروستە ئەنجامدانى کاری ژن و مێردایەتى پێش خۆ شۆردن، بەمەرجێ بەتەواوى کۆتایی بە سوڕی مانگانەکەى هاتبێ و شوێنى تایبەتى بە جوانى شۆردبێت.
ڕای بەهێز ڕاى جەماوەرى زانایانە لەڕووى بەڵگەوە، چونکە دەقی قورئانى پیرۆز و فەرمودەى لەسەرە، بێجگە لەوەش ئەم خۆشۆردنە شتێکى پەرستشیە ئەبێت ئەنجام بدرێت.


هەندێک دوورە پەرێزى دەکەن لە خێزانەکانیان لە کاتى سوڕی مانگانەیدا ئەوە پێچەوانەى ڕێسا و ئادابی ئیسلامە، پێغەمبەر (درودى خواى لێبێت) خۆی تێکەڵى خێزانەکانى کردووە لەکاتى سوڕی مانگانەدا لە هەموو کاروهەڵسوکەوتێکى شەوانەو ڕۆژانەدا لە رووى مامەڵەو خواردن و خواردنەوەو نوستن وهەموو جموجۆلێکى تر بێجگە کاری ژن و مێردایەتى.
وەکو چۆن حەزرەتى عائیشە (ڕەزاى خواى لەسەربێت)دەفەرموێت: "کنت اشرب وانا حائض ثم أناوله النبی فیضع فاه على موضع في، فیشرب " أخرجه مسلم .
واتە: ئاوم دەخواردەوە لە قاپێکدا لە کاتێکدا کەلە حەیزدابووم، پاشان ئەم دایە پێغەمبەر (درودى خواى لێبێت) دەمى دادەنا لەسەر ئەو شوێنەى من دەمم لەسەرى دانابوو پاشان ئاوەکەى دەخواردەوە.
ئەم فەرمودەیە بەڵگەیەکە پێغەمبەر (درودى خواى لێبێت) بە هیچ شێوەیەک دوورە پەرێزى نەکردوە لە خێزانەکانى لە کاتى حەیزداو هەموو شتێکیانى بەپاک و خاوێن داناوە، جیاوازى نەکردوە لە نێوان حاڵەتى پاکىو حەیزیاندا، بێجگە لە کاری ژن ومێردایەتى.
خوێندنى قورئان لەکاتى سوڕى مانگانەو زەیستانیدا


زانایانى فیقهى ئیسلامى چەند ڕایەکیان هەیە لەمەڕ ئەم مەسەلەیە:
بۆچونى یەکەم: جەماوەرى زانایان لە حەنیفیە و شافیعیە، حەنبەلیەکان لە ڕاى بەهێزیاندا فەرمویانە: حەرامە لەسەر ئافرەت لەکاتى سوڕی مانگانەو زەیستانیدا قورئان بخوێنێت.
بەم بەڵگەیە: عبدالله ى کوری عومەر دەگێرێتەوە کە پێغەمبەر (درودى خواى لێبێت) فەرمویەتى: "لاتقرأ الحائض ولا الجنب شیئا من القران" اخرجه الترمذي.
واتە : نابێت ئافرەت لە کاتى سوڕی مانگانەو لەشگرانیدا هیچ شتێک لە قورئان بخوێنێ .. دەڵێَََن
ئەم فەرمودەیە بەڵگەیەکى ڕوون و ئاشکرایە لەسەر حەرامیەتى قورئان خوێندن لەو دوو حاڵەتەدا.
بۆچونى دووەم: لە ڕاى باوەر پێکراوى مالکیەکان و لەڕایەکى حەنبەلیەکان دروستە بۆ ئافرەت لەکاتى زەیستانى و سوڕى مانگانەدا قورئان بخوێنێ بەم مەرجە:
-لەکاتى هاتنى خوێندا نە بێت
-بە مەرجێک دەست لە قورئانەکە نەدات.
بۆچونى سێیەم : ڕاى ابن تیمیە، دەفەرموێ ئافرەتى زەیستان یا لەکاتى سوڕی مانگانەدا دەتوانێت قورئان بخوێنێ کاتێ ترسى لە بیرچونەوەى هەبێت.
بۆچونى چوارەم: ابن حزم زاهیری و هەندێکى تر لایان وایە ئافرەت لەو دوو حاڵەتەدا دەتوانێ قورئان بخوێنێ بێ هیچ مەرجێک و لە هەموو کاتێکدا.
لە ئەنجامى ئەم لێکۆلینەوەدا گەیشتینە ئەم ئەنجامە: زانایانى فیقهى ئیسلامى لەمەڕ ئەم مەسەلەیە بوونە دووبەشى سەرەکى:
بەشى یەکەم: کە جەماوەرى زانایان دەڵێن حەرامەو دروست نیە.
بەشى دووەم: ڕێگەیان داوە ئافرەت لە هەردوو حاڵەتەکەدا قورئان بخوێنێ لەگەڵ ئەوەشدا هەریەکەیان مەرجێکى تایبەتى خۆی هەیە.
وە فەرمویشیانە ئەو فەرمودەى عبدالله ى کوری عومەر کەڕای یەکەم کردویانە بە بەڵگەو حوججە بۆ خۆیان فەرموودەیەکى لاوازەو نابێتە بەڵگە بۆ بەهێزکردنى راکەیان. هەموو ئەو فەرمودانەى لەم بارەوە هاتوون هەموویان فەرمودەى لاوازن و نەگەشتوون بەپلەیەک کە پشتیان پێ ببەسترێ و بگونجێن بۆ بەڵگەى شەرعى.
دووەمیش ئەگەر ئافرەت لە کاتى زەیستانى و سوڕی مانگانەدا ڕێگەى پێنەدرێت قورئان بخوێنێ بەتایبەتى جارى واش هەیە ئەو حاڵەتە درێژ دەبێتەوە دوایى لەکاتى پاکیدا ناتوانێت قەرەبووى بکاتەوە. وەهەندێ بەرژەوەندى دەفەوتێ وەک:
ا-ئەوەى لەبەرى کردبێت لە بیری دەچێتەوە.
ب-یا مامۆستای ئاینەو وانەى قورئانى هەیە هەموو هەفتەیەک دەبێت بیڵێتەوەو چار نیە .
ج-یاخود قوتابیەو ناکرێ وازى لێبهێنێت .

