ئەگەر کەسێک بەهۆى زیناوە سکیپڕ بوو چەندە گوناهبار دەبێت؟

هەواڵی / 8/11/2019 788 جار بینراوە

- حوکمى زینا کردن لە ئیسلامدا چییە؟
-ئەگەر کەسێک بەهۆى زیناوە سکیپڕ بوو چەندە گوناهبار دەبێت؟
-ئایا ئافرەتێک لەڕێى زیناوە سک پڕبوبێت دەتوانێت سکەکەى لەبار بەرێت؟

د. احمد الشافعي

وەڵام:
+ مرۆڤى باوەڕدار دەبێت هەمیشە لایەنى ژیرى و زیرەکى زاڵ بێت بەسەر لایەنى سۆزو ئارەزووەکانیدا، ناکرێت ئیرادەى لاواز ویژدان و ژیرى شکست پێبێنێت و لەکۆنترۆڵ کردن و دەست بەسەرا گرتنى ڕەفتارە جوان و بەهاباڵاکانى نێو کۆمەڵگەدا بە تەواوى دەربچێت.
مرۆڤى باوەڕدار و ژیر و تێگەیشتوو نابێت فێڵى لێ بکرێت و بخەڵەتێنرێت، هەروا بەسانایى لە خشتە ببرێت و فریو بخوات، حەزرەتى عمر (خواى لێ ڕازى بێت) فەرمویەتى: (لست بالخب، ولا يخدعني الخب ).
واتە: من فێڵباز نیم، فێڵبازو فریودەریش ناتوانێ بم خەڵەتێنێت و لە خشتەم بەرێت، فریو خواردن ئەنجام و ئایندەیەکى گەشى نیە.( سەیرى کتێبى ئارەزوى سێکسى لەتەرازوى ئیسلامدا بکە)
ئاینى پیرۆزى ئیسلام بە شێوەیەکى گشتگیر دەڕوانێتە مرۆڤ وەک لاشەو عەقڵ و ژیرى و گیان پێکەوە، بەتێڕوانینێکى هاوسەنگانە لەنێوان داخوازییەکانى لاشەو گیاندا، بەدەم خواست و پێداویستیەکانیەوەیە ، بۆیە هەر تێکچونێکى ئەو هاوسەنگییە گرفت و ترس و بیم و دڵەڕاوکێ و خراپەو پچڕانى شیرازەى خێزانى لێ فەراهەم دێت.
دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کارى سێکسى ئەو ساتە وەختەیە کە دەکرێت شەیتان لەمیانەیەوە مرۆڤ فریوبدات و ژیانى تێک بدات و پەیامى ڕاستەقینەى لەژیاندا پەک بخات.
ئارەزووى سێکسى یەکێکە لە غەریزە بەهێزو توندەکانى مرۆڤ و زۆر مەترسیشى لەسەر مرۆڤ هەیە، گەر بەخراپى ئاڕاستە بکرێت، هەرکات جڵەوى بۆ شل کراو هیچ بەربەستێکى ئاینى و ڕەوشتى نەما، ئەو کات شیرازە تێکدەچێت و کۆمەڵگا دەشێوێت و نەوەو وەچەکانى ون و سەرگەردان دەبن.(سەیرى کتێبى فقە السنە:ب2:ل712بکە) .
هەربۆیە خواى گەورە مرۆڤەکان وریا دەکاتەوە نزیک نەبنەوە لەناپاکى و داوێنپیسى و کارى ناڕەوا، هەروەک فەرمویەتى: (ولا تقربوا الزنى إنەکان فاحشە وساء سبیلا)) الڕسراء 32.
واتە: هەرگیز توخنى زینا نەکەون و لێی نزیک نەبنەوە، چونکە بەڕاستى زینا گوناه و تاوان و هەڵەو ڕێچکەیەکى زۆر خراپە.
پێغەمبەریش (درودى خواى لێبێت) فەرمویەتى: "لا يزني الزاني حين يزني وهو مؤمن" متفق عليه
واتە: زیناکەر لەکاتى زیناکەدا باوەڕى نییە.
لە دەیان فەرمودەدا پێغەمبەرى ئازیز هۆشیارى دەدات بەخراپى دەرئەنجامى کارى بەدڕەوشتى، چ لەسەر تاک و چ لەسەر کۆمەڵگە، زینا هۆیەکى ڕاستەوخۆیە بۆ بڵاوبونەوەى نەخۆشییە ترسناکەکان، کە لاشەى ئادەمیزاد لەناو دەبەن، لەوانە نەخۆشى ئایدز و چەندان نەخۆشى تر.
