“کارمەندەکان خۆیان هەڵیانپچڕیوە”.. زانیاری زیاتر لەسەر دۆزینەوەی حەب لەناو کێکی تورکیدا

هەواڵی / 3/11/2019 664 جار بینراوە

“کارمەندەکان خۆیان هەڵیانپچڕیوە”.. زانیاری زیاتر لەسەر دۆزینەوەی حەب لەناو کێکی تورکیدا

 

شه‌ن پرێس : ناس

شەوی ڕابردوو لاپەڕەی فەرمیی قائمقامیەتی قەزای دوکان لە فەیسبوک ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەر بە قەزاەکە دەست بەسەر جۆرێک لە کێکی تورکیدا گیراوە کە حەبی تێدا بووە.


سیروان سەرحەد، قائیقامی قەزای دوکان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو، شەممە 2ی تشرینی دووەمی 2019، “لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ناحیەی پیرەمەگرونەوە ئاگادارکراوینەتەوە کە جۆرێک حەبیان دۆزیوەتەوە لەناو کێکێکی تورکیدا و ئەوانیش لیژنە تەندروستییەکانیان ڕاسپاردوە کە لێکۆڵینەوەی ورد بکەن لەبارەیەوە”.

پێشتر گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوکرایەوە کە گوایە هەمان ئەو کێکە حەبی تێدا بووە، بەڵام حەبەکە زۆر بچوکترە لەو حەبەی کە قایمقامیەتی دوکان دەڵێت دۆزراوەتەوە.

لە وێنەکاندا دوو حەب دیارە لەناو کێکەکەدا، بەڵام ڕەنگی نەگۆڕاوە و بە سپێتی ماوەتەوە، هیچ ئاسەوارێکیشی لەسەر نییە.

سیروان سەرحەد ئاماژەی بەوەکرد: “لەدوای پشکنین و بەدواداچونەکانی لیژنەی چاودێری تەندروستی، دەست بەسەر ئەو کێکەدا گیراوە و ئەمڕۆش بەمەبەستی پشکنینی وردتر بۆ جۆری حەبەکە کێکەکە دەنێرینە سلیمانی بەمەبەستی تاقیکاری تەندروستی”.

قایمقامی قه‌زای دوكان باسی لەوەشکرد: “ئێمە تائێستا نازانین ئەو حەبە چۆن لەناو ئەو کێکەدا بووە بەڵام دوای دەست بەسەرداگرتنی کێکەکە بەفەرمی داوامان لە هاوڵاتیان کردووە کە بەهیچ شێوەیەک ئەو کێکە نەکڕن تاوەکو ئەنجامی لیکۆڵینەوە و تاقیکارییە تەندروستییەکان تەواو دەبێت”.

هاوکات بەکر عەبدولرحمان، بەڕێوبەری ناحیەی پیرەمەگرون بە ناس کوردی وت: “چەند ڕۆژێکە ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەند ڤیدۆیەکمان بینوە کە باس لەوە کراوە ئەو جۆرە کێکە تورکیە حەبی تێدایە بۆیە لیژنەکانی خۆمانمان ئاگادارکردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە بکەن بۆ ئەوە تەندروستی هاوڵاتیانی سنورەکەمان بپارێزین”.

“ئەندامانی لیژنەکانى قایمقامیەت خۆیان کێکەکەیان هەڵپچڕیوە”

“لیژنەکانمان دەستیان بە گەڕان و پشکنینی ئە جۆرە کێکە کردوە لە چەندین فرۆشگا و  مارکێتێکی سنورەکە، شەوی ڕابردوو ئەندامانی لیژنەکەمان خۆیان لە یەکێک لە مارکێتەکانی پیرەمەگروندا چەند کێکیان لەو جۆرە کێکە تورکیە هەڵپچڕیوە و بینویویانە ئەو جۆرە حەبەی تێدایە.” بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگرون وای وت.

بەکر عەبدورەحمان وتیشی: “کارمەنداکانمان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر سەرجەم ئەو کێکانەیان پشکنیوە کە لەو مارکێتەدا لەو جۆرە کێکە بوون، و پێیان ڕاگەیاندووین کە چەند کێکێکی دیکەش هەمان جۆر حەییان تێدا بووە”.

بەڕێوبەری ناحیەکە وتیشی: “ئەمڕۆ نوسراوی فەرمی بۆ تەندروستی و قائمقامیەتی سلێمانی دەکەین و ئەو جۆرە کێکەی لە دەستمان بەسەردا گرتوە بۆیان دەنێرین بۆ ئەوەی بەفەرمی بۆمان دەربکەوێت کە ئەو جۆرە حەبە چییە و دواتریش لێکۆڵینەوەی تەواوی خۆمان دەکەین”.

پێشتریش دوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆیەکی هاوشێوە، محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “ئاگاداری بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەین و ئەو بابەتە دوورە لە ڕاستییەوە و دڵنیاییش دەدەینە بە هاوڵاتیانیشدا کە هیچ ترسێکیان نەبێت لەو ڕووەوە و ئەگەر هەر گومانێکیان هەبێت لەسەر هەر جۆرە بەرهەمێک ئەوا بەدڵنیاییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن

ئەو جۆرە کێکەی کە دەوترێت حەبی تێدابووە ناوی لۆپۆ چۆکۆیە و دروستکراوی کۆمپانیای شولەن لۆگۆسۆی تورکیە کە خاوەنی 200 جۆری دیکەی کێک و قاوەن، بەرهەمەکانیان بۆ زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەنێرن.


زۆرترین بینراو