پیاوان كۆدی یاسای فرەژنیی لە هەرێم دەشكێنن

هەواڵی / 19/11/2019 1022 جار بینراوە

بەندكردن و غەرامە نەیترساندون
پیاوان كۆدی یاسای فرەژنیی لە هەرێم دەشكێنن

شه‌ن پرێس:
ئاژانس – دیمەن ئیسماعیل
ئەو پیاوانەی یاسای فرەژنی دەشكێنن، پەنا بۆ مارەكردنی لە لای مەلا دەبەن، یاسای ڕێگرییش تەنیا 6 مانگ زیندانی و 10 ملیۆن غەرامەیە، بۆیە ئەوانەی دەوڵەمەندن ڕزگاریان دەبێت، ڕێژەی فرەژنییش لە ساڵی پاردا هەڵكشاوە بۆ 6.8% و لە 10ساڵی ڕابردووش نزیكەی 900 حاڵەتی فرەژنی تۆمار كراوە.

سەڵاح. ج، تەمەن ٤٠ ساڵ، دانیشتووی شاری هەولێرە، بە هۆی ئەوەی دەوڵەمەندە و گوزەرانی باشە  سێ ژنی هێناوە و هەریەكەشیانی لە ماڵی جیادا داناوە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ژنەكانم ڕازی نەبوون ژنی تر بهێنم، بەڵام بە هۆی تاپۆكردنی خانوویەك بە ناویانەوە ڕازیم كردن״.

بە پێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان كە دەست ״ئاژانس״ كەوتووە، لە ساڵی پاردا بە ڕێژەی 6.8% ژن و كچی تەمەن (١٥-٤٩) سەربەهەوێ شوویان كردووە.

بە پێی ئەو داتایانەی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان وەر گیراون، ساڵی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٨ فرەژنی بەرز بووەتەوە بە تایبەت لە پارێزگای هەولێر 5.3% بەرز بووەتەوە بۆ 9.6%، لە دهۆك2.9% بووە بە 6.5% لە سلێمانی لە 5.7% بووە بە 4.5%..

ئەگەرچی یاسای ڕێگریی لە فرەژنی پەسند كراوە و كارپێكراوە، بەڵام ڕێگریی لە فرەژنیی پیاوان نەكردووە.

جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بە پێی ئەو یاسایەی پەرلەمان، هەر كەسێك ژنی دووەم و سێیەم بهێنێت یاساكانی شكاندبێت، ئەوا پیاوەكە سزا دەدرێت لە ٦ مانگ بۆ ساڵێك زیندانی و غەرامەی ١٠ ملیۆن دیناریش دەكرێت״.

״زۆرێك لە ژنان خۆیان سكاڵا ناكەن بۆ ئەوەی دادگا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە بكات كە ژنی دیكە دەهێنن و  بۆیە سزا نادرێن.״، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمان وای وت.

سەلمە. ف، تەمەن ٢٥ ساڵە، دانیشتووی سلێمانییە و مێردەكەی ژنێكی دیكەی بەسەردا هێناوە و بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״مێردەكەم پێی وتم ژنی تر دەهێنم و ڕازی نەبووم، بەڵام بەبێ ئاگاداریی من، لای مەلا ژنی دووەمی مارە كرد و  هێنایە سەر ماڵ و پێی وتم: ״ئەگەر ڕازی نیت بڕۆرەوە بۆ ماڵی باوكت״.

״نەمتوانی سكاڵام لە دادگا بكەم و بە ناچاری ئەو دۆخە و ژنی دووەم و ژیانی ئێستام قبووڵ كردووە״، سەلمە وای وت.

بە پێی ئامارێكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم لە ساڵی پاردا 89 حاڵەتی فرەژنی لە هەرێم تۆمار كراوە و ساڵی پێشتر 2017 ڕێژەكە 41 حاڵەت بووە.

بە پێی یاسای باری كەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ لە ساڵی ٢٠٠٨دا هەموار كراوەتەوە، ئەو كەسەی ژنی دووەم دەهێنێت بە پێی یاساكە دەبێت ژنەكەی نەخۆش بێت، ڕێگەی پێ بدات ژن بهێنێت و توانای سەرجێیی نەبێت، ئەگەر سەرپێچی بكرێت سزا دەدرێت.

به‌پێ ئامارێكی دیكەی بەڕێوەبەرایەتیی پلان و ئاماری هەرێم لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٧ لە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمدا ٣٦٤ هەزار گرێبەستی مارەبڕین تۆمار كراوە، كە ٨٤٣  گرێبەستیان ژنهێنانی دووەم و سێیەم بووە بە شێوەی یاسایی.

پەروین حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەو هۆكارانەی وای كردووە پیاوان ژنی تر بهێنن حەز و ئارەزووی پیاوان و كولتووری كۆمەڵگە و دەوڵەمەندییە.״

״قورستركردنی مەرجەكان یارمەتیدەری بەرگرتنە لە دیاردەی فرەژنی و پێویستە یاساكەش هەموار بكرێتەوە، بەدواداچوونمان بۆ كەیسەكان كردووە، بەشێكی زۆریان لە دەرەوەی دادگا ژنی دووەم و سێیەم دەهێنن״، پەروین حەسەن وا دەڵێت.

زۆرترین بینراو