زینا یاساى ماڵ تێکدەدات و قەوارەى خێزان دەهێنێتە لەرزەو پەیوەندى ژن و مێردایەتى دەپچڕێنێت و دەبێتە هۆى خراپى بارى پەروەردەى منداڵەکان و پەرتەوازەبوون و لادان و تاوان کردن. لەزینادا ڕەگەزو بنەماڵە وون دەبێت، هۆیەکە بۆتێکچوونى شیرازەى تاک و خێزان و کۆمەڵگا. بەتایبەتى کەسى تاوانبار توشى ترس و دوو دڵی و پەژارەى بەردەوام و ترسان لەئابڕوچوون و شەرمەزارى دەبێت، هزرو بیرکردنەوە و ژیرى دەشێوێ، هەمیشە هزرى پەرت و کەم بەرهەم دەبێت ، بیرو هۆش ڕۆیشتوو و دەرون شکستە خواردوو و لاشە ماندووە. لەبەر پرسیاریەتى سەرشانى هەڵدێت، خۆگرى و ئارامى کەمدەبێتەوە و توشى نەخۆشى دەرونى دەبێت و هەنێ جار ژیرى لەدەست دەدات.
بێجگە لەمانەش خەشم و توڕەیى خواى بەسەردا دەبارێت و بەڵاو موێیبەت ڕووى تێدەکات و بەرەکەت لەماڵ و تەمەن و منداڵەکانیدا نامێنێت، ڕێزو کەسایەتى خۆى ووندەکات و متمانەى نامێنێت، تەنانەت لەنێو کەسوکارە نزیکەکانیشیدا. ئەمە ئەنجامى کارى زینایە هەر چرکە ساتێکى مردنێکە لەدونیادا.
تایبەت بەو منداڵەى کە دروست بووە لەڕێگە نادروست و ناشەرعیەوە، ئایا دەتوانرێت لەبار ببرێت یان چى لێبکرێت؟
ئەوکاتە ئەو ئافرەتە هەستى کرد کە سکى هەیە، ئینجا زیاتر هەست بەتاوان و کارە خراپەکەى دەکات و دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بووە خۆى لێ ڕزگار و قوتار بکات، چونکە ئەو منداڵە سبەى ڕۆژ کەس ڕووى نایەت خۆى بکاتە خاوەنى و بیگرێتە خۆى و پەسەندى نێو کۆمەڵگەش نابێت، هەروەها دەبێتە هۆى دەرخستن و پەردە لادان لەسەر تاوانەکە و ئاشکرا بوونى ئەو ئافرەتە و ناو زڕان و لەکەدار بوونى ئەو خێزان و خانەوادەیە و ئابڕو چوونیان.
دەربارەی ئایا زینا هۆکارێکە بۆ لەباربردن و لەناوبردنى ئەو کۆرپەلەیە، زانایانى فیقهى ئیسلامى بوونەتە دوو بەشەوە:
بەشى یەکەم: حەنەفیەکان- حەنبەلیەکان دەڵێن: دروستە لەباربردنى کۆرپەلە پێش ئەوەى گیان بچێت بەبەریا، ئیتر ئەو کۆرپەلە بە ڕێگەیەکى دروست پەیدا بووبێت یان نادروست، بەڵام دواى ئەوەى گیان کرا بەبەریا بەهیچ شێوەیەک دروست نییە.(سەیرى حاشیەى إبن عابدین، ب1:ل602 بکە).
بەشى دووەم: شافعیەکان: ڕێگەیان داوە بەلەباربردنى کۆرپەلە کە دروست بوبێت لەڕێگەى ناشەرعیەوە پێش گیان بەبەراکردنى، بۆ ئەمەش شافعیەکان بەس چل و دوو ڕۆژى یەکەمیان داناوە، زۆربەیان پێیان وایە دوای چل و دوو ڕۆژ جۆرێک لەگیان دەچێتە ناو ئەو کۆرپەلەوە.(سەیرى نهایە المحتاج: ب8 ل416 بکە)
ڕاى پەسەند:
من پێم وایە ئەمڕۆ جیاوازە لەگەڵ ئەو ڕۆژگارەى پێشوودا (الفتوى تتغیر بتغیر الزمان والشخص)، واتە فتوا دەگۆڕێت بەگوێرەى کات و شوێن و سەردەم و کەس، بۆیە دەبێت جیاوازى بکرێت لەنێوان ئافرەتێکدا بەویست و حەزو ئارەزووى خۆى، بێ هیچ زۆر لێکردنێک ئەو تاوانەى ئەنجام داوەو ئێستا سکیپڕە، لەگەڵ ئەو ئافرەتەى کە بێ ویست و ئارەزووى خۆى بەزۆر و ناڕەوا کارى واى لەگەڵدا ئەنجامدراوەو پاشان سکیپڕ بووە.