کەوابوو لەسەر ڕاى ئەم زانایانە دروستە خوێندنى قورئان لەوکاتانەدا.

-لەکاتى زەرورەتدا ئافرەتێک ئەگەر لەحەیزدابوو دەتوانێت دەست لەقورئان بدات؟ وەک ئەوەى لەجێیەک بیخاتە جێیەکى تر؟

جەماوەرى زانایان بەحەرامیان داناوە ئافرەت لەکاتى زەیستانى و سوڕى مانگانەدا دەست لەقورئان بدات، یا هەڵیبگرێت، بەڵام داودو ئیبن و حەزم ڕێگەیان داوە بەلەشگران دەست لەقورئان بدات و هەڵیبگرێت و بەخراپیان نەزانیوە.

بۆیە ئافرەتان دەتوانن لەکاتى پێویستیدا قورئان هەڵبگرن و لەشوێنک بۆشوێنێکى تر بیگوازنەوە.
-بۆئافرەتێک کەنوێژى لەسەر نیە دەتوانێت زیکرەکانى ڕۆژانەو شەوانە بخوێنێت، یان هەندێ لەسورەت و ویردەکان بخوێنت بەلەبەر؟ یان گوێى لێ بگرێت؟

+ ئەگەر زیکرەکان دوعابوون، ئەوا دەتوانێ بیانخوێنێت، بەڵام ئایەت و سورەتەکان دەبێت بەناوى زیکرو ویردەکانەوە بخوێنێت، بەم جۆرە ڕێگە پێدراوە.

-ئایا ئەو شتانەى کەئافرەتى حەیزدار نابێت بیکات، بۆ کەسى لەشگرانیش هەمان شێوەیە؟
+ دیارە هەمووئەوشتانەى بۆئافرەتێ لەسوڕى مانگانەدایە قەدەغەیە بۆلەشگرانیش هەمانشتە.
-ئەگەر قورئان لەناو مۆبایلدا بێت، کەسى لەشگران یان ئافرەتى حەیزدار دەتوانێت هەڵى بگرێت، یان بۆکاتى چوونە تەوالێت مۆبایلەکە بباتە ژوورەوە؟

+مۆبایل وەک دڵى مرۆڤ وایە کە قورئان خەزن بێت تیایدا، بۆیە هەڵگرتنى مۆبایل و بردنى بۆتەوالێت، دروستەو ڕێگە پێدراوە.


خـێـزان

10 ئامۆژگاریی ئاڵتونی بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ سێكس

10 خوو ، ژن ده‌یكات و پیاو پێی ناخۆشه‌

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

گـــوێـــــز لــــە مـــــاســـی بـاشــتــرە بـــۆ دڵ

رێژەیەكی بەرز لە ئۆمیگا3 لەخۆ دەگرێت

زۆرترین بینراو