کاوە محەمەد لەبارەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکەی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

هەواڵی / 14/11/2019 694 جار بینراوە

کاوە محەمەد لەبارەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکەی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

کاوە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکی خۆی لە بەرنامەیەکدا کە گفتوگۆ لەگەڵ هاوڵاتییەکدا دەکات، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات “هەرچی زووە ئەو گرتە ڤیدیۆییە بسڕنەوە”.

لە ڕونکردنەوەیەکدا کاوە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند:”ماوەیەکە لەڕێی چەند پەیج و پێگەیەکی فەیسبووک و ئینستاگرام-ەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە بەرنامەی (ھاووڵاتی و دەسەڵات)ی کەناڵی NRT دووبارە گەرم کراوەتەوە کە تێیدا بەندە میوانداری کرابوو، کە بەداخەوە گرتەکە بەشێوەیەکی زۆر بەربڵاو بڵاودەکرێتەوە و سەرەنجام ناوزڕاندن و شێواندنی وێنەی ھاونشتیمانییەکی بەڕێزی لێکەوتووەتەوە”.

کاوە محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد :”بەندە وەکو میوانی بەرنامەکە لێرەوە بە ھەموو شێوەیەک ئەو جۆرە کارانە بە نەشیاو و دژ بە ئامانجێکی سەرەکی خۆم و بەرنامەکەی دەزانم کە بریتییە لە دەربڕینی ئازادانەی هاونیشتیمانیان”.

ئەو پەرلەمانتارە داواشیکردووە، خاوەنی ئەو پەیج و ئەکاوەنتانە ھەرچی زووە بوەستن لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە کارانە و ئەوەی بڵاوکراوەتەوە بسڕدرێتەوە و چیتر نەبنە ھۆکاری ئەزێتدانی دەروون و تێکدانی ئارامی ژیانی کۆمەڵایەتی ھیچ کەس و خانەوادەیەک تەنھا لە پێناو چەند لایک و کۆمێنتێکی بێ بەھا.
.

زۆرترین بینراو