حاڵەتى یەکەم: ئەوەى بەویست و ئارەزوو پێخۆشبوونى خۆى بەرەو ئەو کارە ناڕەوایە چووە، پاشان سکى پڕبووە، ئەوە خۆى ئارەزوومەندو ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ ئەنجامدانى ئەو کارە و دروستبوونى ئەو کۆرپەلەیە، بۆیە هیچ پاساوێکى شەرعى نیە بۆ لەناوبردنى و کوشتنى ئەو کۆرپەلەیەو نابێت قوربانى پێ بدات لەپێناوى هەڵەو تاوانەکانى خۆیدا، ئەو منداڵە گوناهو تاوانى نییە. خواى گەورە دەفەرموێت: (ولاتزر وازرة وزر أخرى) الانعام الایە 164 .
واتە: هیچ کەس تاوانى کەسێکى تر هەڵناگریت. بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەو ئافرەتەى هاتە خزمەت پێغەمبەر (درودى خواى لیبَبێت) دانى نا بەتاوانەکەیداو وتى: سکیپڕە بەهۆى ئەو زیناوە. پێغەمبەر نەى فەرموو بڕۆ منداڵەکەت لەناو بەرە، بەڵکو فەرموى بڕۆ چاوەڕێ بکە تا ئەو منداڵەت دەبێت و پاشان وەرەوە، کەوابوو نابێت بۆى بپۆشرێت دەبێت سزاى خۆى وەرگرێت، ناکرێت تاوانەکە بکرێتە دوو تاوان، تاوانى زیناو پاشانیش تاوانى کوشتنى کۆرپەلەیەکى بێتاوان. ئەوەى زانایانى فیقهى ئیسلامى فەرمویانە پێش گیان لەبەرکردن ڕێگە دراوە بەلەناوبردن، ئەوە تایبەتە بەسکێک کە لە ڕێگەى گرێبەستێکى شەرعى و دروستەوە بوبێت (عقد صحیح). ئەوەى لە ڕێگەى زیناوە بوبێت ئەم ڕوخسەتەى بۆ نیە، ڕوخسەت لە شتى حەڵاڵ و ڕێگە پێدراودا دەبێت، نەک لەشتى تاوان و گوناهدا، بەگوێرەى یاساى (السد الذرائع)، چونکە ئەگەر ڕێگە بدرێت هەرکەس تاوانى زیناى کرد گەر سکى بۆ دروست بوو دەتوانێت لەناوى بەرێت پێش چوار مانگى یەکەم، ئەوە دەبێتە ڕێگە خۆشکردنێک و دەرگا کردنەوەیەک بۆکارى ناڕەواى زیاتر، بەڵام ئەوەى تاوانى لەگەڵدا دەکرێت و بەزۆر دەستدرێژى دەکرێتە سەرى، حوکمى جیاوازەو زانایان ڕێگەیان پێداوە پێش (120) ڕۆژ، گەر سکى بوو لەبارى ببات.
بۆیە پێشنیار دەکەم:
- ئەوەى توشى ئەو تاوان و کارە ناڕەوایە بووە، لەنێوان خۆى و خواى گەورە تۆبەیەکى ڕاست و دروست بکات و جارێکى تر نەگەڕێتەوە سەر ئەم کارە ترسناکە ئابڕوبەرەو قێزەونە.
- پێش چل و دوو ڕۆژ شافعیەکان ڕێگەیان داوە بۆ ئەو جۆرە کەسانە کە سکەکەیان لەبار بەرن، دەتوانن بەگوێى ئەم فتوایە بکەن.
- جێگەى خۆیەتى حکومەتى هەرێم خانەیەکى تایبەتى هەبێت بۆ بەخێوکردن و پەروەردەکردنى ئەم جۆرە منداڵانەى کەلەو ڕێگە نادروستەوە پەیدا دەبن و سەرپەرشتیان بکرێت و پشتگوێ نەخرێن.
- هیچ خزم و پەیوەندیدارێکى ئەو ئافرەتە بۆى نیە پەنا بەرێتە بەر کوشتن و لەناوبردنى ئەو ئافرەتە بەناوى شەرەفەوە، هەر سزاو تۆڵەیەک هەبێت دەبێت لەڕێگەى یاساو حوکم و دادگاوە بێت.
{{ئەگەر بتوانن زۆر ترین کۆمینت بنوسن تا زۆرترین خەلک بیبینێت و سودی لئ وەربگیرێت ( الدال على الخیر کفاعله) "ئەدمین"}}

زۆرترین بینراو