ئه‌مه‌ سۆزی منه‌ بۆ ڕسول الله له‌ یادی هاتنه‌ دنیایدا و له‌ یادی مردنیشدا كه‌ هه‌ردوكیان له‌ ربیع الاول دا بوون

هەواڵی / 12/11/2019 290 جار بینراوە

ئه‌مه‌ سۆزی منه‌ بۆ ڕسول الله له‌ یادی هاتنه‌ دنیایدا و له‌ یادی مردنیشدا كه‌ هه‌ردوكیان له‌ ربیع الاول دا بوون

 
بسم الله‌ الرحمن الرحیم
(لقد جا‌و كم رسول من انفسكم عزیز علیه‌ ماعنتم حریص علیكم بالمؤمنین رؤوف رحیم فان تولوا فقل حسبی الله‌ لااله‌ الا هو علیه‌ توكلت وهو رب العرش العظیم).
به‌ڕێزان و خۆشه‌ویستان به‌ گوێچكه‌ی دڵ گوێ بگرن له‌م جاڕدان و بانگه‌وازه‌, له‌م وه‌صف وپێناسه‌, بۆ موحه‌مه‌دی كوڕی عبدالله‌ كه‌ كردی به‌ په‌یام هێنه‌ر و ناردی بۆ مرۆڤایه‌تی, له‌ناو ته‌واوی گه‌لانی سه‌ر ڕووی زه‌ویدا, له‌ناو ئه‌و هه‌موو شار و گوند و شوێنه‌ جوان و ئاوه‌دان و دڵڕفێنه‌ی جیهاندا, له‌ بیابانێكی لماوی و له‌ شارێكی وشك و برنگدا, له‌ ناو گه‌لێكی نه‌خوێنده‌وار و دوور له‌ شارستانی دا, له‌ نێو خه‌ڵكانێكدا كه‌ زۆرێك له‌ هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاریان نامۆ و نه‌شیاو بوو,له‌ڕوی دیندارییه‌وه‌ بتپه‌رست بوون ته‌نها له‌ ناو كه‌عبه‌ی ماڵی خوادا سێ صه‌د و شه‌ست بت دانرابوو به‌ ئه‌ندازه‌ی ڕۆژه‌كانی ساڵ, له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه‌ ده‌سته‌ڵاتدار بێ ده‌سته‌ڵاتی ده‌هاڕی و ده‌یخوارد, له‌ڕوی بازرگانی و بازاڕه‌وه‌ سه‌ریان كردبووه‌ سووخواردن, مه‌یخواردنه‌وه‌ له‌ ناویاندا وه‌ك ئاو خواردنه‌وه‌ وه‌هابوو, كۆیله‌ و به‌ندایه‌تی هێنده‌ زۆر بوو بازاڕی هه‌بوو وه‌ك مه‌یانی ئاژه‌ڵ فرۆشتنه‌كان, مێینه‌ و ئافره‌ت هیچ نرخ و پێگه‌یه‌كی نه‌بوو ته‌نها وه‌ك هۆكارێكی ڕابواردنی پیاوان سه‌یر ده‌كران هیچ مافێكیان نه‌بوو بگره‌ زینده‌ به‌چاڵیش ده‌كران و به‌ مایه‌ی سه‌ر شۆڕی و خه‌جاڵه‌تی داده‌نران, كوشتن و شه‌ڕ له‌سه‌ر شتی بێ نرخ باو بوو له‌ناویاندا, ته‌نانه‌ت وشه‌ی بسم الله‌ الرحمن الرحیم له‌ناویاندا نامۆ و غه‌ریب بوو ڕازی نه‌ده‌بوون له‌سه‌ر په‌یماننامه‌ و زاریان ده‌ربكه‌وێت, ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ حاڵی گه‌لی عه‌ره‌بی ئه‌و ڕۆژوو سه‌رده‌مه‌ بوو بێت وه‌نه‌بێ حاڵی گه‌لانی تری دنیا له‌وان باشتر بوبێت و مرۆڤایه‌تی له‌ ترۆپكی ئازادی و ئارامی و پێكه‌وه‌ ژیاندا بوو بێت, بگه‌ره‌ صه‌د خۆزگه‌ت ده‌خواست به‌م داماوانه‌ كه‌ به‌ ساده‌یی مابونه‌وه‌ هێشتا هه‌ندێ ده‌رد و دیارده‌ی پیس و قیزه‌ون له‌ ناویاندا سه‌ری هه‌ڵ نه‌دابوو وه‌ك گه‌لانی خاوه‌ن شارستانییه‌ت و به‌ ناو پێش كه‌وتووی ئه‌و زه‌مانه‌ وه‌ك: مرۆڤ لێ بوون به‌خوا یان خوشك و دایك وكچی خۆ به‌ هاوسه‌ر كردن . له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ شه‌ڕی خوێناوی ته‌ماع بازی و فراوانخوازی و به‌شه‌ڕدانی كوڕی خه‌ڵك بۆ سه‌یر و صه‌فای ئاغایان و هه‌ركامیش ژێر بكه‌وتایه‌ ده‌بوو سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ بیكوشتایه‌, باله‌مه‌ زیاتر نه‌ڕۆم و بێمه‌وه‌ خزمه‌ت ئه‌و سه‌روه‌ر و نووری چاوه‌, ئه‌و به‌ سۆز و میهره‌بانه‌, ئه‌و حه‌كیم و حورمه‌ت زانه‌, ئه‌و مانگی تابان و ڕۆژی ئاسمانه‌, ئه‌و خه‌مخۆره‌ دڵسۆز و لێزانه‌, ئه‌و شاكاره‌ی ده‌ستی په‌روه‌ردگار كه‌ چل ساڵ ده‌ستی پێوه‌ی بوو چاوی لێی بوو په‌روه‌رده‌ی كرد تاگه‌یشته‌ لوتكه‌ی عاقڵی و پیاوه‌تی و بیركردنه‌وه‌ و تیاڕامان و سه‌رنجدان و خه‌م و خه‌فه‌ت خواردن بۆ ڕزگاری ئه‌م ئینسانه‌ ڕێزگیراوه‌ له‌م زه‌لكا و شه‌وه‌زه‌نگی نه‌فامی یه‌, ئاله‌و كاته‌ وله‌و ته‌مه‌نه‌دا خوای به‌دیهێنه‌ر و په‌روه‌ردگار كه‌شتی ڕزگاری دایه‌ ده‌ست ئه‌م بێ ده‌ست و ئه‌م بێ كه‌سه‌ , مه‌شخه‌ڵی ڕێی دایه‌ ده‌ستی ئه‌م چاوساغه‌ ئه‌مین و ڕاستبێژ و شیر باكه‌, تا خه‌ڵكی ده‌ربهێنێ له‌ تاریكستانی نه‌فامی و كوفر بۆ ناو چراخانی عه‌قڵ و ئیمان, تا مرۆڤایه‌تی ڕزگار بكات له‌و سته‌مه‌ی به‌ ناوی دینه‌وه‌ شوێن كه‌وته‌ی ئاینه‌كان ده‌یان كرد بۆ ناو دادپه‌روه‌ری ئیسلام, تا پێیان بڵێ ژیان هه‌رئه‌مه‌ نی یه‌ چه‌ند ڕۆژێك بژیت و بمریت و بوكژێته‌وه‌ بۆ تاهه‌تایی به‌ڵكو له‌و دیویش ژیان هه‌یه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و تۆ بۆ نه‌مری دروستكراوی له‌وێ له‌ قیامه‌ت كه‌ ده‌رگاكه‌ی به‌ مردنت ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌ست پێ ده‌كات, به‌ڵێ نیگا و سروشی بۆ نارد به‌ فریشته‌یه‌كی ئه‌میندا له‌ خۆی ئه‌مینتر پێی وت بخوێنه‌ و بیگه‌یه‌نه‌ و بانگیان بكه‌ و صه‌برت هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م باره‌ سه‌نگینه‌ , گوێ به‌ گاڵته‌ كردنیان مه‌ده‌, ئێش و ئازاری فه‌لاقه‌یان كۆڵت پێ نه‌دا, سه‌یری بێ كه‌سی و بێ ده‌ستی خۆت مه‌كه‌ دڵنیابه‌ سه‌ر ده‌كه‌ویت و ئه‌م په‌یامه‌ ده‌گاته‌ هه‌موو كون و قوژبنێكی ئه‌م جیهانه‌, ئه‌ویش مه‌ردانه‌ و حه‌كیمانه‌ هێدی هێدی و دانه‌ دانه‌ كه‌وته‌ كار و ئاوی گوێچكه‌ دان و خه‌به‌ركردنه‌وه‌ و داچڵه‌كان و مژده‌پێدان, یه‌ك بوو به‌ دوو دوو بوو به‌ ده‌ و ده‌ بوو به‌ صه‌د, نهێنی ئاشكرا بوو, له‌ موحه‌مه‌دی راستگۆ و ئه‌مینه‌وه‌ بوو به‌ درۆزن و كوڵێنانی و ساحر وسه‌ر لێ شێواو, جه‌نگ به‌رپا بوو ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئابڵۆقه‌ و گه‌مارۆی تیرۆر كردن و وه‌ده‌رنان و جه‌نگی جه‌بهه‌ و ئابوری و هه‌تا دوایی .... عاقیبه‌ت سه‌ركه‌وتن و لێ خۆشبوونیان و ده‌نگدانه‌وه‌ و گه‌یاندنی په‌یام بۆ ڕۆژ هه‌ڵات و ڕۆژ ئاوا, دروست بوونی شارستانیه‌تی ئیسلامی له‌ ژێر سایه‌ی ئیمان و ئه‌خلاق و مافه‌كانی مرۆڤ و بگره‌ مافی گیاندارانیشدا, ئای ئه‌و وه‌صفه‌ كه‌ پڕبه‌ پێستی یه‌تی كه‌ ده‌ڵێ: (وانك لعلی خلق عظیم), ئای ئه‌م شاهیدی یه‌ كه‌ هه‌قه‌ كه‌ ده‌ڵێ: وماارسلناك الا رحمه‌ للعالمین. وه‌اللهی ته‌واوه‌ له‌خۆمان بۆ خۆمان دڵسۆزتره‌ النبی اولی بالمؤمنین من انفسهم. سوێند به‌ خوا كه‌ریمه‌ كوڕی برایه‌كی كه‌ریمه‌, وه‌ك براكانی یوسفیش وتیان تالله‌ لقد اثرك الله‌ علینا به‌ڵام ئه‌ویش مه‌ردانه‌ وتی لاتثریب علیكم یغفرالله‌ لكم. به‌ڕێزان ئێستا بڕوا ده‌كه‌ن كه‌ خوا به‌ لامی قه‌سه‌ و به‌ قه‌دی تحقیق سوێند ده‌خوا و ده‌فه‌رموێ بۆتان نێرراوه‌ پێغه‌مبه‌رێك له‌ خۆتانه‌ ئاده‌میزاد و به‌زمانی خۆتان قسه‌ ده‌كا ئه‌ی عه‌ره‌ب به‌ ئازار و ناڕه‌حه‌تیتان دڵی ئێشی پێ ده‌گات , خه‌مخۆرتانه‌ دڵسۆزتانه‌ به‌سۆز و میهره‌بانه‌ شوێنی بكه‌ون قازانجتانه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ن ئه‌و خوایه‌ دۆست و پشتیوانیه‌تی كه‌ خوای ئاسمان و ڕێسمان و عه‌رش و كورسی و كه‌ش كه‌شانه‌كانه‌. گوێش بگرن له‌ مه‌لا محمدی خاكی ئه‌حمه‌د بڕنده‌یی چۆن وه‌صفی سه‌روه‌ر ده‌كات و ده‌ڵێ:
ببارێنی خودا بارانی هه‌رچی فه‌یز و ئیحسانه‌
له‌سه‌ر ئه‌و باعیسی خه‌ڵك و گوزیده‌ی جه‌معی ئه‌كوانه‌
ده‌می سوبحس ئه‌زه‌ل داكا هه‌تا شامی ئه‌به‌د بڕژێ
به‌یه‌ك تاو بێ نه‌كو تاو تاو وه‌كو تاوی به‌هارانه‌
به‌سۆزه‌ی نه‌ونه‌سیمی گوڵ شه‌میمی لوتفه‌وه‌ داكا
نه‌سیمی نیسبه‌تی هه‌ق دانه‌یه‌كی كا به‌ سه‌د دانه‌
له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێ:
به‌ها, نه‌, به‌ڵ به‌هانه‌ی پێ ئه‌وێ قوربان شه‌فاعه‌ی تۆ
به‌هانه‌ جورمه‌,ده‌سمایه‌م ته‌واوه‌ له‌م به‌هانانه‌
ڕه‌جای تاجی شه‌فاعتیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌ر به‌ سه‌ودا بێ
منی عاصی ئومێدێكم ئه‌گه‌ر بێ هه‌ر گوناهانه‌
سوهایی بێ به‌هام عه‌زمه‌ حوزوری حه‌زره‌تی ڕۆژبم
دیاری نادیاری حه‌سبی حاڵی نادیارانه‌
گه‌دا دیاری ده‌با بۆ شا ولێكین كه‌م به‌ فیكری زۆر
قبوڵ فه‌رموو كه‌ریمانه‌ له‌من دیاری فه‌قیرانه‌
ئه‌بێ خاكی ئه‌تۆ خۆت چی و دیاری تۆ ئه‌بێ چی بێ
له‌ بۆ شاهی عه‌ره‌ب هه‌رگیز نه‌ڵێی ئه‌م شیعره‌ كوردانه‌
مه‌گه‌ر شاهی ڕوسول هادی سوبول سه‌رخێڵی جومله‌ و كول
به‌ ئیحسانی بكا ته‌حسین بڵێ وه‌ك شیعری حه‌سانه‌
مه‌لا محمدی خاكی له‌ دێی ئه‌حمه‌د بڕنده‌ له‌ ساڵی 1255 كۆچی له‌ دایك بووه‌ و له‌ساڵی 1326 كۆچی دوایی كردووه‌ ئه‌م شیعرانه‌ی خاكی به‌ چه‌كامه‌ی نوور مه‌شهور بووه‌ یه‌ك دوو رۆژ پێش مردنی وتویه‌تی

زۆرترین بینراو